ناوەندی هەواڵەکان
تەرمی شەهید بورهان سەعید، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە چوارتا بۆردوومان کرا، بە مەڕاسیمێکی جەماوەریی لە گۆڕشتانی سەیوانی دوو لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی هەرمێلە لە سنووری شارۆچکەی چوارتا کرد و بە هۆیەوە سێ هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناوی بورهان سەعیدە و خەڵکی گوندی چەمەکە، دووانەکەی تر بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییانەوە نەناسراونەتەوە.
پاش دەرهێنانی تەرمەکانیان، ڕەوانەی پزیشکی دادی شاری سلێمانی کران، بۆ ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکانیان، سەرەتا وابڕیاربوو کە هەرسێ تەرمەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵام کەسوکاری شەهید بورهان سەعید بڕیاریاندا کە تەرمی شەهیدەکەیان لە گۆڕستانی سەیوانی دوو لە شاری سلێمانی بەخاک بسپێرن.
بۆ ئەو مەبەستەش تەرمی شەهید بورهان سەعید، لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە بەرەو مزگەوتی حاجی ئەبوبەکری سیوەیلی بەڕێکرا و دواتر لە گۆڕستانی سەیوانی دوو بە مەڕاسیمێکی جەماوەریی بەخاک سپێردرا.
هەروەها تەرمی دوو شەهیدەکەی تر وابڕیارە بگەڕێنرێنەوە بۆ شارۆچکەی چوارتای سەر بە شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەوێ بەخاک بسپێردرێن.
ب.گ
Comments are closed.