پاڵاوگەی لاناز؛ قازانجی بۆ مەسرور بارزانی و شێرپەنجەکەشی بۆ هاوڵاتیان

ناوەندی هەواڵەكان

دانیشتوانی گوندی لاجانی سنوری هەولێر خۆپیشاندانیانکرد و ناڕەزایەتیان لە دژی کارگە و پاڵاوگەکانی بنەماڵەی بارزانی لە ناوچەکە دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەو دامەزراوانە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی لە ناوچەکەدا.

تاڵانکاری بارزانییەکان لە خاکی کوردستاندا تەنیا بە گەندەڵی ڕوون ناکرێتەوە. ئەم تاڵانکردنە جگە لەوەی خاکی باشوری کوردستانی پێشکەشکردووە بە داگیرکەران، هاوکات پیسکردنی ژینگەکەشی لەخۆدەگرێت کە تەندروستی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەکی جددیەوە. سیاسەتی زیادەڕەوی لە قازانج و تاڵانی بارزانییەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی شێرپەنجە کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان و هەولێردا زۆر بەربڵاوە و بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو شارە.

دانیشتووانی گوندی لاجانی سنوری هەولێر، شەوی ڕابردوو گردبونەوە و ناڕەزایەتییان لە دژی سیاسەتی قۆرغکاری و بازرگانی بارزانییەکان ڕێکخست کە لەپێناو دەستکەوتنی قازانجی خۆیاندا بێ گوێدانە تەندروستی هاوڵاتیان ئەنجامی دەدەن. هاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەو گوندە ڕێگایان بە تانکەرەکان نەدا بچنە ناو کارگە و پاڵاوگەکان و ڕێگاکەیان داخست.

یەکێک لەو پاڵاوگانەی کە دوکەڵ و پیسییە دەردراوەکانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەی تەواو بێزار کردووە، پاڵاوگەی لانازە کە خاوەنەکەی مەسرور بارزانی کوڕی مەسعوود بارزانیە، هەروەها کارگەی پۆڵای هەولێر کە دامەزراوەیەکی دیکەی گەورەیە و خاوەندارێتی بۆ بنەماڵەی بارزانی دەگەڕێتەوە، کە ئەمانە و چەندین پاڵاوگە و کارگەی تر لەو سنورەدا هەن بونەتە مەترسییەکی جدی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیانی ئەو سنورە و شاری هەولێریش.

هاوکات خەڵکی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە کێشە تەندروستییەکان بەهۆی پیسبوونی هەوا و دەردانی ماددە کیمیاییەکانی کارگە پترۆکیمیاییەکان زیادیان کردووە، هەروەها زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی بە ڕێژەیەکی بەرچاو، یەکێک لە بەژداربوانی گردبونەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە چەندین کەس لەناو خانەوادەکەیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.

 جەختیشیان لەوە کردەوە، کە ئەو کارگە و پاڵاوگانە مەترسی لەسەر تەندروستی دانیشتووی ناوچەکە دروست دەکەن و پێویستە ئەو زیانانەی بە ژینگە دەگەیەنن ڕابگیرێت، چونکە بونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیانەوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دانیشتووانی گوندی لاجان لە سنوری شاری هەولێر لەکاتێکدایە، کە ڕۆژانە دانیشتوانی دەوروبەری ئەو ژمارە زۆرەی کارگە و پاڵاوگانەی کە بنەماڵەی بارزانی خاوەنداری دەکەن بەهۆی دوکەڵی پیس و دەردانی پاشماوە کیمیاییەکانیانەوە بونەتە کێشەی ژینگەیی و تەندروستی گەورە بۆ هاوڵاتیان، کە قازانج و سودەکەی بۆ چەند کەسێکی دیاریکراوی ناو بنەماڵەی بارزانییە و دەردو بەڵاکەشی بۆ هاوڵاتیانە.

ئـ. پـ

Comments are closed.