سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ ڕاوێژكارێكی سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق دەرکرا

ناوەندی هەواڵەكان

ئەنجوومەنی دادوەری باڵای عێراق بڵاوی كردەوە، لە سەر سكاڵایەكی پەرلەمانتار فالح خەزعەلی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر ڕاوێژكارێكی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق سەپێندرا.

ئەنجوومەنی دادوەری باڵای عێراق سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیندانیكردن بەسەر ڕاوێژكارێكی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ڕاگەیەندراوێکى بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەر سكاڵایەكی پەرلەمانتار فالح خەزعەلی و بەپێی ماددەی ٢٠٢ لە یاسى سزادانی عێراق سزایی حەوت ساڵ زیندانیكردن بەسەر موهەند نەعیم ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق سەپێندرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو سكاڵایە لەسەر پۆستێكی موهەند نەعیم تۆماركراوە، کە لەسەر خەڵكی ناوەند و باشوور نوسیبووى و تێیدا لە پێگەى کۆمەڵایەتى دانیشتوانى ئەو ناوچانەى کەمکردبوەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای تاوانەكانی بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەیسەم جبووری ڕاوێژكاری پێشووی مستەفا كازمی دەركرد، بەهۆی زیادبوونى سەروەت و سامانەكەیەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.