دوای ٣٧ ساڵ لەو تاوانە ئەنفالچییەکان پارێزراوترن تا کەسووکاری شەهیدان

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ، ٣٧ ساڵ بەسەر قۆناغی سێی ئەنفالدا تێدەپەڕێت کە بە سەخترین قۆناغی ئەنفال دادەنرێت، ئەو برینەی ڕژێمی بەعس لە جەستەی نیشتیماندا درووستی کرد و حکومەتەکانی هەرێم و عێراقیش بەهۆی ئاوڕ نەدانەوە لە کەسووکاریان و نەهێنانەوەی ڕووفاتەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە تیماری بکەن و بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕێ.

نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی کورد و نەتەوە کەمینەکانی ناوچەکەدا بوون، سا بۆیە دەیان کۆمەڵکوژیی و جینۆساید و کیمیابارانیان دژی کورد ئەنجامداوە، یەکێک لەوانەش ئەنفالی باشووری کوردستانە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بە هەشت قۆناغ دژی کورد ئەنجامدرا و سەدان هەزار کەس گیانی لەدەست یان بێسەروشوێن بوون.

ڕیشەی ناوی ئەنفال چییە؟

ئەنفال وەک زهنییەت دەرئەنجامی توندڕەوى دەسەڵاتخوازیی ئاینیی و نەتەوەیی کۆنەپەرەست و ئایدۆلۆژیای فاشیزمە، بەکاربردنی وشەی (ئەنفال) بۆ پاساودانی پڕۆسەکە، گەواهیدەری ئەمەیە، هێرشەکانی ئەنفال بۆ سەر دۆڵی جافایەتی بە ناوی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) تۆمار کراون، بەعس بە مەبەست دێت و پاش ١٣٦٤ ساڵ چەمکی ئەنفال، کە زاراوەیەکی نێو قورئانی پیرۆزە، بەکار دێنێتەوە، ئەم چەمکە لە بنەڕەتدا بە واتای (غەنیمە و دەستکەوت) دێت و ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە.

قۆناغەکانی ئەنفال؟

شاڵاوی ئەنفال کە بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەدام حسێن و بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید ئەنجام درا، لە هەشت قۆناغدا بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەوە ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی کورد گیانیان لەدەستدا، نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ گوند بە تەواوی خانووەکانییەوە ڕووخێندران و کانییاوەکانیان تەقێندرایەوە، هەروەها ژێرخانی کشتوکاڵی باشووری کوردستانیش تا ڕادەیەکی زۆر لەناوبرا.

قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ٢١ـی شووباتی ١٩٨٨ تاوەکو ١٨ـی ئاداری ١٩٨٨ درێژەی کێشا و بەتەواوەتی دۆڵی جافایەتی و سنووری شارباژێڕی گرتەوە.

قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ لە ١٤ـی ئادار دەستی پێکرد و تا ٢٢ـی ئادار ١٩٨٨ بەردەوام بوو، بەشێکی زۆر لە دانیشتووانى سنوورەکە و  ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و بەشێکی زۆریان بێسەرووشوێن کران.

هەروەها قۆناغی سێی ئەنفال کە بە ئەنفالی ڕەش ناسێندراوە، تەواوی سنووری گەرمیانی گرتەوە  کە لە ٣١ـی ئادارەوە دەستی پێکرد و  تا ١٤ـی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و تێیدا ٥٠ هەزار ژن و منداڵ و پیاو ڕەوانەی سەربازگەی قۆڕەتوو دواتر نووگرە سەلمان کران و زیندە بەچاڵکران، تەنها ژمارەیەکی کەمیان ڕزگاریان بوو.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە ١٨ـی نیسانی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، گوندەکانی دەوروبەری زێی بچووک، ئاغجەلەر، تەقتەق عەسکەر و گۆپتەی گرتەوە و تێیدا بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید کیمیابارانکردنی ئەو ناوچانە ئەنجامدرا.

٢٤ـى ئایارى ١٩٨٨ تاوەکو ٣١ـى ئابی ١٩٨٨: قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەمى شاڵاوی ئەنفال لە شارۆچکەکانی شەقڵاوە و ڕەواندزی سەربە پارێزگای هەولێر دەستى پێکرد.

٢٥ـى ئابى ١٩٨٨ تاوەکو ٦ـى ئەیلوولى ١٩٨٨: قۆناغى هەشتەمى هەڵمەتى ئەنفال لە ناوچەکانى بادینان دەستى پێکرد.

ئاماری قوربانییان و وێرانکارییەکانی جینۆسایدی ئەنفال

بەپێی دانپێدانانی سەرانی بەعس، بە گشتیی قوربانییانی ئەم تاوانە لە ١٨٢ هەزار زیاترە، بەپێی سەرژمێرییەکان بۆ زیانەکانی تاوانی ئەنفال بۆ سەر گەرمیان و ئەنفالی سێ، ٤٥ هەزار و ٧٧٧ هەزار خێزان بێسەروشوێن کراون، بەپێی بەدواداچوون و ئامارەکان بە گشتیی لەم قۆناغەدا ٨٠ هەزار کەس ئەنفال کراون، ئەمە جگە لە وێرانکارییەکان، کە دەتوانین ئاوا خەمڵاندنی بکەین:

٨٧١ گوند و شەش شارۆچکە سووتێنراون.

٣٨١ خوێندنگە و ٦٥٧ مزگەوت و بە سەدان ئامڕازی کشتوکاڵی دەستی جووتیاری گوندنشینان بەتاڵان براون و سووتێنراون.

 بە سەدان کارێز و کانیی و بیر تەقێنراونەتەوە.

 ١٥٧ ناوەند، تەکیە، خانەقا، مەرقەد، نزرگە و شوێنی پیرۆز خاپوور کراون.

١٤٣٥ باخ و ڕەز سووتێنراوە.

٥٧٠ تۆن گەنم و جۆ و دانەوێڵە و ١٧ هەزار و ٢٢٠ تراکتۆر و ئامێری دیکە تاڵان کراون.

٤٧٢ هەزار و ٧٧٠ سەر مەڕ و بزن و١٥ هەزار ڕەشەوڵاخ تاڵان کراون.

هەرچەند تاوانبارانی سەرەکی لەسێدارەدران بەڵام دەیانی دیکە هێشتا ئازادن

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەستگیرکردنی سەدام حسێن و دارودەستەکەی، سەدام لە ٣٠ کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ ملی کرا بەپەتەوە و لەسێدارەدرا و بەڵام هێشتا دەیان کەسی دیکە لە جاش و مستەشار و بەرپرسی حزبی بەعس بە ئازادیی دەسووڕێنەوە، ئەوەشی کە جێگەی سەرسووڕمانە زۆرێک لەوانە لە هەولێر لەلایەن پەدەکەوە پلە و پۆست و خانوو و پرۆژەی زەبەلاحیان پێ دراوە.

هەرچەندە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نزیکەی ٣٠٠ کەس کە تاوانباری ئەنفالن لەلایەن دادگای عێراقەوە بۆ دەرچووە بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون و حکومەتەکانی عێراق و هەرێم نیازی دەستگیرکردنیانی نییە، ئەمەش بە تەواوی کەسووکاری قوربانییانی ئەنفالی نیگەران کردووە.

داواکارییەکانی کەسووکاری ئەنفال

ئەمڕۆ کە ٣٧ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە دڕندانەیەدا تێدەپەڕێت، کەسوکاری ئەنفالکراوان بە گشتیی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژێن و وەڵامی داواکارییەکانیان کە خۆی دەبێنێتەوە لە (دەستگیرکردنی تاوانباران و دادگاییکردنیان، گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان، دامەزراندن، داوای لێبووردن لە کەسووکاری ئەنفالکراوان لەلایەن حکومەتی عێراق) تا ئێستا نەدراوەتەوە.

ڕێباز غالب
ڕێباز غالب

وەک ڕێباز غالب، کەسووکاری ئەنفال دەڵێت: وەکو کەسووکاری ئەنفال داواکارین هەموو ئەو شوێنانەی گۆڕی بە کۆمەڵی تێدایە پشکنینیان بۆ بکرێت و بەشێوەیەکی زانستی دەربهێنرێن و بهێنرێنەوە بۆ نیشتیمان، ئێمە داوامان کردووە ئەو گۆڕانە بهێنرێنەوە و تێناگەین بۆچی ناهێنرێنەوە، ڕەنگە هەندێک کەس بەرژەوەندی لەوەدا بێت کە ئەو گۆڕانە لەوێ بمێننەوە.

ئێمە چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، هەوڵەکانمان یەکدەخەین بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان و بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد.

ئەکرەم ساڵەح
ئەکرەم ساڵەح

هەروەها ئەکرەم ساڵەح، کەسوکاری ئەنفال و سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال دەڵێت: دەبێت کاری زیاتر بکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن حکومەتی هەریمەوە خەمساردییەک هەیە لەو لایەنەوە و دەبێت فشاری زیاتر بکەین، ئێمە چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، هەولەکانمان یەکدەخەین بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان و بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کورد.

 

ب. جـ

Comments are closed.