بەردان ئۆزتورک: یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی بنەڕەتیمانە

سلێمانی

بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی باسی لە کۆبوونەوەکانیان لە سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان کرد و وتی: یەکێتی نەتەوەیی بۆ ئێمە زۆر گرنگە و بابەتێکی سەرەکی ئەمڕۆمانە، هەم بۆ پاراستنی پێگەی باشوور و هەم بۆ دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا، پێویستە پرسی کورد و هەروەها تورکیا چارەسەر بکرێت و هەموو گۆڕانکارییەکان کاریگەرییان لەسەر بەشەکانی تری کوردستان دەبێت.

دوای بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی”، شاندی دەم پارتی و دەبەپە بۆ جاری دووەم سەردانی باشووری کوردستانی کرد، جاری یەکەم لە ١٥ـی شووبات سەردانیان کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی باشوور کۆببوونەوە، ئەمجارەیان شاندی دەم پارتی و دەبەپە پێکهاتووە لە هاوسەرۆکی دەبەپە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی بەردان ئۆزتورک و ئەبرو گونای، پەرلەمانتاری دەپ پارتی لە مێردین سالیحا ئایدەنیز، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) عەدالەت فیدان، هەروەها نوێنەرانی دەم پارتی لە سلێمانی موسلیم کاپلان و فەوزیە شیران لەگەڵ شاندەکەدان.

بەردان ئۆزتورک، قسەکەری پەیوەندییە دەرەکییەکانی دەم پارتی و یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ڕۆژنیوز سەرنج دەخاتە سەر سەردانی ئەمجارەی شاندەکە و کۆبوونەوەکانیان و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی چارەسەریی و پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و ناوچەکە دەکات.

‘ئامانجمان گەیاندنی پەیامی ڕێبەرێتی بوو بۆ هەموو لایەک’

بەردان ئۆزتورک سەرەتا سەرنجی خستەسەر ئامانجەکانی کۆبوونەوەکانیان و وتی: “دوای دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، شاندەکەمان هاتووبوونە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی پەیامی ڕێبەرێتی بگەیەنین، لەبەر ئەوەی کات زۆر کەم بوو، نەماندەتوانی وەک پێویست گفتوگۆ و قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین، ئەمجارە بە شاندێکی تر دیدارەکانمان لە سلێمانی دەستپێکرد، دوای جەژن، دیدارەکانمان لەسەر پڕۆسەکە لە هەولێر و شارەکانی تر بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی پەیامی ڕێبەرێتی چارەسەری بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، پێویستە هەموو کەس بیروڕا و پێشنیارەکانی خۆی پێشکەش بکات، لەم چوارچێوەیەدا، سەردانەکانمان بەردەوام دەبن.”

یەکێتی نەتەوەیی بۆ ئێمە زۆر گرنگ و بنەڕەتییە

بەردان ئۆزتورک باسی کۆبوونەوە و پەیامەکان لەگەڵ لایەنەکان کرد و وتی: “ئێمە دەزانین پەیوەندییەکی بەهێزی بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ مام جەلال و بنەماڵەی کاک مەسعود هەبووە، هەمیشە ڕێزی لێگرتوون و دەیەوێت بیروڕایان وەربگرێت، ئەگەرچی مام جەلال کۆچی دوایی کردووە، بەڵام کوڕەکانی کاک قوباد و بافڵ هەن، هەروەها هەندێک کێشەی تەندروستی لە هێرۆخانیش هەیە، دانیشتن لەگەڵ کاک بافڵ و قوباد ئەنجام دراوە، مام جەلال لە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورگوت ئۆزاڵ نێوەندگیریی کردبوو و کاری گەورەی کردووە، ئامانجی سەرەکیشمان گەیاندنی پەیامی بەڕێز ئۆجالانە بۆ هەموو لایەکە، جاری پێشوو تەنها دەرفەتمان هەبوو لەگەڵ یەنەکە و پەدەکە کۆببینەوە، بەڵام ئەمجارە بە فراوانتر ئەم پەیامە دەگەیەنین، لەم قۆناغەدا دەبێت یەک دەنگ بین، یەکێتی نەتەوەیی بۆ ئێمە زۆر گرنگ و بابەتێکی سەرەکیمانە، هەم بۆ پاراستنی پێگەی باشوور و هەم بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا، دەبێت پرسی کورد و تورکیا چارەسەر بکرێت، هەر گۆڕانکارییەک کاریگەری لەسەر بەشەکانی تر دەبێت، گەر تێکۆشان لە باکووری کوردستان کۆتایی پێبێت کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان و دەسکەوتەکانی دەبێت، هەروەها لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەها دەبێت، یەکێتی نەتەوەیی زۆر بەهادارە، پەیامەکانی لایەنە سیاسییەکانی باشوور لە نەورۆزی ئامەد هەنگاوێکی ئەرێنی بوو.”

“مەترسی گەورە لە پێشمانە، گرنگە پێکەوە کۆببینەوە

ئۆزتورک باسی هەڵوێستەکانی دەوڵەت کرد و وتی: “دەوڵەتی تورک هەرگیز نایەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بەهێز بێت، دەزانن ئەگەر ئێمە نزیک دەبینەوە، پرسی کورد و کوردستان زووتر چارەسەر دەبێت، ئەمەش بە مەترسی بۆ خۆیان دەزانن، مەترسی گەورەمان لەپێشە، بۆ ئەوەی ئەم مەترسییانە پووچەڵ بکەینەوە و سەدەی داهاتوو بکەین بە سەدەی گەلی کورد و کوردستان، زۆر گرنگە پێکەوە کۆببینەوە، لە دانیشتنەکانی ئەنجامدراودا پەیامی ئاشکرا دراون کە ئامادەن.

‘خەڵک باوەڕ بە دەسەڵات ناکات

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کۆبوونەوەکان و هەروەها نیگەرانییەکانی گەلی کورد بەرامبەر دەسەڵات، ئۆزتورک وتی: “لە کۆبوونەوەکاندا کە تا ئێستا ئەنجام دراون باوەڕ بە دەسەڵاتی تورکیا ناکەن، پڕۆسەی پێشووی ساڵی ٢٠١٣ و هەروەها ڕێککەوتننامەی دۆڵمەبەهچە لەبەرچاون، کە چۆن پڕۆسەکە تێکدرا، ئەم بابەتە تەنها بۆ ئێرە نییە، بۆ گەلی ئێمەی باکووریش دەربازدارە، باوەڕ بە دەسەڵات ناکرێت، باس لەوە دەکرێت کە ئەمەش یارییەکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەردۆغان ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار، لایەنە دیموکرات و سۆشیالیستەکانی تورکیاش ئەم نیگەرانییەیان هەیە، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا کەسێک ناتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەسەرۆککۆمار، ئێمە بە ئاشکرا باسی ئەمە لەگەڵ خەڵک و لایەنەکان دەکەین کە باوەڕمان بە دەسەڵات نییە، بەڵکو باوەڕمان بە تێکۆشانی خۆمان هەیە، بەڕێز ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە کار بۆ چارەسەری و داهاتووی سیاسەت دەکات و پڕۆسەکەی دەستپێ کردووە، پرسی کورد پرسێکی قووڵە، نابێت کەس بۆ بەرژەوەندی کەسی ئەم پڕۆسەیە بکاتە قوربانی، هەر کەس یان پارتێک هەوڵی شکست پێهێنانی ئەم پرۆسەیە بدات ئێمە قبوڵی ناکەین، ئەوە کەلتوورەی ئێمەیە تێکۆشانی تێدا دەکەین و کار لەسەر سیاسەتی ڕۆژانە ناکەین، بەڵکو لەسەر بنەما پڕەنسیپەکان نزیک دەبینەوە، هەر کەسێک لە تورکیا دەژی، دەبێت بیروڕاکانی لەسەر ئەم پڕۆسەیە پێشکەش بکات، ئەگەر باس لە دیموکراسی و داهاتوویەکی ئازادی تورکیا دەکەین، دەبێت دەستی خۆمان درێژ بکەین بۆ ئەوەی پڕۆسەکە پێکەوە دروست بکەین.”

‘موخاتەب بەڕێز ئۆجالانە، دەبێت هەلومەرجەکان بڕەخسێندرێن’

بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، هێنایە سەر زمان ئەم بابەتە نابێت تەنها لەسەر شانی دەم پارتی بمێنێتەوە و وتی: “بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان ئاشکرایە، وەڵامی پەکەکەش لەبەردەستدایە و ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەگەر بە شێوەی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان ئازاد نەبێت، شاندە جیاوازەکان ناتوانن دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، گۆشەگیری بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، ئەمە نابێتە پڕۆسەیەک، بەڵکو دەبێت بە شتێکی ناجدی، ئەوەی دەتوانێت کۆنگرە بەڕێوەببات بەڕێز ئۆجالانە، دەبێت هەلومەرج بگۆڕدرێن، ئەمە شتێکی نوێ نییە بەڵکو ساڵانێکە ئەمە دەوترێت، دەبێت ئەم گۆشەگیرییە دژ بە مرۆڤایەتییە کۆتایی پێبهێنرێت، دەرفەتێکی گەورە بە بانگەوازییەکە درا و پەکەکەش وەڵامی دایەوە، چەندین نموونەی هاوشێوە لە جیهاندا هەیە، موخاتەب دیارە و باخچەلیش ئاماژەی بەوەدا با بێتە پەرلەمان و قسە بکات، هەموو کەسێک ئەرکی لەسەرە لەم دۆخەدا هەنگاو بنێت.”

‘هەنگاوی هەرە دڵسۆزانە چاکسازی یاسایی و بەدیهێنانی ‘مافی هیوا’ـیە

ئۆزتورک سەرنجی خستە سەر چاکسازی یاسایی و وتی: “لە بواری یاساییدا هێشتا چاکسازی نەکراوە، کۆنسەی ئەورووپا بڕیاری داوە کە ‘مافی هیوا’ بدرێت، سەرەڕای ئەم بڕیارەش، گۆشەگیرییەکی زۆر گەورە لەم ١٠ ساڵەی کۆتاییدا لەسەر بەڕێز ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، لەم کاتەدا هەنگاوی هەرە دڵسۆزانە ئەوەیە کە هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە هەڵبگیردرێت و یاساکان چاک بکرێنەوە، هەلومەرجە سەرەکییەکان ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانن، هەنگاوە گرنگەکانی لەگەڵدا هەڵبگیردرێت.”

‘لە ناوەوە و دەرەوە دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن’

ئۆزتورک سەرنجی خستە سەر هەڵوێستەکان بۆ تێکدانی پڕۆسەکە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: “ئەوانەی نایانەوێت ئەم پڕۆسەیە ڕووبدات و ئاشتی دروست بێت زۆرن، هەم لە ناوەوەی تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا، ئێمە دەزانین پرسی کورد ساڵانێکە چەندین دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە، لە ناوەوەدا زۆر لایەن لەسەر شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە خۆیان ژیاندووە، ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت ئەوانیش لەناودەچن، دەبێت مرۆڤ بە پشوودرێژییەوە هەڵسوکەوت بکات.”

‘قەیران لە هەموو بوارەکاندا هەیە؛ بۆ چارەسەریی پێویستی بە گفتوگۆ و وتووێژ هەیە’

بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، باسی داڕووخانی هەموو بوارەکانی تورکیای کرد و وتی: “لە تورکیادا پرسی کورد هەیە و یاسا، دیموکراسی و دادگا نییە، هەموو بڕیارەکان سیاسین، لە بواری ئابووری و سیاسیدا قەیران هەیە، بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە چارەسەر بکرێن پێویستی بە گفتوگۆ و وتووێژ هەیە، ئەوەی هەموو ئەمانەش چارەسەر دەکات پڕۆسەکەیە.”

‘نەتەوە-دەوڵەت هۆکاری کوشتار و نائارامییە’

بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ئاماژەی بەوەشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوە-دەوڵەت هۆکارە سەرەکییەکانی کوشتار و ناکۆکین وتی: “نەتەوە-دەوڵەت هۆکاری نائارامی و دواکەوتوویین، بۆیە پێویستیان بە گۆڕان هەیە، بەڕێز ئۆجالان هەمیشە ئەمەی خستووەتەڕوو، ئەو شتانەی پێش ١٠٠ ساڵ کراون، ئەمڕۆ ناکرێن، جیهان گۆڕاوە، لەم گۆڕانانەدا دەبێت کورد، لاز، چەرکەز، عەلەوی و هتد بناسرێن.”

‘قەیووم زیانی گەورە دەگەیەنێتە وڵات’

ئۆزتورک سەرنجی خستە سەر داگیرکردنی شارەداریيەکان لەلایەن قەیوومانەوە و وتی: “بۆ جاری سێیەم شارەوانیيەکانمان لەلایەن قەیوومانەوە داگیر دەکرێن، ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین، بێ ڕێزی بە گەلەکەمان دەکرێت، ئەو کەسانەی بە هەڵبژاردن هاتوونەتە سەر کار، لە کار دەردەهێنرێن، دیموکراسی نەماوە، ئەمە کودەتایە دژی گەل، هەڵبژاردن دەکرێت و گەل هەڵوێستی خۆی پیشان دەدات کەچی دەسەڵات قەیووم دادەنێت، هەمان شت بەسەر جەهەپەشدا هات، ئەمە زیانێکی گەورە دەگەیەنێتە وڵات، ئەم کەسانەی بە ویستی گەل هەڵبژێردراون دەبێت ئەرکی خۆیان درێژە پێبدەن، دەبێت ڕێز لەم ویستە بگیرێت.”

‘بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەکە ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان مەرجە

لە کۆتاییدا، بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی وتی: “بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەکە ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بابەتێکی بنەڕەتییە، ئەو کەسەی دانوستان دەکات و پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەبات هەر ئەوە، ئەمە پڕۆسەیەکی قورسە، نابێت تەنها لەسەر شانی بەڕێز ئۆجالان بمێنێتەوە، ئەگەر ئەمە بکرێت ناڕەواییەکی زۆر گەورەیە، دەبێت لە هەموو لایەکەوە کار بکەن کە بتوانن پڕۆسەکە پێش بخەن، دەبێت دەستی بەڕێز ئۆجالان بەهێز بکەین، هەر کەس هەرچی لە دەستی دێت ئەمڕۆ با بیکات، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە باشتر پێش بکەوێت، دەبێت هەموومان کاری خۆمان بکەین، بۆیە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن.”

ب. جـ

Comments are closed.