“گۆڕانی نەخشەی سیاسیی هەرێم”

فەرید دڵشاد- نووسەر

هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردنێكی چارەنووساز، چونكە لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ یەكەمینجارە هەڵبژاردن لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە سەرپەرشتی دەكرێت و جۆرێك لە دڵنیایی لەلایەن حزبەكان دروستكردووە، تاكو هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد بێت.

دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنە، كەمكردنەوە و دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا، كاركردن بە لیستی دەنگدەرانی عیراق كە پێشتر لیستی دەنگدەرانی هەرێمی ناوێكی زۆر دووبارە و مردووی تێدابوو، هەمووئەمانە وادەكات ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری لە كورسی حزبەكاندا بێنێتە ئاراوە.

لەم هەڵبژاردنە بەشێك لە حزبەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رێژەی كورسییەكانی دادەبەزێت، جگە لەو هۆكارانەی كە لەسەرەوە باسمانكرد، خراپی بەڕێوەبردنی حكومڕانی ئەم چوارساڵەی رابردوو لەلایەن بارزانی كوڕەوە لە نەبوونی مووچە و كەمی خزمەتگوزاری هۆكاری سەرەكی دەبێت بۆ دابەزینی دەنگەكانی ئەو حزبە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێداچوونەوەی جددی بە سیاسیەتی خۆیدا كردووە و خەڵكی لێی رازین، هەر لە وەرگرتنەوەی قودسی كوردستان و رێكخستنەوەی ناو ماڵی حزبەكەی و بوونی سەرۆكێكی بەهێزی خاوەن بڕیار وا دەكات دەنگەكانی ئەو حزبە روو لە هەڵكشان بكەن و تەنانەت داوای وەرگرتنەوەی پایتەخت دەكات.

هەرچی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە چاوەڕوان دەكرێت دەنگەكانیان وەك خۆیان بمێنێتەوە بە گۆڕانكاری كەمەوە، چونكە هەندێكیان پۆپۆلیست ئاسا كاردەكەن و ئێستا باڵۆنەكەیان خەریكە فشدەبێتەوە هیچ روئیا و ستراتیجێكیان نییە، هێندەی خەریكی قسەی بازاڕیی ناو سۆشیال میدیان بۆ لایك و كۆمێنت، هێندە سەرقاڵی كاری سیاسی نین.

بەپێی ئەو لێكدانەوانەی سەرەوە بێت لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ حزبێك لە هەرێمی كوردستان ناتونێت دەنگێكی وەها بەدەستبهێنێت كە بەتەنیا حكومەت دروستبكات، هەروەها هیچ حزبێكیش نییە زۆرینەیەكی وا بەدەستبهێنێت خۆی بەبراوەیەكی وابزانێت كە زۆربەی پۆستەكان بۆ خۆی بەرێت، بەمەش هاوكێشەی سیاسی دەگۆڕێت.

جیا لەوەش دوور نییە دوای هەڵبژاردن  هەندێك حزب هاوپەیمانی پێكبهێنن و بەرامبەر بە ئەو حزبەی زۆرینەی هەیە، ئەوان هەوڵی پێكهێنانی حكومەت بدەن و سەرۆكی حكومەت لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەربگرنەوە یاخو سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرن، بەمەش دەڵێن گۆڕانی نەخشەی سیاسی هەرێم.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی

Comments are closed.