ناوەندی هەواڵەکان
لەگەڵ تێکشکاندنی چەتەکانی داعش لەسەر دەستی گەل، گەریلا و شەڕڤانان لە شنگال، ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی شنگال دەستی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی و بانگەوازیی بۆ گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی کرد، بەڵام پەدەکە بۆ بەکارهێنانیان بۆ هەڵبژاردن و سوود لێ وەرگرتنیان ڕێگەی بە گەڕانەوەیان نەدەدا تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کۆتا هات.
هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، پەدەکە بۆ بەکارهێنانی ئاوارەکان بۆ هەڵبژاردن، وەرگرتنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی یاخود بە ناچارکردنیان بە سیخوڕیی ڕێگریی دەکرد لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال کە لە کامپەکانی سنووری دهۆک و هەولێر نیشتەجێبوون.
لە دوای تێکشکاندنی چەتەکانی داعش لەسەر دەستی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، هێزەکانی یەپەژە و یەژەشە و ئاسایش و گەلی شنگال، دواتر بە ئیرادەی ئێزدییەکان و لە ژێر فکر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکخست و ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی شنگال دامەزرا کە تەواوی پێکهاتەکانی شنگالی لەخۆیدا کۆکردەوە، پاشان کارکرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییەی کە چەتەکانی داعش دروستیان کردبوو.
لەگەڵ هەوڵەکان بۆ ئاوەدان کردنەوەی شنگال، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال بانگەوازیی لە هەموو ئاوارەکان کرد کە بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان و درێژە بە کەلتوور و نەریتە هەزاران ساڵەکانی خۆیان بدەن، بەڵام با بزانین پەدەکە بۆ ڕێگریی دەکرد لە گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە.
پیلانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دژ بە ئێزدییەکان
بە مەبەستی نەگەڕانەوەی گەلی ئێزدی بۆ شنگال و تواندنەوەی گەل و کەلتووری ناوچەکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکە هەمیشە لەناو پیلانگێڕییدابوون، جارێک بە هێرشی ئاسمانیی و جارێکیش بە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی و گەمارۆدانی شنگال ڕێگەیان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال نەدەدا.
هەروەها پەدەکە بە مەبەستی بەکارهێنانی ئێزدییەکان بۆ وەرگرتنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی و جارێکیتر بازرگانی پێوەکردنەوە، هاوکات بە بەکارهێنانی ئێزدییەکان لە پرۆسەی دەنگداندا سوودی لێوەردەگرتن، بەشێکیشیانی لەژێر هەڕەشە و پێدانی هاوکاری کردبوونی بە سیخوڕ و لە بەرژەوەندی دەزگای سیخوڕی میت-پاراستن بەکاری دەهێنان.
هەرچەندە لەسەر ڕێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەکارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسیی لە لایەن وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە سکالایەکی یاسایی لەسەر هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ تۆمارکرد و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سکاڵاکە لە دادگای فیدڕاڵی عێراق وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ بڕیارێکی لەبارەوە نەدراوە، هاوکات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ٣٠ـی تەمووزی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی داخستنی کامپی ئاوارەکان لە پارێزگاکانی هەرێم دیارییکرد، بەلام تەنها کامپەکانی سنووری دهۆک و هەولێر پابەندی بڕیارەکە نەبوون و سەرجەم کامپەکانیتر لە ناوچەکانی هەرێم داخران.
ژمارەی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی ئاوارەكان بە گشتیی لە هەرێمی كوردستان، ٦٦٤ هەزار و ٧٩٨ كەس بووە و ژمارەی ئاوارەكانی ناو كامپەکان، كە ١٧٤ هەزار و ٧٠٦ كەس بووە، ڕێژەی ئاوارەكان لە دەرەوەی كامپەکانیش ٤٩٠ هەزار و ٩٢ كەس بووە.
هەرچەندە پەدەکە لە ڕێگەی دەزگاکانی حکومەتەوە ڕێگریی کردووە لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر زێدی ڕەسەنی خۆیان بەڵام بەپێی ئامارەکان بەشێکی زۆریان گوێیان نەداوەتە بڕیارەکان و گەڕاونەتەوە بەجۆرێک:
ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ٢٥٨ کەس بووە
ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ٩١٣٨ کەس بووە
ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ٥٦٦٤ کەس بووە
ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ١٠٠١ کەس بووە
ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ٣٢٧٨ کەس بووە
ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ٤٢٣٥ کەس بووە
هاوکات تەنها دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و بە ماوەیەکی کەم زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتیی کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکەوە گەڕاونەتەوە بۆ سنووری موسڵ و بە تایبەت شنگال، بەشێکی هاوڵاتییانیش بەبێ گوێدانە ئاستەنگییەکانی پەدەکە خۆڕسکانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش پەدەکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی خۆی ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدات.
ئـ پ
Comments are closed.