هەژماری من مووچەی فەرمانبەرانی کردووەتە بارمتە

ناوەندی هەواڵەکان

لە دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا کە پەدەکە زۆرترین دەسەڵاتەکانی بۆخۆی قۆرغکردبوو، نەتوانرا بانکێک دابمەزرێنێت کە هاوڵاتییان متمانەی پێبکەن و وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان حکومەت و هاوڵاتی بە متمانەوە خزمەت بکەن، بەڵکو بنەماڵەی بارزانی لە ڕێگەی هەژماری منەوە هاوشێوەی کارەکانی تریان خەریکی بازرگانین بە مافی هاوڵاتییانەوە و مووچەیان بە بارمتە گرتووە.

دوا بە دوای ئەوەی حکومەتی عێراق کاری لەسەر بە ئەلکترۆنیکردنی بانک و بازاڕی عێراق کرد بۆ ڕێکخستنەوە و سنوور دانان بۆ گەندەڵی و مووچەی بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە، هەرچەندە تا ئێستاش بە تەواوی ئەو کێشەیە لە عێراقدا چارەسەر نەکراوە، بەڵام بەشێکی زۆری گرفتەکانی چارەسەر کردووە و هاوڵاتییان و فەرمانبەران تا ڕادەیەکی باش لەگەڵ حکومەتدا متمانەیەن بنیاتناوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەی هەیە بانکی ئەهلییە و سەر بە حزبی دەسەڵاتە و تا ئێستا دانپێدانانی فەرمی نییە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە تا لە چوارچێوەی بانکی فیدڕاڵی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

مژدانەی مووچە هەر بەردەوامە

لە کاتێکدا سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی هەرێم چەندین جار بەڵێنی ئەوەیان داوە کە کێشەی مووچە چارەسەرکراوە، تەنانەت دڵنیاییشیان بە هاوڵاتییان داوە، بەڵام بەردەوام هاوڵاتییان و فەرمانبەران چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی مژدانەی مووچە و لیستی مووچەن و تا ئێستاش ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو مافە ڕاستەقینەی فەرمانبەران، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی تشرینی دووەم وەردەگرن، بەڵام هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ڕانەگەیاندراوە و کاتی هاتن و دابەشکردنی بە نادیاری ماوەتەوە.

هەژماری من؛ مۆتەکەی بەردەم مووچەی فەرمانبەران

لە دوای ڕاگەیاندنی پرۆژەیەک بە ناوی “هەژماری من” و کارکردنی کابینەی نۆ لە ڕێگەی ئەو بانکە تایبەتەوە کە خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی مەسروور بارزانی، ئاستەنگییەکان بۆ مووچەی فەرمانبەران زیادی کرد و بەشێکی زۆری فەرمانبەران و مووچەخۆران ناچارکران کە بەشداربن و لەو ڕێگەیەوە مووچە وەربگرن، بەشێکی زۆری مووچەخۆرانیش ڕەتییان کردەوە بە تایبەت مووچەخۆرانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە، ئەمەش مەسرور بارزانی هێندەیتر ڕق ئەستوور کرد کە هەژماری بنەماڵە بکاتە چەکێک بەرامبەر حکومەتی عێراق و مووچەخۆرانی هەرێم، لەکاتێکدا یەک دیناری داهاتی ئەو بانکە ناچێتە خەزێنەی حکومەتەوە، بەڵکو دەچێتە گیرفانی شەخس و بنەماڵەوە.

لە ئێستاشدا مەسروور بارزانی دەیەوێت لە دوایین ساتەکانی تەمەنی حوکمڕانییدا پڕۆژە بازرگانییەکەی خۆی بسەپێنێت بەسەر مووچەخۆراندا، هەر ئەوەشە وایکردووە بەردەوام ئاستەنگی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەبێت لە کاتێکدا بە پێی دەستوور قۆرغکردنی مافی هاوڵاتییە و بەکارهێنانییەتی بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و حزبیی.

بازرگانیکردن دوای لە دەستدانی کابینەی ١٠

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا دەرئەنجامەکان دەریدەخەن کە هیچ هێزێک ناتوانێت بە بێ درووستکردنی هاوپەیمانی کابینەی ١٠ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، بۆیە ئەو کابینە سەهۆڵییەی پەدەکە و مەسروور بارزانی توایەوە کە دیزاینی کردبوو، هاوکات زۆرینەی ساختە و خۆسەپێن لە حکومەت و پەرلەماندا کۆتایی هات و دەبێت حکومەتێکی هاوبەشی ڕاستەقینە پێکبهێنرێت بەو هۆیەشەوە ڕەنگە مەسروور بارزانی دڵنیاکرابێتەوە کە هیچ پۆستێکی نامێنێت، دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵە و خۆسەپێنەکانی لە کابینەی نۆیەمدا هاوشێوەی باوکی سڕدەکرێت، بۆیە ڕەنگە بیری لەوە کردبێتەوە لەم ساتەدا مووچەی فەرمانبەران بکاتە بارمتە بۆ سەپاندنی هەژماری من تا دوای سڕکردنی دەستبکات بە بازرگانیی لەسەر قوتی هاوڵاتییان.

لە ئێستاشدا کە بارودۆخێکی نەخوازراو ڕوو لە کوردستان و ناوچەکەیە، هاوکات بەشێکی زۆری هاوڵاتییان قوتی ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیە کە وەریدەگرن و گوزەرانی ژیانی هاوڵاتییانی لاسەنگ کردووە، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و خودی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی شەڕی تایبەت لە بەرامبەر هاوڵاتییان و مووچەخۆران بەڕێوەدەبەن و قوت و مافی سەرەتایی مووچەخۆرانیان کردووەتە بارمتە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و ئەنجامدانی کاری بازرگانیی کە ئەمەش هێندەیتر دەسەڵات و هاوڵاتییان لەیەکتر بێهیواتر دەکات.

ئـ. پ

Comments are closed.