پەیامی سەدە ئاو بە ئاگری شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆتاییهێنان بە توندتیژیی و بنیادنانی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد، هەنگاوەکان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستیان پێکرد، مەزڵووم عەبدیش دەڵێت: کارمەندان و ستافی ئیدارەی بەنداوی تشرین لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا چاوەکان لەسەر گەلی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بوون بەوەی چی بڕیارێک دەدات و چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی کاتی شامدا دەکات، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەپەگە و یەپەژە، هەزاران شەهیدیان لە پێناو پاراستن و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلانی ناوچەکە بەخشیوە، بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی چەتەکانی داعشیان کرد و تێکیان شکاندن، ئێستاش دەیانەوێت لە چوارچێوەی پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆدا هەنگاو هەڵبێنن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی سووریا لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەدا بە مەرجی زامنی مافەکانی گەلانی سووریا.

سەبارەت بە پاراستن و ئیدارەدانی ئەو ناوچانەی کە ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بوون، دوای ڕێککەوتنی قەسەدە و حکومەتی شام گۆڕانکاری باش ئەنجامدرا و تەواوی هێزە چەکدارەکانی هەردوولا کشانەوە و لەلایەن ئاسایشی خۆجێی ناوچەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و دەپارێزرێن، بەنداوی تشرینیش بە نموونە.

نزیکەی چوار مانگ بەرخۆدانی گەل و شەڕڤانان لە بەنداوی تشرین، کە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە بۆردوومان دەکران بە ئامانجی داگیرکردنی، بەڵام دواجار بەرخۆدانی گەل سەرکەوت، هەر لەو چوارچێوەیەشدا شکۆی سەربازی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی کە لافی پێوە لێدەدا، هاوکات بەکارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراوی خۆماڵی قەسەدە لەلایەن شەڕڤانانەوە تەواوی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی تێکشکاند و دووەم هێزی ناتۆ نەیتوانی هەنگاوێک پێشڕەوی بکات.

لەو بارەیەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر دەڵێت: ڕێککەوتنەکە دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان پەیوەندیدارە بە بەنداوەکەوە و بەشی دووەمی ڕێککەوتنەکەش لایەنی سەربازییە کە بۆ ئیدارەدانی بەنداوی تشرین لەگەڵ حکومەتی شام ڕێککەوتووین، کارمەندان و ستافی ئیدارەی بەنداوەکە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کارەکانی بەنداوەکە بە سەلامەتیی بەڕێوە بچێت.

هاوکات مەزڵوم عەبدی دەشڵێت: ڕێککەوتووین هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی بەنداوەکە بکێشینەوە و بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە بۆشایی لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای نیشتیمانی.

سەبارەت بە بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی و حکومەتی شام مەزڵوم عەبدی دەڵێت: هێڵە سوورەکانی نێوانمان بریتین لە چڕکردنەوەی دەسەڵاتی ئیداری بەتەنها لە دیمەشق، دەمانەوێت ناسنامەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو ڕیزەکانی سوپای نیشتیمانی سووریادا بپارێزین و هەنگاوەکانمان ئەرێنین.

بە پێی ئەم ڕێککەوتنەش بێت تەواوی ئەو ناوچانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ژێر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی هێزەکانی قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بوون وەک خۆیان دەمێننەوە و بە یاسایی دەکرێن، ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی حکومەتی کاتی شامدا ئەرکی پاراستن و بەرگریکردنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆ دەگرێت، بەمەش تەواوی پیلان و داگیرکارییەکانی تورکیا و چەتەکانی تێکشکێنران و پەیامی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاوی کرد بە ئاگری شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا.

هاوکات ئەمەش بە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنی کورد دادەنرێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی و هەنگاونان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە لەژێر ڕێنماییەکانی پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆدا.

ئـ. پـ

Comments are closed.