ئەڤین سوێد: ڕێککەوتننامەکە مافی گەلان دەپارێزێت و دەستێوەردانە دەرەکییەکان کۆتایی پێدەهێنێت
ناوەندی هەواڵەکان
ئەڤین سوێد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەڵێت: ڕێککەوتنی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ شام هەنگاوێکی مێژووییە جگە لە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلانی هەرێمەکە، دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە سووریا کۆتایی پێدێنێت و جاریکی دیکە گەلانی سووریا لە یەکدی نزیک دەکاتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەڤین سوێد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاپەڕینی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بەبیردەهێنێتەوە و سەرنج دەخاتەسەر ڕێککەوتنی مێژوویی کە لە نێوان مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا کە لە ١٠ـی ئادار واژۆکرا.
“گەلانی ناوچەکە لە ڕاپەڕینی ١٢ـی ئادار هۆشمەندانە یەکێتی خۆیان پاراست”
لە سەرەتای قسەکانیدا ئەڤین سوێد شەهیدانی ڕاپەڕینی ١٢ـی ئاداری بەڕێزەوە بەبێرهێنایەوە و وتی: ڕژێمی بەعسی پێشوو لەو ڕۆژەدا هەوڵییدا ناکۆکی لە نێوان گەلانی کورد و عەرەب پێکبهێنێت و ڕق و کینە درووستبکات و کۆمەڵکوژی ئەنجامبدات و سیاسەت لەسەر ئەو بنەمایە بکات و ئارامیی قامیشلۆ کە کورد و عەرەب و چەندین پێکهاتەی دیکە تێیدا دەژین تێکبدات، بەڵام گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆشمەندانە ڕاپەڕین و ئەو پیلانەیان تێکدا و بەشێوەیەکی خۆڕسکانە ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد، گەلانی ناوچەکە یەکێتیی خۆیان پاراست.
هەروەها دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای گرێدا بەو ڕاپەڕینەوە و وتی: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەسەر بنەمای یەکێتی گەلانی ناوچەکە لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا خۆی ئافراندووە و هەموو نەتەوەکان و ئاین و باوەڕییەکان جێی خۆیانی تێدا دەگرن، دامەزراندنی ئیدارەکەش وەک وەڵامدانەوەی ئەو ڕۆژە و بۆ پێکەوەژیان بوو.
“نابێت سووریا هاوشێوەی ڕژێمی بەعس یەک ڕەنگ بێت”
سوێد، لە بەردەوامی چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بە پێشهاتەکانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا دا و وتی: هەرچەندە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ڕژێم هەمووان لەو باوەڕییەدابوون کە هەموو سیاسەت و هەڵوێستە گڵاوەکانی لەناودەچن بەڵام هێشتا سێبەری ڕژێمی بەعس لە سووریادا بە کۆتا نەهاتووە و بینیشیمان بەهەمان عەقڵییەتی ڕژێم لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە ڕۆژانی ڕابردوودا چی ڕوویدا، هەروەها ماوەیەکی درێژ گفتوگۆی ئەوە هەبوو کە نابێت حکومەتی نوێی سووریا هاوشێوەی ڕژێمی بەعس یەکڕەنگی بێت و مافی گەل و پێکهاتەکانی دیکەی تێدانەبێت، لە کاتێکدا پێویستە سووریای نوێ هەمەڕەنگ بێت و هەموو گەل و پێکهاتەکان بە زمان و کەلتوور و هەبوونی خۆیانەوە بژێن.
لە بارەی ئامادەیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییشەوە وتی: وەک چۆن لە یەکەم ڕۆژەوە ئاماژەمان بەوەدابوو کە هەموو کێشەکانی سووریا دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و دەستمان بۆ هەموو لایەک لەناوخۆ و سوورییەکانی دەرەوەی وڵاتیش درێژکردبوو، بەهەمان شێوە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش دەستمان بە پێشەنگایەتی کرد کە گەلانی سووریا بتوانن ژیانێکی شکۆمەندا بژێن و لە ڕاستییشدا ئەو خەمەیان ڕەوییەوە کە جارێکی دیکە هاوشێوەی بەعس لە ژێر فشار و هەوڵە لەناوبردنەکان ببنەوە.
“ڕێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی دەبینین”
وتیشی: وەک ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ شام واژۆ کرا وەک هەنگاوێکی ئەرێنی و مێژوویی دەیبینین، چونکە بۆ ئەوەی سووریا بەرەو هەنگاوێکی نوێی ببەین، ئەوا دەبێت بە ئاشتییانە بژێین و گفتوگۆ لەسەر کێشەکانمان بکەین و چارەسەریان بکەین و لە دژی زمانی توندوتیژی و شەڕ بووەستینەوە.
لە بارەی هەنگاوەکانی دوای ڕێککەوتنەکەوە، ئەڤین سوێد وتی: لە ئێستادا وەک هەنگاوی یەکەم ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە، بۆ هەنگاوەکانی دواتر لە ڕێگەی ئەو کۆمیتەیەی کە درووست دەکرێت، خاڵ بە خاڵ گفتوگۆ لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرێت، بێگومان ئەم قۆناغەش چەندین گفتوگۆ و کۆبوونەوەی پێویستە و دەبێت بە ئاگاییەوە بڕیار بدرێت، بەمشێوەیەش بەرەو سووریایەکی هەمەڕەنگ و فرەپێکهاتە بچین و پێشەنگایەتییەکانی ژنان بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە لەبەرچاوبگیردرێت و ببێتە سیستەمی تەواوی سووریا.
“پێویستە سووریایەکی نامەرکەرزی و دیموکراتی پێکبهێنین”
ئەڤین سوێد پێی وایە ڕێککەوتنەکە سوودی بۆ پێکهاتە و گەلانی دیکەی سووریاش دەبێت و وتی: ڕێککەوتنی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ شام بێگومان هەنگاوێکی مێژووییە بۆ ئەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە سووریا کۆتایی پێدێنێت و جاریکی دیکە گەلانی سووریا لە یەکدی نزیک دەکاتەوە، هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان ئێمە و شام کراوە بەڵام باوەڕمان وایە کە بۆ لایەنەکانی دیکەی سووریاش گرنگە بۆ ئەوەی سووریایەکی نامەرکەزی و دیموکراتی پێکەوە بنیات بنێین.
“بەم ڕێککەوتنە مافی گەلانی هەرێمەکە لە دەستووردا دەپارێزرێت”
هەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا ئەڤین سوێد باسی لە گرنگی ڕێککەتننامەکە کرد و وتی: ئێستا لە سووریادا مافی گەلان پشتگوێخراوە و چەوسێندراونەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گەلی کورد وەک نەتەوەی دووەمی سووریا نەناسێندراوە، لە دەستووری سووریادا بە هیچ شێوەیەک ناوی سووریا نەهاتووە، ئێستاش خەڵکی هەندێک ناوچە کورد ناناسن و ئەمەش دەرەئەنجامی سیاسەتی ڕژێمی بەعس بوو، لەماوەی ١٤ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا زۆر بە نەرێنی باسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و گەلی کورد دەکرا و شەڕێکی تایبەت لە دژی بەڕێوەدەچوو، ئێستا بە واژۆ کردنی ئەم ڕێککەتننامەیە مافی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە لە دەستوور و یاسادا دەپارێزرێت، بۆ ئەوەی خاڵ بە خاڵیش هەموو مافەکان بپارێزرێت خەباتێکی سەختمان لەبەردەمە و ماوەیەکی درێژی پێویستە.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا ئەڤین سوێد سووپاسی هەموو پشتیوانییەکانی کوردستانیان لە هەرچوارپارچەی کوردستان کرد کە بەردەوام پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتیی سووریا بوون بەتایبەت لە واژۆ کردنی ئەو ڕێککەتنەدا و وتی: بێگومان بۆ سووریایەکی هەمەڕەنگ و دیموکرات و بۆ ئەوەی مافی کەس نەفەوتێت ئەم هانگاوە بەرەو سەرکەوتن دەچێت.
ب. جـ
Comments are closed.