سلێمانی
تا دێت هەوڵەکان و ناڕەزایەتییەکانی ژنان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی زیاتر دەبن، چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنانیش دەڵێن: ئەم یاسایە دژی دەستووری عێراقییە، چونکە دەستووری عێراقی داوای دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان تاکی عێراقی دەکات، هەموارکرنەوەی ئەو یاسایە پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵانە.
لە ٤ـی ئابى ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموواری یاسای باری کەسى ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ کرد، بەپێی وتەی شارەزایان لە هەمووارەکەدا مەزهەبگەرایی و تائیفەگەریی قوڵدەبێتەوە و مافەکانی ژنان و منداڵانیش پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەک لە کاتی جیابوونەوەى ژن لە مافی دایەنی و میرات بێبەش دەکرێت، هاوکات ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و هاوسەرگیریکردن لە دەرەوی دادگاکان دەدات.
لە بارەی مەترسیی و لێکەوتە نەرێنییەکانی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان، بەشێک چالاکوانانی بواری ژنان لە سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
لەو بارەیەوە سارا عەلی، نوێنەری ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان وتی: هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و پێشلکردنی مافی منداڵ و زەوتکردنی مافی خوێندن و ژیانی منداڵە کچەکانمان، دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژ زیاد بکات ئەگەر توندوتیژی جەستەیی نەبێت توندوتیژى دەروونی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە یەکێکە لە خراپترین توندوتیژییەکان کە بەرامبەر مرۆڤ بکرێت، بە هەوڵی چەند لایەنێک دەیانەوێت عێراق ٦٥ ساڵ بگەڕێتەوە بۆ دواوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئیمزای هەندێک پەیماننامەی کردووە لە بوارەکانی مافی ژن و منداڵ و مافی مرۆڤ و یەکسانی تاک، ئەم یاسایە دژی دەستووری عێراقییە، چونکە دەستووری عێراقی داوای دادپەروەریی و یەکسانی لە نێوان تاکی عێراقی دەکات.
هەروەها پەروین حەسەن، چالاکوانی مافەکانی ژنان وتی: لایەنە شیعەکان دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بسەپێنن بەسەر عێراق و لایەنە سوونەکاندا، شیعەکان خۆیان کۆمەڵیک ڕێگەیان هەیە وەک هاوسەرگیریی میسیار، دەیانەوێت لە ڕێگەی منداڵەکانەوە ئەم هاوسەرگیرییە جێگیر بکەن لە عێراقدا، بە تایبەتی ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێت کاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان و تاکی کۆمەڵگە هەیە.
ئەو چالاکوانە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەمواری ئەو یاسای خستەڕوو و وتی: هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی توندوتیژیی و جیابوونەوە و پێشێل کردنی مافەکانی ژن و منداڵان، خێزانەکان پەرتەوازە دەبن، لە هەموو ڕوویەکەوە یاسایەکی نامرۆڤانەیە، دژ بە مافەکانی مافی مرۆڤە بە گشتیی و منداڵان و ژنان بە تایبەتی.
ب. جـ
Comments are closed.