عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ سووریای نوێ دەكات؟

بەغدا- وسام زەهرونی

لەچوارچێوەی خێرابوونی ڕووداوەكانی دیمەشق و لابردنی ناوی ئەحمەد شەرع لە داواكراوەوە بۆ سیاسەتمەدار، ئایا هەڵوێستی عێراق بەرامبەر ئەو گۆڕانكارییانە چۆن دەبێت؟ بەغدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات؟ چاودێران پێیان وایە، عێراق تووشی”سەرلێشێواوی” دەبێت، چونكە دۆخی سووریا كاریگەری لە سەر عێراق دەبێت، هەروەها دیدێكی ناوخۆیی یەكگرتوو بەرامبەر بە پرسە ناوچەییەكان نییە.

شرۆڤەكاران و چاودێران سیاسی لە بارەی پەیوەندی داهاتووی عێراق لەگەڵ حكوومەتی نوێی سووریا و بەتایبەتی ئەحمەد شەرع، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

ماهر جودە
ماهر جودە

ماهر جودە، شرۆڤەكاری سیاسی ڕایگەیاند، سەركردایەتی سیاسی عێراق هەموو پشتیوانییەكانی خۆی بە گەلی سووریا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی خستوەتەڕوو، هەروەها چەندین پێشنیاری بۆ قەیرانی سووریا خستوەتەڕوو، كە دوایین پێشنیاریان لە كۆنفرانسی عەممان بوو، كە عێراق بەشداری تێدا كرد.

دەشڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی مرۆیی سووریا، عێراق خۆراك و وزە و ئامرازەكانی دیكەی پشتیوانیی دابینكردووە، هاوكات پشتیوانی گەلی سووریایە، دڵنیایییش هەیە كە عێراق دەستوەردان لە دۆخی نوێی سووریا ناكات، ناشبنە میحوەرێك لەدژی سووریا.

ئاماژەی بەوەشكرد، سووریای ئێستا بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و كێشە ناوچەییەكانی نێوان میسر و توركیا و ئوردن، و لە نێوان ئەمریكا و توركیادا، هەروەها بە ئامانجگرتنی كەمینەكانی سووریا لەژێر دروشمی تائیفی و ڕەگەزپەرستانەدا هەیە و هەوڵی تۆڵەسەندنەوەش هەیە، ئەمەش ڕەنگە كاریگەری لەسەر نزیكبوونەوەی نێوان بەغدا و دیمەشق هەبێت.

هاشم حەسەن
هاشم حەسەن

هەروەها هاشم حەسەن، نووسەر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سیاسەت، بە هەموو فەرهەنگەكان، هونەری مومكینە و ساڵانێك لەمەوبەر، ئەمریكییەكان، بۆ چەند مانگێك، شەڕی جولانی و گروپەكەی دەكرد، لە لیستی تیرۆریستاندا پۆلێنكرابوو،  پاداشتی دارایی دەدرا بە هەر كەسێك كە زانیاری لەسەری بدات، ئێستا لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا كابرا جلەكانی گۆڕی و ئەمریكییەكان دەستیان كرد بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكان دژی و بە بەدیلی ئەسەدی دەزانن بۆیە ئەگەرەكان لە سیاسەتدا زۆرن.

باسی لەوەشكرد، وڵاتێكی وەك عێراق هەڵوێستێكی ناڕوونی هەیە، چونكە دیموكراسی بە باشی جێگیر نییە، حكومەت قسەیەك دەكات، لایەنەكانی دیكەش قسەی تر دەكەن، لایەنەكانیش هەڵوێستی جیاوازیان هەیە، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان لەسەری ڕێكناكەون دیدگایەكی نەتەوەیی یەكگرتوو سەبارەت بەو شتانەی كە لە دەرەوەی وڵات ڕوودەدەن نییە، گوتاری ئێمەش بەبێ دیدگایەكی نیشتمانی پارچە پارچە بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئەم ساتە هیچ هەڵوێستێكی فەرمی عێراقی سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی سوریا دەرنەچووە، جا دان بە سەركردایەتییە نوێیەكەیدا بنێت یان نا، هەروەها سروشتی مامەڵەی عێراق لەگەڵ دراوسێی ڕۆژئاواییەكەی ڕوون نەكراوەتەوە، سەرەڕای بوونی زۆر بابەتی نێوان ئەو وڵاتانە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی دیدارەكەیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەكەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر پشتڕاستی كردەوە، عێراق هەوڵدەدات بۆ ئەوەی كاریگەری ڕووداوەكانی سووریا لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەی بەدوور بگرێت، هەروەها ڕێگری لە پاڵنانی عێراق بكات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لەم ململانێیە.

هـ.ئ

Comments are closed.