“تیۆری ڕێبەر ئاپۆ تیۆرێکی ئاشتی ١٠٠٪ـە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”

سلێمانی

ژنە چاودێرێکی سیاسیی پیرۆزبایی ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە گەلانی بندەست و ئەو مرۆڤانەی بە دوای حەقیقەت و ئازادی ڕاستەقینەی ژیاندا دەگەرێن دەکات و دەشڵێت: تیۆرەی ڕێبەر ئاپۆ تیۆرێکی ئاشتی ١٠٠٪ـە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نزیک دەبینەوە لە ٤ـی نیسان کە ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، بە فکر و فەلسەفە و جیهانبیینیەکانی توانی جارێکی دیکە زمان، کەلتوور و فەرهەنگی گەلی کورد زیندوو بکاتەوە و ژنان لە کۆیلەکردن و عەقڵییەتی پیاوسالاری ڕزگار بکات و بوو بە ئافرێنەری سیستەمێکی ژیانی، لە درێژەی تێکۆشان و پارادایمەکەیدا ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووبات بانگەوازییەکەی بە ناونیشانی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک بۆ ڕای گشتیی کرد، لەو بارەیەشەوە هاوژین شەهید فەخرەدین چاودێری سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

هاوژین شەهید فەخرەدین
هاوژین شەهید فەخرەدین

لە سەرەتای قسەکانیدا هاوژین شەهید فەخرەدین، بە ڕێزەوە پیرۆزبایی ڕۆژنوونی ڕێبەر ئاپۆی لە گەلانی بندەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ئەو مرۆڤانەی بە دوای حەقیقەتی ئازادیی و ڕاستیینەی ژیاندا دەگەڕێن بەتایبەت لە گەلی کورد و تی: جێگەی شانازی و شەرەفێکی گەورەیە ڕێبەر ئاپۆ لە نەتەوەی کوردە و ئێمە دەتوانین خاوەنداریی لێبکەین.

سەبارەت بە شۆڕشی ڕێبەر ئاپۆ و سەرلەنوێ ژیانەوەی گەلی کورد، ئەو ژنە چالاکوانە ئاماژەی بەوەدا، ڕاستە پێشووتر شۆڕشی زۆر کراوە بۆ بە ڕێکخستنکردنی تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئەوەی بتوانن بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٥ بەدواوە شۆڕشی بەڕێض ئۆجالان دەست پێدەکات و ئەم فکر و ئایدۆلۆژیایە لەناو کورددا پەرەدەستێنێت، پێشتر حزبەکانی باشووری کوردستان هەریەک لە پەدەکە و یەنەکە هەڵگری ئایدۆلۆژیی نەتەوەیی بوون، بەڵام نەیانتوانی هەمان تیۆری و فەلەسفەی بەڕێز ئۆجالان بپێکن لە کاتی خۆیدا، بۆیە هەموو شۆڕشەکانی کورد بە نیوەچڵی مابووونەوە و ئامانجی خۆیان نەپێکا، بەڵام فەلسەفە و بیر و هزری ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجەلان فەلسەفە و تیۆرێکە کە تەواوی گەلانی بندەست لە ناوچەکەدا دەتوانن سوودمەند بن لێی، دواتر تەواوی جیهان دەتوانێت سوودمەندبێت، ئەو تیۆرەی ڕێبەر ئاپۆ دایڕشتووە تیۆرێکی ئاشتی ١٠٠٪ـە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ژن هاوژین شەهید فەخرەدین وتی: یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی ڕێبەر ئاپۆ پەرتووکی ژنۆلۆژیە، بۆئەوەی ژن خۆی بناسێت و ڕزگاری بێت لەو کۆتوبەندە کلاسیکییە تەقلیدییەی کە بۆ ژن دروستکراوە، پێویستە ژن لە ڕووی زانستی، دەروونی، هزری و بابەتگەرایی خۆی بناسێت، چونکە ژنی ئازاد ئەو ژنەیە کە فکر و هزر و واقیعی خۆی بناسێت و بە کۆیلەبوون قبوڵ نەکات، ئەوەی کە بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندایە بۆ تەواوی ئەندامانی خێزان و خاک و نیشتیمانەکەی ژنێکی ئازادە.

لە بارەی پەروەردە و بە ڕێکخستنکردنی ژنان لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ هاوژین شەهید فەخرەدین وتی: زۆر گەشبینم بەوەی بە پێشەنگی ساکینە جانسز لەسەر فکری ڕێبەر ئاپۆ جۆش و خرۆشێکی گەورە لە ناو ژناندا دروست بووە، ژنانی ئێستا ڕۆشنبیرن و توانیویانە بەشداری لە کایە کەلتووری و سیاسی و هونەری و ئەدەبییەکاندا بکەن، هەروەک لە ئامەدی کوردستانەوە نەورۆزێکی گەورە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر و بەرچاو لە ژنان بەڕێوەچووە، هەروەها ئەو ژنانەی لە بەنداوی تشرین ئاپۆڕای هەڵپەڕکێیان هەیە و پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، بەرخۆدانییەکانی ساکینە لە زیندانەکانەوە، تێکۆشانەکانی ژن لە تەواوی جیهان و کوردستاندا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سیمبولی ژینا ئەمینی، بە هەڵگری مارشی ‘ژن ژیان ئازادی’ دەرخەری ئەو فکر و هزر و تیۆریەی ڕێبەر ئاپۆیە.

وتیشی: ژنان لە سەدەی ٢١ یەکدا تێکشکێنەری دیکتاتۆرەکانم، ژنان ئەو فیگەرە مەزنەن کە بە ڕەنگڕێژکردنی لە لایەن ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان بوون بە فیگەری ئازادیی و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بەرخۆدان، ئێستا ئەو سەردەمەیە کە ڕێبەری گەلان  دەیگوت “سەردەم سەردەمی ژن و ئازادیی و ژیانە”

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ژنە چالاکوانە جەختیشی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە نوێیە و فکرێکی نوێگەرە بۆ تەواوی مرۆڤی ئازاد و حەقیقەت و ڕاستی هزری تاک لە تەواوی جیهاندا، چونکە فکرێکە کۆیلەبوونی ژن و تاک ڕەتدەکاتەوە، فکرێکە جیا لەوەی بە تیۆری بە کۆیلەبوون ڕەتدەکاتەوە، چارەسەری ئەو بە کۆیلەبوونەی داناوە، کەواتە هەر لەسەرتای دروستبوونەوە خۆی فکرێکی نوێیە، بۆیە پێویستە تەواوی پارتە سیاسییەکان دەستگیرۆی بەم فەلسەفەیەوە بکەن، ژن دەبێت دەستگیرۆی بەم فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەی کە ڕێبەری گەلان لە تەواوی پەرتووکەکانی شوێنێک نییە کە ئاماژەی بەوە نەکردبێت، ژن ژیانە، ژن ئازادیی کۆمەڵگایە، ژنی ئازاد واتە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، ژنێک کە خۆی دەناسێت ژنێكە کە دەور و بەرەکەی دەناسێت، لە ڕاستییشدا تەنیا خوێندنەوەی چەمکەکان و ڕستەکان بۆ ژنان بەس نییە، کاتێک کە دەخوێنینەوە و تێدەگەین کە پێویستە خەباتی بۆ بکەین، بەوەی کە وەک ژن خۆمان قبوڵ بێت بە دوای ئازادییەوە بین، بۆئەوەی کۆمەڵگە و نیشتیمانەکەمان بگەیەنین بە ئازادیی.

سەبارەت بە پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ، هاوژین شەهید فەخرەدین وتی: پەیامی سەدە ئەو پەیامەیە کە نەتەوەکان بتوانن ئاشتییەک بەرقەرا بکەن، ناکۆکی و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نەتەوایەتی، ئاینی، فەرهەنگی کە لە مێژووی کۆنی ئەم ناوچەیەدا ژیاون، بۆیە پەیامی سەدە گرنگییەکەی لێرەدایە کاتێک کە نەتەوەکان بە ئاشتی و ئازادی دەژین ناوچەکە دەبوژێتەوە، بەداخەوە ئەو شەڕەی لە مێژووی ١٠٠ ساڵدا لە ناوچەکەدا ڕووی داوە هیچ نەتەوەیەک نەیتوانیوە بە ئاماجەکانی خۆی بگات، بۆیە تاکە چارەسەر ئاشتییە لە نێوان نەتەوەکاندا، پێویستە نەتەوەکان بەدەم ئەو بانگەوازییەوە بچن کە لە ئیمرالییەوە کراوە.

ب. جـ

Comments are closed.