ڕەوتی هەڵوێست: هیچ بیانوویەک بۆ تاوانەکانی تورکیا نییە و پێشێلکارییە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانیی ڕایگەیاند، هیچ بیانوویەک بۆ ئەم تاوانە و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیی بێتاوان نییە، لە قوربانییەکاندا منداڵ هەیە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی لە گوندی هەرمێلە لە سنووری شارۆچکەی چوارتا کرد و بە هۆیەوە سێ هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناوی بورهان سەعیدە و خەڵکی گوندی چەمەکە، دووانەکەی تر بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییانەوە نەناسراونەتەوە.

لەمبارەیەوە ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانیی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و ئیدانەیان کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بۆ دووەم ڕۆژ لە سەریەک، درۆنەکانی تورکیا شەش هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانیان کردە قوربانی، هیچ بیانوویەک بۆ ئەم تاوانە و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیی بێتاوان نییە، لە قوربانییەکاندا منداڵ هەیە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕوونە.

ئەوەشیان ڕاگەیاند، ئەرکی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، سنوورێک بۆ ئەم تاوانە دابنێن، بەداخەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم (کار بەڕێکەر)، بێدەنگییان هەڵبژاردوە، ئەمەش ئاماژەیەکی خراپی مەترسیدارە.

لە کۆتاییشدا ڕایانگەیاند، ئێمە لە ڕەوتی هەڵوێست، وێڕای ئەوەی داوای هەڵوێست لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەم دۆخە ئاگاداردەکەینەوە.

ب.گ

Comments are closed.