ناوەندی هەواڵەکان
ژنانی دووگیان لە ئەفغانستان بە هۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی خزمەتگوزاریی لە بنکە تەندرووستییەکان و نەبوونی قاوشەکانی منداڵبوون لە دەستدانی کۆرپەلەکەیان دەترسن.
دامەزراوەی بەرهەمهێنانی میدیایی (بی بی سی) بەریتانی، لە بارەی بارودۆخی سەختی ژنانی دووگیان لە ئەفغانستان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا لێدوان لە ژنێکی دووگیان بە ناوی فەرخوندە کە دانیشتووی پارێزگای بەدەخشانە لە باکووری ئەفغانستان وەرگیراوە و و وتوویەتی: دەترسم لەدایکبوونی دووەم منداڵم ببێتە هۆی مردنم یان مردنی منداڵەکەم، چونکە نەخۆشخانەی٦٠ قەرەوێڵەیی منداڵبوون لە مانگی تەمووزەوە داخراوە.
نەخۆشخانەی ٦٠ قەرەوێڵەیی لە لایەن ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی بەڕێوەدەچێت، لەوبارەیەوە ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بەهۆی کەمی بودجە هیچ بژاردەیەکی تریان نییە، جگە لە بڕیارێکی قورس بۆ داخستنی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش داخستنی نەخۆشخانەکە ڕۆژانە ١٥ نەشتەرگەرییان لە سەنتەرەکەدا ئەنجام دەدا.
دەشڵێن، لە ئێستادا تەنها نەخۆشخانەیەکی ٣٠ قەرەوێڵەیی تایبەت لەو پارێزگایە هەیە و خزمەتگوزاریی پێشکەش بە دایکانی دووگیان دەکات، کە دوو پسپۆڕ و چوار پزیشکی تێدایە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی یونیسێف، یەک لەسەر سێی ژنان لە دەرەوەی بنکە تەندرووستییەکان منداڵیان دەبێت، بەهۆی ئەو سنووردارییە کۆمەڵایەتییانەی تاڵیبان سەپاندویەتی، هەروەها لە دوایین داتاکانی یونیسێف، لە دوایین ڕێژەی مردنی دایکان لە ساڵی ٢٠٢٠، لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵێک لە ئەفغانستان ٦٢٦ حاڵەتی مردن هەبووە، لە ساڵی ٢٠٢٣، ٣٧ حاڵەتی مردن لە هەر هەزار منداڵدا تۆمار کراوە.
ب. جـ
Comments are closed.