سەعدى ئەحمەد پیرە- وتەبێژى یەنەکە
یادكردنەوەی كارەساتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦، هەڵدانەوەی قەتماغەی برینی سەختی ساتە ناخۆشەكانی شەڕی براكوژی ئەوێ ساڵان نییە، بەقەدەر ئەوەی بیرهێنانەوەی رووداوێكی تراژیدیی ناخهەژێنی سەردەمێكە كە ململانێی سیاسی ناتەندروست، بەرۆكی هێزە كوردستانییەكانی سەر ساحەی خەباتی كوردایەتی گرتبوو، لەنێوان دوو لایەنی سەرەكی كە لە هزر و ئایدیای سیاسیدا جیاواز بوون، بەڵام هەردووكیان لە مەیدانی خەباتی كوردایەتیدا هاوخەبات و هاوچارەنووس بوون.
لە هەموو قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەیی و لە شۆڕشە رزگاریخوازەكانیشدا ململانێی سیاسی كارێكی راست و رەوایە، چونكە لایەنەكانی هەر بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕیی دید و ئایدیای جیاوازی خۆی هەیە، ئەگەرچی لە ئامانجە ستراتیژییەكاندا هەموویان لەژێر یەك چەتری خەباتی گشتیدا كۆدەبنەوە، بۆیە لە كوردستانی خۆشماندا ئاساییە ئەگەر جیاوازی و مونافەسەی سیاسی لەنێوان لایەنەكانیدا هەبێت، گرنگ ئەوەیە هەندێ سەوابتی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەن كە نابێت بە هیچ شێوەیەك دەستكاریی بكرێن، یان سەوداسەرییان پێوە بكرێت.
لە دونیای سیاسەتدا دەستەواژەیەك هەیە زۆرجار دووبارە دەبێتەوە، ئەویش قسەكەی (نیكۆلۆ ماكیافیلی) یە كە دەڵێ: (الغایة تبرر الوسیلة) واتا بۆ گەیشتن بە مەرام هەموو كارێك رەوایە. ئەمە ئەگەر بۆ گەمەی سیاسی و دبلۆماسی راست بێت، بەڵام بۆ بەزاندنی سەوابتی شۆڕشگێڕی و خەباتی نەتەوەیی هیچ كات راست و دروست نەبووە و نییە. لەسەرووی هەمووشیانەوە (خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی) یە، چونكە هیچ ئامانجێكی سیاسی نابێت بەكاری خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانی رەوایەتی پێ بدرێت.
ئەوەی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا روویدا، خیانەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی بوو بەهەموو پێوەرێك، چونكە پەنابردن بۆ هێزێكی دوژمنكاری سەرسەختی وەكو رژێمی بەعس كە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانی كوردانی كردووە و خاوەن سێگۆشەی تەعریب و تەهجیر وتەبعیسی كورد و تەنانەت خاوەنی هێرشی ناڕەوای ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بێتاوانی دەستبەسەركراوی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان بوو كە هەمووشیان خزم و كەسی ئەو سەركردایەتییەی پارتی بوون كە بە بنەماڵەوە لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی رابردووەوە سەركردەی ئەو حزبە بوون، ئەمە هیچ رەوایەتی تێدا نەبوو، لەلایەكی تریشەوە هەوڵدان بۆ پشتشكاندنی هێزێكی هاوپەیمانی سەردەمی شۆڕش و حوكمڕانیی دوای راپەڕینی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هیچ پاساوێكی عەقڵانیی تێدا نەبوو. بەتایبەتیش ئەگەر لە روانگەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە بۆی بچین، یەكێتی سەرباری سەركردایەتیكردنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و ئەندازیاری راپەڕینی جەماوەری كوردستان و دامەزرێنەری پەرلەمان و حكومەتی سەربەخۆی هەرێم، هێزی دووەمی سەر ساحەكەش بوو، مافی خۆی بوو لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسیدا شەریكی راستەقینەی حوكمڕانی كوردستان بێت.
ئەم كارەساتە هەر تەنها بۆ داگیركردنی هەولێر و سەپاندنی حوكمی تاكڕەویی پارتی نەبوو، بەڵكو تاوانێكی جینۆسایدی ئاشكرای دەیان و سەدان ئەندام و لایەنگری توركمان و كریستیان و هێزە عەرەبییە ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی عیراقیش بوو. ئەو هێزانەی رۆژگارێك بووبوونە ئومێدی گەلانی عیراق بۆ رزگاربوون لە دەست رژێمی دیكتاتۆری سەدام حوسێن.
كاتێك لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، یادی ئەم كارەساتە تراژیدییە دەكەینەوە، مەبەستمان تەنها بە بیرهێنانەوەی نەوەی ئێستایە بەم كارە خیانەتكارییە. بۆئەوەی كاتێك دەنگدەری گەنجی دوای ئەم كارەساتە دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان، بە دەستی خۆی و بە ئیرادەی خۆی رێگریی بكات لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی لەمشێوەیە. بۆئەوەیە هەر ئەو گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەی بەدەستی حوكمی تاكڕەوی خۆسەپێنەوە تووشی كارەساتی هاوشێوە نەبێتەوە و ئەم لاپەڕەی خیانەت و خۆبەدەستەوەدانەی دەسەڵات بە هێزی ئیقلیمی، دابخرێت و لەجیاتی ئەوە، ململانێی سیاسیی تەندروست لەسەر بنەماكانی دیموكراسی و تەبایی و هاوپەیمانیی، چارەنووسی خۆی دیاریی بكات. بۆئەوەی خوێنی ئەو هەزاران قوربانییەش لەبیر نەكرێ كە بوونە سووتەمەنی ململانێیەكی خوێناوی نادروست و ناڕەوا، تەنها بۆ سەپاندنی حوكمی تاكڕەویی لەم كوردستانەدا كە خۆی لە بنەڕەتدا كۆمەڵێكی فرەنەتەوە و فرەهێز و فرە ئایینن، نابێ و ناكرێ تەنها یەك حزب و یەك رەنگ بڕیار لە چارەنووسی ئەم نەتەوە و هەرێمەكەمان بدات.
ئ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی نووسەر خۆیەتی
Comments are closed.