سوودانی پەیامی چیدا بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم؟

ناوەندی هەواڵەکان

ترافیکی سەردان و کۆبوونەوەکانی سوودانی لە ماوەی ڕابردوودا گومانەکان لەسەر ئایندەی هەرێم و عێراق زیاتر دەکات، گرنگترین باسی کۆبوونەوەکانی سوودانی و بەرپرسانی حزبی هەرێم پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانبووە لە کەمترین ماوەدا.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا سەردانی چەند وڵاتێکی کرد و چەندین پەیامی گرنگی پێدرا لە بارەی ئایندەی عێراق و ناوچەکە، بەتایبەت پرسی ئابووریی و ئەمنیی و هێرشی چەکداریی و بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ لێدان لە وڵاتانی ناوچەکە، کە ڕەنگە لە ژێر سیاسەتەکانی سوودانییدا ئایندەی عێراق هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی ئاڵۆز بنێت.

ترافیکی سەردانەکان و ناوەڕۆکەکانی

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەبێ ئەوەی پێشتر ڕاگەیاندرابێت، سوودانی سەردانێکی ئەمنی بەپەلەی بۆ تورکیا ئەنجامدا و لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبووە، وەک هەمیشە دژایەتی تەڤگەری ئازادیی و گەلی کورد و وابەستە بە ڕێگای گەشەپێدانەوە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان بوو، هەر پەیوەست بەوەوە، دوای گەڕانەوەی سوودانی لە تورکیا، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەپەلە خۆی گەیاندە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سوپای پاسداران کۆبوویەوە.

دواتر لە ١١ـی تشرینی دووەم سەردانی سعودییەی کرد و لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەربیی-ئیسلامیی بەشداریی کرد و چەندین پەیامی پێدرا و باس لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت شەڕی نێوان ئیسرائیل و گروپەکانی سەربە ئێران کرا.

دوا بە دوای ئەوانەش سوودانی دوێنێ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەشێک کە لایەنە سیاسییەکان هەولێر کۆبوویەوە پاشان لە سلێمانی درێژەی بەسەردانەکەی دا و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و بەشێک لە بەرپرسانی حزبەکانی دیکەی سلێمانی کۆبووەوە.

هەرچەندە زۆرێک لە میدیای حزبەکان بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتییان و مەرامایی کردن بۆ کارەکانی ڕابردوویان باسیان لەوەدەکرد کە لەسەر مووچە و قوتی خەڵک، کێشەکانی هەرێم و بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، سەرژمێری گشتیی هاوڵاتییان گفتوگۆیان لەگەڵ سوودانی کردووە، بەڵام لە ڕاستییدا سەردانەکەی سوودانی بۆ گەیاندنی چەندین پەیامی گرنگبووە بۆ بەرپرسانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان، چونکە بەهۆی بۆشایی دەسەڵاتی یاسایی و نەبوونی پەرلەمان و حکومەتێکی متمانەپێکراو، ڕەنگە ئایندەیەکی باش ڕوو لە هەرێم نەکات.

بە پێی زانیارییەکان، سوودانی بە بەرپرسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی وتووە واز لە داواکاریی و سەپاندنی خواستی خۆتان بهێنن و بە زوویی کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکبهێنن کە جێبەجێکاری خواستی دەنگدەران بێت و هاوکارێکی باشی حکومەتی ناوەند بێت، هاوکات هەر بە پێی زانیارییەکان سوودانی پەیامی بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمداوە لە ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەکە بە هەرێم و عێراقیشەوە لە ئایندەدا، بۆیە دەبێت بتوانین پێکەوە بەرەنگار ببینەوە، ئەگەرنا ڕەنگە گۆڕانکارییەکان بە بێ خواستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجام بدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تا ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی کورد پەیامی دەدا بە عێراق بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بە بنەما دەگرت، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە بە هۆی سەرکێشی بارزانییەوە پێگەی هەرێم بەشێوەیەک لاوازبوو کە ئێستا عێراق داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان یەکڕیزبن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کە لەگەڵ خواستی دەنگدەران و هاوڵاتییاندا یەکانگیر بێت.

ئ پ

Comments are closed.