ڕزگار شەوکەت: دەبێت دەستبەجێ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت

سلێمانی

ڕزگار شەوکەت نووسەر و شرۆڤەکار دەڵێت: ئەو ئاڵۆزیی و گرێکوێرانەی لە مێژووی ناوچەکەدا درووستبووە، بەڕێز ئۆجالان توانی لە هەموو کایەکانەوە شرۆڤەیان بکات بۆ ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکات، بێ بڕیاری دەوڵەتی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ چڕبوونەوەی قەیرانی ٦٠ ساڵە، دەشڵێت: بۆ ئەوەی پرۆسەکە وەک خۆی بەڕێوەبچێت دەبێت بەڕێز ئۆجالان دەستبەجێ ئازاد ببێت.

نووسەر و شرۆڤەکار ڕزگار شەوکەت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز خوێندنەوە بۆ “پەیامی سەدە”ـی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات کە ڕۆژی ٢٧ـی شووباتی ئەمساڵ لە ڕێگەی شاندی ئیمرالییەوە ئاراستەی گەلی کورد و گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانی کرد و تێدا هەنگاوی بە ڕووی پڕۆسەیەکی نوێی دیموکراتی، سیاسیی و یاسایی بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ناوچەکە و پێکەوەژیانی گەلان هەڵگرت.

“١٠٠ ساڵە نکۆڵی لە کورد دەکرێت و پشتگوێ دەخرێت”

ڕزگار شەوکەت لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی خستەسەر دابەشكردنی کوردستان بەسەر دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و وتی: لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە پێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرئەنجام و لێکەوتەی شەری جیهانی یەکەمە، لە دوای شەڕەکەش کە بەریتانیای گەورەی ئەوکات لایەنی براوە بوون و سەرپەرشتی دەکرد، جارێکی تر دوای کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕێژرایەوە، ئەوەی پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەیە بە چەند هۆکارێک لە داڕێژرانی ئەو پێکهاتەیە لەبەرچاو نەگیرا و بە تەواوەتی کورد لە گەمەکە کرایە دەرەوە، ئەو هەنگاوەی ئەو کاتی بەریتانیا و وڵاتانی سەرکەوتووی جەنگی جیهانی یەکەم ١٠٠ ساڵ کوردی خستە ناو نکۆڵی کردن و پشتگوێخستن، ئەمەش وایکرد بەپێی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کرا پێکهاتە و فەرهەنگی کوردی کەوتە بەر سیاسەتی قڕکردنی جیا جیاوە.

“ناکرێت لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد لەبەرچاو نەگیرێت”

ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە دا و وتی: لە ئیستادا کورد بوونی هەیە و سەرپێخراوە، جارێکی تر لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ڕێکخستنیی و حزبییەوە ڕێکخراوەتەوە، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کورددا دوای گۆڕانێکی گەورە و ڕادیکاڵ و نێودەوڵەتی کورد بە واقعی ئامادەیە، لەو گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چیتر ناکرێت کورد لەبەرچاو نەگیرێت، جیهانیش ئەزموونی پشتگوێخستنی کوردی کرد، بۆی دەرکەوت ڕەگەزی ناسەقامگیری بەدرێژای ئەم ١٠٠ ساڵە کورد بووە هۆکارەکەشی پشتگوێخستنی کوردە.

“بەڕێز ئۆجالان شرۆڤەی مێژووی مڕۆڤایەتی کردووە”

وتیشی: ئەو ئاڵۆزی و گرێکوێرانەی لە مێژوو و بوونی کورددا درووستبوو بەڕێز ئۆجالان توانی شرۆڤەی تەواوی مێژوو و فەرهەنگ و کەلتووری ڕۆژهەڵاتنی ناوەڕاست بکات بۆئەوەی پرسێکی وەک پرسی کورد چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا تەنیا شرۆڤەی مێژووی کوردی نەکردووە بەڵکو شرۆڤەی کێشەی تەواوی مرۆڤەیەتی کردووە بۆئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و کردیشی، تێزەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پارچە پارچە و سنووردار نییە بۆ کێشەی کورد بەڵکو قوڵبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی کەلتووریی و مێژوویی و سیاسیی و بوونی کوردە، ئێستا کورد لە دۆخێکدایە دوا پەیامی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان زۆر بە ڕوونی ئەوەی تێدا دەبینیت کە دوای خەباتێکی دوور و درێژ ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغی نوێی چارەسەر.

“بەڕێز ئۆجالان هەموو مرۆڤایەتی لە کێشەکان ئاگادار کردەوە”

ئەو نووسەرە وتیشی: هیچ کەسێک هێندەی بەڕێز ئۆجالان دەوڵەت ناناسێت لە هەموو ئەو کێشە گەورانەی بۆ دیموکراسی، ژن و ژینگەی دێنێتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کەسێک نیوە بەو قوڵی و هەمەلایەنی و ڕادیکاڵییە توانیبێتی پرسی دەوڵەت شیکار بکات و جارێکی تر کێشەکان بهێنیتەوە بەرباس و هەموو مرۆڤایەتی لێ ئاگادار بکات.

وتیشی: دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی ڕوون و بەرچاوی نییە بۆ بەدەمەوە هاتنی پرسی ئاشتی و بانگەوازەکە، لە کاتێکدا پەکەکە بە زووی بەدەم پەیامەکەوە چووە، پێمواییە دەوڵەتی تورکیا لە قەیرانێکی گەورەدایە ئەگەر بەدەم بانگەوازییەکەوە بچێت کێشەیە بۆی، لە شوێنی خۆشی بمێنێتەوە وەڵامی بانگەوازییەکەی بەڕێز ئۆجالان نەداتەوە هەر لە قەیران و کێشەدایە، لەبەر ئەوە چربوونەوەی قەیرانەکانی دەوڵەتی تورکیا قەیرانی ٦٠ ساڵەیە.

“بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە دەستبەجێ بەڕێز ئۆجالان ئازادببێت”

لە درێژەی قسەکانیدا ڕزگار شەوکەت ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن کرد و وتی: کەسی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجالانە، هەر ئەویش دامەزرێنەری بزووتنەوەکەیە، هاوکات ئەو کەسەی وتی من توانای پراکتیکی و تیۆریم هەیە بۆئەوەی پرسی شەڕ و توندوتیژی بگۆڕم بۆ پرسی یاسایی و سیاسیی هەر بەڕێز ئۆجالانە بۆیە دەبێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت، چونکە ئەمە سەرەتای دەستپێکی ئەو کارەیە کە بەڕێز ئۆجالان وتویەتی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە لە ئەستۆ دەگرم.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، کاتێک کەسێک بەرپرسی چارەسەری دۆخەکە بێت ناکرێت زیندانی بکرێت، دەستپێکی ئەم پرۆسەیە دەبێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت ئەگەر ئازاد نەکرێت هیچ یەکە لە هەنگاوەکانی دواتر سەرپێناکەون و ڕێڕەوی خۆیان وەرناگرن، دەبێت بەزووترین کات بەڕێز ئۆجالان بە مافی هیوا یان هەر ڕێگایەکی دیکە ئازاد بکرێت.

ئـ. پـ

Comments are closed.