هەڵەبجە
بۆ برەودان بە تواناكانی ژنان و هاندانیان بۆ كاركردن لەبواری سەربازییدا، قایمقامی هەڵەبجە بە هاوبەشی ڕاوێژكاری هێزەكانی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، وۆرك شۆپێكی بۆ ژمارەیەك لە كچان و ژنانی هەڵەبجە، لەناو بینای قایمقامییەتی شارەكە ئەنجامدا.
لە وۆرك شۆپەكەدا ڕاوێژكاری هێزەكانی هۆڵەندا باسی لەوە كرد، دەمانەوێت ژنان و كچان لە كوردستان هۆشیاربكەینەوە بەشداربن لە كەرتی سەربازییدا، بەهۆی ئەوەی ئێستا ڕێژەی ژنان لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا تەنها لە ١٪ و دەمانەوێت ئەو ڕێژەیە بەرز بکەینەوە بۆ نزیكەی لە ١٠٪ ..
نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ لەگەڵ ڕاوێژكارانی كۆنسوڵییەی هۆڵەندا تایبەت بەبەشداریكردنی ژنان لە سێكتەر و كەرتی سەربازیدا، ئەم وۆرك شۆپەمان ئەنجامدا، ئامانجمانە لەم ڕێگەیەوە زیاتر هانی ژنان و كچان بدەین بچنە كەرتی سەربازییەوە، لە پۆلیس و ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە لە ئێستادا ڕێژەیەكی زۆر كەم لەژنان بەشدارییان هەیە لەناو هێزەكان و كەرتی سەربازیدا، ئەمجۆرە وۆرك شۆپانە زیاتر هانی گەنجان دەدات بۆ ئەوەی بەشداربن لە كەرتی سەربازیدا.
ئاوێز عەلی خوێندكاری كۆلێژی یاسایە بەشداری لە وۆرك شۆپەكەدا كردووە و لەمبارەیەوە وتی: گرنگە ئەمجۆرە وۆرك شۆپانە بۆ ئێمەی گەنجان، دەمانەوێت زیاتر هانمانبدرێت ژنانیش بەشداریبكەن لە بواری سەربازییدا، لە ئێستادا ڕێژەیەكی زۆر كەم لە ژنان هەن لەناو بوارەكەدا كار دەكەن.
ب.گ
Comments are closed.