عەلی حەمە ساڵح: پەیامەكەی بەرێز ئۆجالان هەنگاوێكی گرنگ بوو

سلێمانی

سەرۆکی رەوتی هەڵوێست دەڵێت، لە ئیستادا باشترین و درووسترین کار بۆ کورد و تورکیا ئاشتییە و دەبێت کورد بەشداری لە کایە سیاسیەکاندا بکات، دەشڵێت، تاکوو ئێستا تورکیا ئاگربەستی ڕانەگەیاندووە و تۆپباران و بۆردومانەكانی بەردەوامە.

نزیکەی دوو هەفتە تێدەپەڕێت بەسەر پەیامی ئاشتیی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان و تا دێت پشتیوانیەکان بۆ گەلی کورد و پەیامەکە زیاد دەکات، لەو چوارچێوەشدا عەلی حەمەساڵح سەرۆكی ڕەوتی هەڵوێست بەم شێوەیە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەلی حەمە ساڵح، وتی، باکووری کوردستان گرنگترین و کاریگەرترین پارچەی کوردنشینە، چونکە هەر پرۆسەیەکی ئاشتی و هەنگاوێکی سیاسی لە باکووری کوردستان، بە تەنها کاریگەری ناکاتە سەر باکووری کودستان و تورکیا، بەڵکو لە سەرتاسەری کوردستاندا کاریگەری گرنگی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان هەنگاوێكی گرنگە و پێویستی بە هەنگاو و کاری دیکە هەیە ئەم هەنگاوە پێویستی بە پڕۆسێسێکی دوروودرێژە، کە دەبێت پەرلەمانی تورکیا بەردەمەوەچوونی هەبێت لەمبارەوە.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی ئاشتی پەیوەندی بە هەزاران زیندانییەوە هەیە، کە هەندێکیان کەسایەتی سیاسی و سەرۆک شارەوانیەکانن، کە ئەمەش بەشێکی دیمەنەکەیە و بەشەکەی دیکەشی پەیوەندی بە پەکەکە هەیە، كە پڕۆسەیەکی فراوانە.

ئەوەشی خستەڕوو، دروسترین و باشترین بژاردە بۆ کورد و تورکیا و ناوچەکەش پڕۆسەی ئاشتییە، کە تیایدا کورد لە چوارچێوەی خەباتی پەرلەمانیدا بەشداری لە کایەی سیاسی و فۆڕمێک لە حکومرانی دەکات، ئەم کارە بۆ کورد و تورکیا زۆر باشە و بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەم کارە دەکەین.

ڕاشیگەیاند، بەداخەوە تاکوو ئێستا تورکیا ئاگربەستی ڕانەگەیاندووە و تۆپباران و بۆردومانەكانی بەردەوامە و ئەمەش کارێکی خراپە و نابێت بەمشێوەیە  پڕۆسەکە دابخرێت و کۆتایی بێت، چونکە سەرکەوتنی پرسی ئاشتی بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان گرنگە.

لە کۆتاییدا عەلی حەمە ساڵح وتی، ئەوەی دەمێنێتەوە درووستکردنی کۆمسیۆنەکانی پەڕلەمانی تورکیایە، کە چۆن پلانی بۆ  دادەنێن و کاری لەسەر دەکەن، هەروەها پێم وایە لە پشت پەیامەکە کاری زۆری لەسەر کراوە دەبێت پەیامەکە بە ئەنجام بگەیەنرێت.

جێگای ئاماژەیە، پەیامەکەی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شووباتی ئەمساڵ لەلایەن ئەحمەد تورکەوە بە زمانی کوردی و پەروین بوڵدان بە تورکی خوێنرایەوە و لە ماوەیەکی کەمدا بووە ڕۆژەڤی وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا و جیهان و سەرجەم ناوچەكانی كوردستان، گەلی كورد پشتگیری خۆیان بۆ پەیامەکە ڕاگەیاند و پەکەکەش لەماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەتی تورك لە بۆردوومانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێم بەردەوامە.

ڤ.م

Comments are closed.