لە كەركووك گرووپێكی چەتەكانی داعش دەستگیركران

ناوەندی هەواڵەكان

ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی عێراق بڵاوی كردەوە، بەهاوبەشی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم لە ئۆپەراسیۆنێكی ورددا توانرا لە كەركووك گرووپێكی مەترسیداری چەتەكانی داعش دەستگیر بكەن، كە ژمارەیان سێ كەسە.

ئاژانسی هەواگری و لێكۆڵینەوەى فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و دەستگیركردنی چەند چەتەیەك لە كەركووك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، تیمەكانیان لە ئاژانسی هەواڵگری و بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ڕووبەڕووبوونەوەی تــیرۆر لە كەركووك و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم توانیویانە گرووپێكی مەترسیدارەی داعش لەسنووری کەرکوک دەستگیر بكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، ژمارەی ئەو چەتانەی دەستگیركراون سێ كەسە، هەروەها ئەندامانی گرووپەكە دانیان بەوەدا ناوە كە چەندین كردەوە و هێرشیان لە كەركووك و دیالەو سەڵاحەدین ئەنجامداوە.

لە كۆتایدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو چەتانە بەپێی ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەی سەرەتاییان لەگەڵ كراوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار كراون.

هـ.ئ

Comments are closed.