لە چەندین شاری ئەوروپا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرا

ناوەندی هەواڵەکان

چالاکوانان و وڵاتپارێزان لە دژی داگیرکاری و تیرۆرکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس نازم دەشتان و جیهان بیلگین، کە لە کاتی ڕووماڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون، لە چەندین شاری ئەوروپا گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

لە هەریەکە لە شارەکانی پاریس لە فەرەنسا، کۆڵن لە ئەڵمانیا، وینتێرتور و لۆزان لە سویسرا و شاری نیکۆسیا لە قوبرس، چالاکوانان وڵاتپارێزان لە دژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی کورد وهێرشە داگیرکارییەکان گردبوونەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا لە ناوچەی سانت- جێنێڤیڤ-دێس- بۆیسی پاریس لە فەرەنسا، ڕێپێوانێکی جەماوەری لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کۆبانێ و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد نازم دەشتان و جیهان بیلگین ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا چەندین درووشمی وەک “ئەردۆغانی بکوژ”، “تورکیای تیرۆریست”، وترانەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکرا، کە بەرخودانی کۆبانێ دەرگای کوردستانی ئازاد دەکاتەوە. بۆیە پێویستە لە پێناو کۆبانێی ئازاد و کوردستانی ئازاد هەمووان ڕاپەڕن.

هەروەها لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە هەمان مەبەست گردبوونەوەیەک لە بەردەم دێری دۆمێ ئەنجامدا، لە گردبوونەوەکەدا وێنەی نازم داشتان و جیهان بیلگین بەرزکرایەوە و درووشمی “ئەردۆغانی بکوژ” وترایەوە و ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە.

هەر لە درێژەی چالاکییەکاندا لە ناوەندی شاری وینتێرتوری سویسرا تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان شەرمەزارکرا.

لە شاری لۆزانی سویسراش تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان و هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کران، لە چالاکییەکەدا وێنەی رۆژنامەوان نازم دەشتان و جیهان بیلگین بەرزکرانەوە.

هەروەها لە شاری نیکۆسیای قوبرس تیرۆرکردنی خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد نازم دەشتان و جیهان بیلگین لە سەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورك، شەرمەزارکرا و ڕاگەیەندراوێک بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە، چالاکوانان توڕەیی خۆیان لە دژی دەوڵەتی تورک بە وتنەوەی چەندین درووشم دەربڕی.

ب. ق

Comments are closed.