ناوەندی هەواڵەکان
هاوڵاتییانی باشووری کوردستان ڕۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، لەم هەڵبژاردنەدا چەند کاندید لە چەند ناوچەیەک کێبڕکێ دەکەن و چەندیان هەڵدەبژێردرێن، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵبژاردن و چەند دەنگدەر دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان؟
بڕیارە ٢٠ـی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەم ڕاپۆرتەماندا باس لە ژمارەی کاندیدەکان، هەر لایەنێک چەند کاندیدی لە هەردوو ڕەگەز داناوە، لە چەند ناوچە هەڵبژاردن دەکرێت و بە گشتیی چەند دەنگدەر دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەروەها باس لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین سەبارەت بە کورسی کۆتاکان و ئەو داتایانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.
تەنها ١٣ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم.
بڕیاری دادگای فیدراڵی
ڕۆژی ٢١ـی شووباتی ٢٠٢٤، دادگای فیدراڵی عێراق ١١ کورسی کۆتاکانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان کە ١١١ کورسی بوون، بوون بە ١٠٠ کورسی، هەروەها دادگا بڕیاریدا لە هەرێمی کوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن هەبێت.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان هەن کە ئەوانیش بازنەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ھەڵەبجەن و ژمارەی کورسییەکانی ھەرێمەکان بەم شێوەیەن؛ سلێمانی ٣٨ کورسی، هەولێر ٣٤ کورسی، دهۆک ٢٥ کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی.
بە گشتیی چەند کاندید هەیە
کۆی گشتی هەزار و ١٩١ کاندید ڕکابەری لەسەر ١٠٠ کورسی هەڵبژاردن لە چوار بازنە دەکەن و بە گشتیی ٣٦٨ ژن کاندیدن بۆ ئەم خولە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆرترین کاندیدی ژن لە سلێمانییە و لە کۆی ٥٠٧ کاندید لە سلێمانی ١٧١ ژنن، لە دوای سلێمانیش هەولێرە و بە ٣٨٥ کاندیدی هەیە و لەو ژمارەیە ١١٢ ژنە.
کاندیدی ژن
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دابەشکردنی کاندیدە ژنەکان بەپێی هەرێم و لایەنەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
سلێمانی:
لە بازنەی سلێمانی ١٧١ ژن کاندیدن.
لە سنووری سلێمانی، زۆرترین کاندیدی ژن هی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە)ـە و ژمارەیان ٢٤ کاندیدە، لە دوای ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکەیە) کە ژمارەی کاندیدە ژنەکانی ٢٢ کاندیدن، هەروەها نەوەی نوێ ١٧، هاوپەیمانی کوردستانی ١٦، گۆڕان ١٥، بەرەی گەل ١٤، هەروەها لیستی ڕەوتی هەڵوێست کە یەکەمین جارییەتی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبێت ١٣، کۆمەڵی دادگەری ١٠، هاوپەیمانی نیشتیمانی نۆ، یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان هەشت، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان پێنج، لیستی سەردەم سێ، بزووتنەوەی پەیوەندییە ئیسلامییەکان سێ ژن وەک کاندید دەستنیشان کاراون، هەروەها لە سێمانی سێ ژن وەکو سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن.
هەولێر:
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆی ٣٨٥ کاندیدی بازنەی هەولێر ١١٢ کاندیدیان ژنن.
لە ھەولێر یەنەکە ٢١، پەدەکە ١٩، بەرەی گەل ١٤، نەوەی نوێ نۆ، لیستی سەردەم هەشت، لیستی هەڵوێست و بزوتنەوەی ئیسلامی پێنج، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوویی ئیسلامی چوار، هاوپەیمانی کوردستانی سێ، بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی دوو کاندیدی ژن و هەروەها چوار ژنیش کاندیدی سەربەخۆن.
دهۆک
لە بازنەی پارێزگای دھۆک ٢٢٠ کاندید ڕکابەری یەکتر دەکەن، لەو ژمارەیەش ٦٣ کاندیدیان ژنن.
لە دھۆک، پەدەکە ١٥ کاندیدی ژن، یەنەکە ١٠، یەکگرتوو و بەرەی گەل حەوت، هاوپەیمانی کوردستانی پێنج، نەوەی نوێ چوار، هاوپەیمانی نیشتیمانی و هەڵوێست سێ، کۆمەڵەی دادگەریی و لیستی سەردەم دوو ژن و هەروەها لە سێ کاندیدی ژنیش سەربەخۆن.
هەڵەبجە:
بازنەی چوارەمی ھەڵبژاردن ھەڵەبجەیە کە کەمترین کاندیدی ژن ھەیە، کۆی گشتی ٥٣ کاندید بەشداری پێشبڕکێکە دەکەن و ٢٢ ژن بوونەتە کاندید، لە هەڵەبجە کۆمەڵی دادگەری سێ ژن کاندیدە، یەنەکە پەدەکە بەرەی گەل، سەردەم، نەوەی نوێ یەکگرتوو، هەریەکە و دوو کاندیدی ژنیان هەیە، هەروەها بزووتنەوەی ئیسلامی، بزووتنەوەی پەیوەندییە ئیسلامییەکان، گۆران، هەڵوێست و هاوپەیمانی نیشتیمانی هەریەکەیان کاندیدێکی ژنیان کاندید کردووە.
شایانی باسە لە هەڵەبجە کاندیدی سەربەخۆی ژن نییە.
کۆی گشتیی کاندیدی ژنی حزبەکان:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە): ٥٧ کاندیدی ژنی هەیە، ٢٤ لە سلێمانی، ٢١ لە هەولێر، ١٠ لە دھۆک و دوو لە هەڵەبجە.
پاریی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە): ٥٨ کاندیدی ژنی هەیە، کە ٢٢ لە سلێمانی، ١٩ لە هەولێر، ١٥ لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
بزووتنەوەی گۆڕان: ٢٧ کاندیدی ژنی هەیە، ١٥ لە سلێمانی، چوار لە هەولێر، حەوت لە دهۆک و یەک لە هەڵەبجە.
نەوەی نوێ: ٣٢ کاندیدی ژنی هەیە، ١٧ لە سلێمانی، نۆ لە هەولێر، چوار لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
هاوپەیمانی کوردستانی: ٢٦ کاندیدی ژنی هەیە، ١٦ لە سلێمانی، سێ لە هەولێر، پێنج لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
بەرەی گەل: ٣٧ کاندیدی ژنی هەیە، ١٤ لە سلێمانی، ١٤ لە هەولێر، حەوت لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
لیستی هەڵوێست: ٢٢ کاندیدی ژنی هەیە، ١٣ لە سلێمانی، پێنج لە هەولێر، سێ لە دهۆک و یەک لە هەڵەبجە.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: ١٩ کاندیدی ژنی هەیە، هەشت لە سلێمانی، دوو لە هەولێر، حەوت لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان: ١٥ کاندیدی ژنی هەیە، ١٠ لە سلێمانی، دوو لە دهۆک و سێ لە هەڵەبجە.
لیستی سەردەم: ١٥ کاندیدی ژنی هەیە، سێ لە سلێمانی، هەشت لە هەولێر، دوو لە دهۆک و دوو لە هەڵەبجە.
هاوپەیمانی نیشتیمانی: ١٣ کاندیدی ژنی هەیە، نۆ لە سلێمانی، سێ لە دهۆک و یەک لە هەڵەبجە.
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان: ١١ کاندیدی ژنی هەیە، پێنج لە سلێمانی، پێنج لە هەولێر، یەک لە هەڵەبجە.
بزووتنەوەی پەیوەندییە ئیسلامییەکان: شەش کاندیدی ژنی هەیە، سێ لە سلێمانی، دوو لە هەولێر، یەک لە هەڵەبجە.
ڕێژەی کاندیدانی ژن:
بەگوێرەی ئەو ڕێژەیە، ٣٠٪ کاندیدەکانی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژنن.
لە ڕووی ژمارەی کاندیدی ژنەوە، هەڵەبجە ٤١.٥٪ بە ڕێژەی زۆرترین کاندیدی ژن لە ڕیزەی یەکەمدایە.
سلێمانی بە ڕێژەی ٣٤٪ لە پلەی دووەمدایە و هەولێریش بە ٢٩٪ لە پلەی سێیەمدایە هەروەها دهۆکیش بە ڕێژەی ٢٨٪ کاندیدی ژن تۆمار کراوە.
کۆتاکانی ژن
بەپێی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٣٠٪ کۆتای ژن هەیە، پێنج کورسیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراوە.
بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە لە کۆی ٩٥ کورسی ٣٠ کورسی بۆ ژن تەرخانکراوە، بەپێی ئەمەش، لە سلێمانی لە کۆی ٣٦ کورسی ١١ کورسی، لە هەولێر لە کۆی ٣٢ کورسی ١٠ کورسی، لە دهۆک لە کۆی ٢٤ کورسی هەشت کورسی و لە هەڵەبجەش لە کۆی سێ کورسی یەکێکیان بۆ کۆتاکانی ژنە.
مافی دەنگدەر
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەم هەڵبژاردنەکاندا.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
کاتژمێر ١٢:٠٠ـی شەوی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد.
ماوەی بانگەشە ٢٠ ڕۆژە و وا بڕیارە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچیت، هەروەها دەنگدانی تایبەت لە ١٨ـی تشرینی یەکەمی بەڕێوەدەچێت.
ب. ق
Comments are closed.