“کۆمەڵگای دۆڕاو’ـی هەرێمی کوردستان!”

کەمال چۆمانیی

چەند سەرنجێکی خێرا پەیوەست بە کوشتنی هاووڵاتییانمان لەلایەن تورکیاوە و بێدەنگیی کۆمەڵگا و حکومەتەکەی:

حامید بۆزئەرسەلان، رۆشنبیری بەناووبانگی کورد، لە محازەرەی ساڵانەی زانکۆی رۆژئاڤا، هاوکات لە کۆنفرەنسێکیش لە بەرلین -لەوەی بەرلین بەشداربوم- لێکۆڵینەوەکەی پێشکەشکرد کە باسی لە کۆمەڵگای دۆڕاو کرد، ئەو کۆمەڵگایانەی دابەشبو و بێتوانا و پەرتەوازەن کە ناتوانن ئەلتەرناتیڤی نوێ پێشبخەن. ئەو تیۆرییەکەی لەسەر کۆمەڵگای فەڵەستینییە کە هەمان شتیش بۆ کۆمەڵگای کوردستان دەگونجێ. ئەو پێیوایە کۆمەڵگای فەڵەستینیی کۆمەڵگایەکی تێکشکاو و دابەشبو و پەرتەوازەیە کە نەیتوانیوە لەدوای ئینتیفازەی ٢٠٠٠ شتێکی نوێ بەرهەمبهێنێ.

بۆزئەرسەلان دەڵێت <<کۆمەڵگای فەڵەستینی کۆمەڵگایەکە لە قەیران دایە چونکە کۆمەڵگایەکی دۆڕاوە.>> بۆزئەرسەلان تیۆرییەکەی لەسەر فیکری ئیبن خەلدون داڕشتوە کە دەڵێت: <<کۆمەڵگا دۆڕاوەکان مێژویان نییە؛ مێژوەکەیان هی ئەوانەیە کە کۆنترۆڵیان کردون.>>

بە هەمان شێوەش، کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی عێراق دوای راپەڕینی ١٩٩١ نەیتوانیوە ئەلتەرناتیڤێکی نوێ پێشبخات. حیکایەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٤ کۆتایی دێ. لەدوای ٢٠٠٣ هەوڵدرا ئەو کۆمەڵگایە خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام زو لۆردانی نەوت ئەوەشیان لەباربرد. دۆخەکە لە ٢٠٠٩ کەمێک جوڵا بە هۆی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەڵام لەبری بەرەوپێشچون هێندەی تر پەرتەوازەیی و دابەشبون و ملهوڕی دروستبو. حیکایەتە ئابورییەکەی هەرێمی کوردستان ئەویش لە ٢٠١٣ کۆتایی دێ. حیکایەتە ناسیۆنالیستییەکەشی لە ٢٠١٧ کۆتایی دێت. حیکایەتی کابینەی خۆڕاگریش دەبێتە خۆڕانەگری و ملهوڕی سیاسیی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک نوێنەرایەتیی خەڵکەکەی ناکات و شەرعییەتی دیموکراسی و جەماوەریی نییە، تەنانەت کار و کردەوەکانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانیشە. بەڵام خەڵک توانای بەرهەمهێنانی ئالتەرناتیڤی نییە، بێگومان تا ئێستا. لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا، دینامیکییەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیریی هەیە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەلتەرناتیڤێک.

لە پەیوەست بە تورکیاوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی پرۆکسییەکی تورکیا دەگێڕێ. چاوەڕێکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبێت بەرانبەر تورکیا، خەیاڵپڵاوییە چونکە حکومەت ئەگەر هەڵوێستێکی هەبێ دژ بە پەکەکە دەبێ نەک دژ بە تورکیا.

بۆیە دەبێ خۆی خاوەندارێتیی لە خۆی بکا لەڕێی خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسییەوە و سنوردارکردنی هێرشەکانی تورکیا بکاتە ئامانجی. بەڵام کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکی دۆڕاوە، هەروەک کۆی کۆمەڵگاکانی دیکەی نیشتیمانی عەرەبی و بە کۆمەڵگای تورکیاشەوە. ئەو کۆمەڵگایانە ناتوانن بجوڵێن و خاوەندارێتیی لە سەروەریی کۆمەڵگاکەیان بکەن.

با نمونەکە رونتر بکەمەوە. تەواوی جیهانی عەڕەبی دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر غەزە، بەڵام هیچ کۆمەڵگایەکی عەرەبی نەیتوانیوە ١٠٠٠ کەسیش لە شەقامێک کۆبکاتەوە. کۆمەڵگای دۆڕاو خاوەنی مێژوی خۆی نییە و ناتوانێت تەعبیر لە خۆی بکا و خۆی رێکبخات. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایانە مەحکومن بەوەی بێ بەرهەمهێنانی ئەلتەرناتیڤێک، هەرگیز نابنە بکەری خۆیان.

ئەو کۆمەڵگای باشوری کوردستانە هێشتا گلەیی لە پارتی و حکومەتی هەرێم دەکات کە بۆچی بێدەنگە لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا لە کاتێکدا کۆمەڵگاکەمان دەزانێت پارتی هاوکارە یا ئاسانیکاریی دەکات بۆ هێرشەکانی تورکیا. ئەمە پارادۆکسێکە تەنها لە کۆمەڵگای دۆڕاو رودەدا.

ب.گ

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی تایبەتی نووسەر خۆیەتی.

Comments are closed.