حاجیاوا
مامۆستا عومەر شارستێنی ڕایدەگەیەنێت، دەستی چەپەڵی دوژمن ئەمە یەکەم هیوا و ئاواتمان نییە لە گۆڕی دەنێت و ئاخرینیشیان نابێت، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرەبێت، دەشێڵێت: ئێمە گلەیی ئەوە لە بەرپرسانمان ناکەین کە سەردانی ماڵەکانمان ناکەن گلەیی ئەوەیان لێدەکەین، کە نەهێڵێن خوێنمان بڕێژرێت و ڕۆڵەکانمان بکەونە ژێر غەزەبی درۆنەوە.
ئەمڕۆ، مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی خەلەکان کە لە نزیکی شارەدێی خەلەکان شەهیدبوون، لە گۆڕستانی ماکۆک لە شارۆچکەی حاجیاواى سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، دوای بە خاک سپاردنەکەش مامۆستا عومەر شارستێنی مامۆستای دیاری ناوچەکە سەبارەت بەو بابەتە قسەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد.
ئەو مامۆستایە لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: نشتیمانمان سەروەری لێسەندراوەتەوە و ڕۆژانە دەیبیستین کە درۆن هاوڵاتینمان دەکاتە ئامانج، ئەو کەسانە هەرکێ و هەر لایەنێکبن پێویستە بەرپرسانمان لە سەروەری و سنووری خۆیان بپرسنەوە.
مامۆستا عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، هەتا کەی دەبێت ئاوا داگیرکەران، خوێنڕێژان و کاسەلێسەکانیان بەم جۆرە تەسفیەی حساب و هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن، زۆر گلەییمان لە دەسەڵاتدارانی خۆمان هەیە چۆن دەبێت ئاوا ئێمە ڕادەست بکەن بۆ ئەوەی ڕەشەکوژمان بکەن، بمان سووتێنن و کۆمەڵکووژمان بکەن و هیچ کەسێکیش لیپرسیەنەوەیان لەگەڵدا نەکات.
وتیشی: گرنگ نییە کە چەند کورسی دەهێنن لە پەرلەمان، گرنگ ئەوەیە تا کوێ خاکی خۆتت پێدەپارێزرێت، سەروەری خاک و نیشتیمان و میلەتی خۆتت پێدەپارێرێت، ئێمە گلەیی ئەوە لە بەرپرسانمان ناکەین کە سەردانی ماڵەکانمان ناکەن گلەی ئەوەیان لێدەکەین کە نەهێڵێن خوێنمان بڕێژرێت، سنوورمان ببەزێندرێت و ڕۆڵەکانمان بکەونە ژێر غەزەبی درۆنەوە.
ئەو مامۆستا ئاینیە باسی لەوەشکرد، دەستی چەپەڵی دوژمن ئەمە یەکەم هیوا و ئاواتمان نیە لە گۆڕی دەنێت و ئاخرینیشیان نابێت، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بێت، ئاڵۆزی و کێشەی ناوخۆی زۆر ترسناکە، شەڕە بەرژەوەندی و شەڕە حزبى ماڵی ئێمەی کاول و وێران کردوە.
ئ.م
Comments are closed.