ناوەندی هەواڵەكان
بە پێی زانیارییەکان مەسرور بارزانی جێگری دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی کاربەڕێکەری کابینەی نۆیەم بە سەردانێکی نهێنی گەیشتە تورکیا و وا بڕیارە لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی تورك و هاکان فیدان وەزیری دەرەوە و هەروەها سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
چونی مەسرور بارزانی لەم کاتەدا بۆ تورکیا کە لایەنەکان سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بە پێی زانیارییەکان بۆ ئەوەیە کە لە ڕێگەی تورکیاوە فشار لە لایەنەکانی دیکە بکات تا لە پۆپستەکەیدا بمێنێتەوە، بێ گومان وەک هەمیشە ئەردۆغانیش لەبەرامبەر دووشتدا هاوکاری پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دەکات، یان لەبەرامبەر پێدانی ملیۆنان دۆلار بە تورکیا، یاخود هاوکار و پشتیوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژ بە کوردان.
هاوکات هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن سیاسەتی ئێستای پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بەو ئاراستەیەیە کە نایانەوێت بەو خێراییە کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت، چونکە ترسیان لەوە هەیە دەسەڵات لەدەست بدەن، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستاشی لەسەربێت پەدەکە و مەسرور بارزانی لەڕێگەی دەزگای پاراستنەوە تەواوی پۆستە گرنگەکانی بۆخۆی قۆرغ کردووە و بە خواستی خۆی و لە بەرژەوەندی بنەماڵە و حزبەکەی بڕیار دەدات.
ئەم سەردانەی مەسرور بارزانیش لە کاتێکدایە، پێش دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان پەدەکە هانای بۆ تورکیا بردوو باری لاری پەدەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا ڕاستکردەوە، لەکاتێکدا پەدەکە مەرجی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردندا ئەوەبوو گرەنتی پێبدرێت کە کورسییەکانی نایەتە خوار ٢٣ کورسی، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کورسییەکانی بەرزبوونەوە بۆ ٣٩ کورسی لە کاتێکدا پەدەکە و کابینەی نۆیەم زۆرترین بارگرانی و ماڵوێرانییان بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا هێنا و خودی مەسرور بارزانی زیندانەکانی پڕکردبوو لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان و بوونە پێش قەرەواڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەڵام دەنگەکانیان بەو شێوەیە زیادیکرد کە خودی خۆشیان گومانیان لە ئەنجامەکان هەبوو.
لە ئیستاشدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کە کۆدەنگییەک لەناو خودی پەدەکە و لایەنە سیاسییەکان درووستبووە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی جارێکیتر نەبێتەوە بە سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی هانای بردووە بۆ تورکیا و لە ڕێگەی میدیا و پەیجەکانی سەر بە پاراستن کە لەسەر داهاتی گشتی بەڕێوە دەچێت دەیەوێت ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم درووستبکات بە ئامانجی درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتە خۆسەپێن و شکستخواردووەکەی کە بووەتە عەیبە بۆ هەرێمی کوردستان و خودی حزب و بنەماڵەکەشی.
ئـ. پـ
Comments are closed.