ناوەندی هەواڵەكان
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە، بانكی ناوەندیی عێراق بۆ پرسی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لیستی ناوی ئەو بانكانەی، کە مۆڵەتپێدراوان و لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە، ڕەوانەی دادگای فیدراڵی كرد.
دکتۆر نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ناوی بانكە مۆڵەت پێدراوەكان بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە وەڵامی نووسراوێكی دادگای باڵای فیدراڵی، پەیوەست بە پرسی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بانكی ناوەندی لیستی ژمارە و ناوی ئەو بانكانەی ناردووە بۆ دادگای فیدراڵی، كە مۆڵەتپێدراون و لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە و كاردەكەن.
بەپێی نووسراوەكەی بانكی ناوەندی، لە كۆی ٦٦ بانكی مۆڵەتپێدراو ٣٤ بانك لە شاری هەولێر و ١٨ بانك لە سلێمانی و ١١ بانك لقیان لە شاری دهۆك هەیە.
هەربەپێی لیستەكە لە كۆی حەوت بانكی حكومەتی فیدراڵ، تەنیا یەك بانك كە بانكی بازرگانی عێراقە لقی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هەیە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری تەوتینكردن و ڕێكخستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانى دەركرد، بە پێی بڕیارەكەش دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگە بانکە فیدراڵییەكانەوە مووچەكانیان وەربگرن.
هـ.ئ
Comments are closed.