ناوەندی هەواڵەکان
پەرلەمانتارێکی عێراق ئیدانەی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانی مەدەنیی لە خەلەکان دەکات و ڕایگەیاند، بە فەرمی داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە، سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنرێت، ئەوەی سیخوڕیی بۆ ئەو کارانە دەکات، بەشدارە لە تاوانی گەورە دەرهەق بە گەلەکەی.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، لە نووسینێکدا ئیدانەی تاوانی شەهیدکردنی موزەفەر حسێن و دوو منداڵەکەی کرد.
سۆران عومەر دەڵێت: ئیدانەی ئەم بۆردوومانە بێ پاساوە دەکەین و بە فەرمی داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە سنوورێک بۆ ئەم تاوان و پێشێلکارییەی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان دابنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەشی لە ناوخۆ سیخوڕیی بۆ ئەو کارانە دەکات بەشدارە لە تاوانی گەورە دەرهەق بە گەلی خۆی.
دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لە نزیکی شارەدێی خەلەکان کرد، بە هۆیەوە “موزەفەر حسێن” و دوو کوڕی بە ناوەکانی “محەمەد موزەفەر تەمەن ١٨ ساڵ و موبین موزەفەر تەمەن ١٤ ساڵ” شەهیدبوون.
ب. جـ
Comments are closed.