ناوەندی هەواڵەكان
دوێنێ ساڵێک بەسەر هێرشی گرووپی چەكداریی حەماس لە ڕێگەی سەدان مووشەك و پەڕەشووتەوە بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی سەدان كەس تێپەڕیی، ئەم هێرشە ئیسرائیل و جیهانی تووشی شۆك كرد، چونكە تەلئەبیب خاوەنی یەكێك لە بەهێزترین سیستەمەكانی بەگریی ئاسمانییە، لە دوای ئەو ڕۆژەوە دەرگای شەڕ بەڕووی ناوچەكەدا كرایەوە.
حەماس سەرەتا لە هێرشەكانیدا شاری ڕەعیمی كردە ئامانج، بە تایبەتی فێستیڤاڵێكی مۆسیقای كردە ئامانج، لە فێستیڤاڵەكەدا لانیكەم ٣٧٠ كەس كوژران و دەیانی دیكە برینداربوون، دوای هێرشەكە، ئەو ناوچەیەی فێستیڤاڵەكەی تێدا بەڕێوەچوو، ئێستا تاڕادەیەكی زۆر وەك خۆی ماوەتەوە و دەیان ئۆتۆمبێلی سووتا و خێمەی جێهێڵراو و كیسەی خەوتن و جل و بەرگ بڵاوبوونەتەوە.
هەر ئەو ڕۆژە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، چوار گوللە لە غەزەوە تەقێنراون و سێ گوللەیان ڕێگریی لێكراوە، چوارەمیش لە فێستیڤاڵەكە كەوتووەتە خوارەوە، ئیسرائیلیش بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی لە حەماس و سەرجەم گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دا.
ڕۆژێك دواتر گرووپی عیزەدین قەسام، باڵی چەكداریی بزووتنەوەی حەماس، بەرپرسیارێتی هەڵدانی مووشەكەكانی لە غەزەوە بەرەو ئیسرائیل لە ئەستۆ گرت، هەڕەشە هێرشی گەورەتریان لە ئیسرائیل كرد.
لە ٩ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ هێرشە بێ ڕەحمانەكەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و فەڵەستین دەستیپێكرد، مووشەك لە دوای مووشەك و فڕۆكە بە دوای فڕۆكە فەڵەستینی بۆردوومان كرد، هەر ئەو ڕۆژە بە سەدان كەس كوژرا و بەشێكی زۆر باڵەخانەكان یەکسانی زەوی بوون، تەرمی هاوڵاتییان لەسەر شەقامەكان كەوتوو بوو، چەكدارانی حەماسیش لە ژێر زەمین و لە ناو تونێلەكان خۆیان حەشاردا بوو.
دواتر گرووپە چەكدارەكانی یەمەن، عێراق، لوبنان و سووریا پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە، حووسییەكانی یەمەن بە دەیان جار كەشتی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپای لە دەریایی سوور كردوەتە ئامانج، ئەمەش وەك ڕێگرییەك لە چوونی هاوكاریی بۆ ئیسرائیل، گرووپەكانی عێراق و لوبنانیش لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل.
شەڕ فراون بوو و ئەمریكا بڕیاری دا كەشییەكی فڕۆكە هەڵگر بنێرێت بۆ ئاوەكانی نزیك ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئیسرائیل بپارێزێت و دژی حەماس و گرووپەكانی ئێران بووەستێت، دوای نزیكەی شەش مانگ لە شەڕی بەردەوام و كوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و برسێت و ئاوارە بوونی خەڵكی غەزە، هەوڵەكان بەگەڕخران بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ غەزە.
چەند جارێك ئاگربەستی كاتی كرا و دیلەكانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕیی پێكرا، بەڵام دواتر ئیسرائیل بڕیاری لە ناوبردنی حەماسی بەتەواوی دا و هێرشەكانی دەستپێكردەوە، دەیان سەركردە و بەرپرسی حەماسی كوشت، تا ئێستاشدا شەڕ لە غەزە بەردەوامە.
لە درێژەی شەڕەکەدا لە ٣١ـی تەمووزی ئەمساڵ ئیسماعیل هەنیەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس، بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیانی سەرۆكی ئێران سەردانی تارانی كردبوو، لە شوێنی حەوانەوەی لە تاران بە ئامانج گیرا و خۆیی و پاسەوانێكی كوژرا، ئێران تەلئەبیبی تۆمەتباركرد بە كوشتنی هەنیە و بەڵێنی وەڵامدانەوە دا.
ئێران فشاری زۆری لەسەر بوو بۆ ئەوەی وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و بێ دەنگ نەبێت لە ئاستی هێرش و كۆمەڵكوژییەكانی ئیسرائیل، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، دواتر لە ٢٧ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ئیسرائیل لە هێرشێكیدا بۆ سەر گەڕەكەكانی باشووری بەیروت حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای كوشت.
لە تۆڵەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس و حەسەن نەسروڵا ئەمینداری حزبوڵای لوبنان، ئێران ڕۆژی ١ـی ئەم مانگە لە ڕێگەی ١٨٠ مووشەكەوە هێرشی ڕاستەوخۆی كردە ئیسرائیل و چەند موشەكێكی خرایەخوارەوە و چەند مووشەكێكی دیكەی ئامانجەكەیان پێكا، بەڵام ئیسرائیل ژمارەی زیانە گیانی و ماددییەكانی بڵاونەكردەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وێنەیەکی بەرزکردەوە کە هەریەک لە وڵاتانی لوبنان، سووریا، عێراق و ئێران بە ڕەنگی ڕەش دەرکەوتوون و ئەمەش وەک ئاماژەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو ناوچانە لە داهاتوودا لێکدرایەوە.
ئێستا ئیسرائیل ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەكات، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە هێرش دەكاتە سەر لوبنان، هەروەها ئەو وڵاتەی وەك غەزە لێكردووە، نزیكەی ٢٥٠ هەزار كەس لەلوبنانەوە ئاوارە بوون، سەدانی دیكە كوژرا و بریندار بوون.
جیهان چاوەڕاونی فراوانبوونی ئەو شەڕە دەكات، كە لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕوویدا، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە زیاتر لە ٤١ هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە ٩٧ هەزار كەسی دیكە بریندار بوون.
هـ.ئ
Comments are closed.