“سەلاحەدین و یوسف زێدان و کورد”

ئازاد ڕەواندی-نووسەر

چەند ڕۆژێکە گفتوگۆ گەرمە، لەسەر گرتە ڤیدیۆیەکی یوسف زێدانی نووسەری میسری، سەبارەت بە سەلاحەدینی ئەیوبی. ڕۆشنبیر و دۆستانی عەرەب، زۆرکات دابەشبوونەتە سەر دووبەرە، ئەویش لەبەر هەبوونی تەوژمی نەتەوەپەرستی ئسلامی، لەلایەکیتریش ڕۆشنبیرە دیموکرات و چەپەکانیش، بەردەوام وەک پشت و پەنایەک بوونە بۆ دۆزی ڕەوای کورد، لەناو ڕای گشتیی عەرەبیدا. وەک نموونە ئێستا چەند بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی حەفتانە بۆ ڕۆناهی تیڤی و ئەلیوم تیڤی لە قاهیرە و لوبنان ساز دەکرێن، بەو پەڕی ڕێزەوە پشتگیری لە داوای ڕەوای گەلی کورد دەکەن و بە دەیان ڕۆشنبیری عەرەب هەڵسەنگاندنی بەنرخ پێشکەش دەکەن. دیسان بەرنامە لە عێراق و تونس و لیبیاش ساز دەکرێن و ڕۆشنبیرە دیموکرات و سۆسیالیستەکان، قسە لەسەر زۆر بابەتی ڕۆژانە دەکەن، لەوبارەوە تەلەڤزیۆنی ئەلیوم بەزمانی عەرەبی ڕۆڵێکی باش دەبینێت و جێگەی ستایشە.

سەلاحەدین لە کاتی خۆی و نەتەوەپەرستی لە ڕۆژی ئەمڕۆ؛

هەر دیاردە و ڕووداوێک ئەگەر بەگوێرەی کات و ساتی خۆی، هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرا، ئەوا تێڕوانینەکان بابەتییانە نابن، زۆرێک لە نەتەوەپەرستە کوردەکان، سەلاحەدین تاوانبار دەکەن بۆچی دەوڵەتی بۆ کورد دروست نەکردووە!! هەڵبەت ئەو ڕەخنەی نەتەوەپەرستە کوردەکان، لە دژی ئەو تەوژمە عەرەبییە و تورکییەیە کە سەلاحەدین دەکەن بە عەرەب و بە تورک، بەڵام چونکە دەوڵەتی بۆ کورد دروست نەکردووە، ئەوا نەتەوەپەرستە کوردەکان بە کوردی ناژمێرن و نرخ و بەهاشی بۆ دانانێن!!

هەلومەرجی دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەیوبی و بوونە دەسەڵاتیان لە میسر و شام، دۆخێکە دەبێت وەک خۆی ببینرێت، واتا بنەماڵەیەک لە ناوچەی دوینی هەرێمی شەدادەکان لە خێڵی هەزبانی، لە ڕۆژهەڵاتی باکووری کوردستانەوە هاتبێت، بۆ باشووری کوردستان. لێرەش بەتواناکانی خۆیان بوونەتە جێی باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئەوکات، تاکو فەتحی شام و دواتر میسر، دەتوانن وەک سەر لەشکر شوێن پێی خۆیان قایم بکەن، ئەمەش لەنێوان ساڵانی (٢٥ـی کانوونی یەکەمی ١١٣٧ تاکو ٤ـی ئاداری ١١٩٤).

یوسفی کوڕی نەجمەدینی ئەیوبی، دواتر لەسەر دەستی مامی شێرکۆ، دەبێتە فەرمانداری لەشکری و فەرمانڕەوای میسر و شام. ئەگەر توانا و بەهرەی مام و باوکی نەبوایە، دەبوو سەلاحەدین هەر یوسف بوایە و موسڵمانان ناودێریان نەکردبایە بە سەلاحەدینی ئەیوبی. دیسان ئەگەر سەلاحەدین فەتحی قودسی نەکردبایە و خاچپەرستان و داگیرکەرانی ئەورووپای لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەدەرنەنایە، دیسان ناوی سەلاحەدین تا ڕۆژی ئەمڕۆ نەدەما.

زهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە وەک نەخۆشی؛

نەتەوەپەرستی کوردی نەخۆشە و لێپرسینەوە لەوە دەکات، بۆچی سەرۆک و ڕێبەرێک دەوڵەتێکی بۆ دروست نەکردووە!! لەبەرئەوەشە سەرجەم مێژووی کوردستانی بێ دەوڵەت، بە نەبوو و نەدیو دەزانێت. هەموو ڕێبەر و فەرمانڕەوا کوردەکانیش، لە مێژوودا بەهیچ دەژمێرێت، بۆیە سەلاحەدینیش دەخەنە ئەم خانەیە و زۆرجار دەکەوێتە بەر ئەو هێرشە ناڕەوایە.

لە دەرەوەی زهنییەتی نەتەوەپەرستی، ئەگەر سەیری مێژووی سەلاحەدین و فەرمانڕەوای ئەیوبییەکان بکەین، دەتوانین زۆر وانەیان لێ فێربین، بێگومان ئەوانیش لایەنی ئەرێنی و نەرێنیان هەیە. بەڵام دیاردەی کورد وەک نەتەوە لەو سەردەمە نییە، هەتا سەلاحەدین بە زهنی نەتەوەیی گەورەبێت و خەلافەتەکەی بەناوی کورد و کوردستان دروست بکات. ئەوکات خەلافەتی عەباسی سوونی مەزهەب لە ئارایە و ناکۆکی لەگەڵ خەلافەتی فاتیمی هەیە، واتا سەردەم سەردەمی خەلافەتی ئیسلامە. سەلاحەدین و بنەماڵەکەی نموونەیەکی ناوازەن لە فەرمانڕەوای خەلافەتی ئیسلامی سوونی، لەوبارەوە سەرجەم موسڵمانی سوونی مەزهەب شانازی پێوە دەکەن. دەکرێت ڕەخنەی سەرەکیمان لە سەلاحەدین و کوڕەکانی، ئەویش بەردەوام نەبوونی فەرمانڕەواتییەکەیە دوای مردنی سەلاحەدین، هەروەها لەناوچوونی زانا و سۆفی ئەو سەردەمە سوهرەوەردی لە قەڵای حەلەب، لەناوبردنی بەناوی زەندیق و کوفر و ئیلحاد. کۆمەڵکوژکردنی ئیسماعیلییەکان، بەناوی حشاشەکان.

نەتەوەپەرستە کوردییەکانی ئەمڕۆ، لە دەوروبەری پارتی-بارزانی کۆبوونەتەوە، خۆیان بە نەتەوەپەرستی عەیار ٢٤ دەزانن، بەڵام هێشتا ناتوانن ڕەخنەی ئەوە لەو بنەماڵەیە بگرن و بڵێن، ئەرێ بەڕاست ئێوە باسی نەتەوە و دەوڵەت دەکەن، بەڵام بنەماڵەگەریی لە سەدەی ١٩ لە کوردستان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئێوە بەهەموو هێزتانەوە، دەتانەوێت لە سەدەی ٢١ بە بنەماڵەیەک دەوڵەت بۆ کورد دروست بکەن، ئەوەش ناچێتە هیچ عەقڵ و مەنتیقێک!! بۆیە بەر لەوەی بەناو نەتەوەپەرستە کوردییەکان، ڕەخنەی سەڵاحەدینی ئەیوبی بکەن، داخۆ بۆچی دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە!! با ئێستا ڕەخنە لە بنەماڵەگەرییەتی بارزانی بکەن و بڵێن، بە دوای کڵاوی بابردوو کەوتووی، ئەگەر وابزانی بە ڕێگەی بنەماڵەکەت دەوڵەت دروست دەکەیت، ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ـش نموونەیەکی تازە و بەرچاوە.

وەک چۆن شۆڤێنیزمی نەتەوەپەرستی ئیسلامی عەرەبی سوونی، ناتوانێت سەلاحەدینی ئەیوبی تەعریب بکات، جا ئەوە یوسف زێدان دەبێت یان هەر عەرەبێکیتر، بەهەمان شێوە نەتەوەپەرستی دواکەوتووی کوردیش، ناتوانێت مێژووی خانەدانی ئەیوبییەکان بە نەبوو بژمێرێت و تاوانباری بکات بە دروست نەکردنی دەوڵەت. ئەیوبییەکان بەشێکن لە مێژووی پڕ شانازی گەلی کورد لە میسرەوە تا ئەرمەنستان.

خوێندنەوەیەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە بۆ مێژووی کوردستان، ئەوا هەمووان ڕزگار دەکات لەو پۆپۆلیزمە نەتەوەیی و ئاینییەی ئەمڕۆکە هەیە. هەمانکات نرخ و دەستکەوتە نەتەوەیی و ئاینییەکانیش وەک خۆی هەڵدەسەنگێنێت، بەبێ ئەوەی ناحەقی لەکەس بکات، دۆست و پشتگیری بۆ کورد زیاد دەکات، نەوەک یوسفەکان بتۆرێنێت و ڕێگرییان لێبکات.

 

ئەم وتارە ڕا و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی

 

ب. جـ

Comments are closed.