گەرمیان
سینەما بە یەکێک لەو ڕێگایانە دادەنرێت کە دەتوانێت خەم و ئازاری هەر گەلێک بگەیەنێت بە جیهانی دەرەوە، لە شاڵاوی ئەنفالیشدا چەندین چیرۆکی تراژیدیی و خەمناک هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بهێنرێتە ناو سینەماوە و هونەرمەندانیش دەڵێن: سینەما ناسنامەیەکی بێسنوورە و تا ئێستا نەمانتوانیوە لە ڕێگەی سینەماوە ئەنفال بە جیهانی دەرەوە بناسێنین.
لە شاڵاوی ئەنفالدا کە ٣٧ ساڵ پێش ئێستا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دژی گەلی کورد ئەنجامیدا هەزاران خێزان بوونە قوربانیی و ژن، منداڵ و پیاو بەر شاڵاوەکە کەوتن، بەمەش چەندین چیرۆکی ناخهەژێنیان لە دوای خۆیان بەجێهێشت و ئەگەر هونەرمەندان لە ڕێگەی شانۆ، سینەما و دراماوە کاری لەسەر بکەن، دەتوانن ئەو مەرگەساتە بە دوونیای دەرەوە بناسێنن و ئەنفال بکەن بە پرسێکی نیشتیمانی، لەوبارەیەشەوە هونەرمەندان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لە بارەی شاڵاوی ئەنفال و ڕۆڵی سینەما، سەربەست ئەحمەد، ئەکتەر وتی: تا ئێستا هونەرمەندانی کورد نەیانتوانیوە ئەو چیرۆکە تراژیدیانە بێننە ناو سینەما و درامای کوردییەوە، بەداخەوە دەسەڵاتیش هاوکاری هونەرمەندانی نەکردووە لەو بوارەدا، کە بتوانن چیرۆکەکانی ئەنفال بگەیەننە ئاستێکی نێودەوڵەتی، هۆڵۆکۆست یەکێکە لەو کۆمەڵکوژییانەی کە سینەما بووە دەروازەیەک بۆی بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بناسێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە کار لەسەر چیرۆکە تراژیدییەکانی خۆمان بکەین.
هەروەها لە بارەی هاوکاری دەسەڵات بۆ هونەرمەندانی کورد لەو بوارەدا باسی لەوەشکرد، تا ئێستا دەسەڵات هاوکاری هونەرمەندانی نەکردووە و بودجەی پێویستی بۆ دابین نەکردوون، چونکە ئێمە سیناریست و دەرهێنەری باشمان هەیە، بەڵام کاری سینەما پێویستی بە دارایی هەیە، سینەما ناسنامەیەکی بێسنوورە و ئەگەر ئەوە بکرێت دەتوانین کاری باش بکەین بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەرچی کرابێت لەسەر ئەرکی تاکە کەس بووە.

هەروەها یاسین قادر بەرزنجی، ئەکتەر و نووسەری شانۆ لەبارەی مەرگەساتەکانی کورد و دوونیای ئەدەب و هونەر وتی: من چیرۆکەکانم هەمووی باس لە مەرگەسات و بەش مەینەتی مرۆڤی کوردە بە تایبەتی ژنان، دەبێت لەگەڵ هەر کارێکی سینەمادا بیر لە گرنگترین ڕووداو و مەرگەسات و کۆمەڵکوژییەکان بکەینەوە کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
سەبارەت بە سینەما وەک فاکتەرێک بۆ کارکردن لەسەر ئەنفال ئاماژەی بەوەدا، سینەما زمانێکی جیهانییە، دەبێت لە ڕێگەی سینەما و دراماوە بتوانین کار لەسەر مەینەتی و مەرگەساتی کورد بکەین، کە ئێستاش کەسوکاری ئەنفالکراوان فرمێسکیان بۆ دەڕێژن و داخێکە لە دڵیاندا، هیوادارم بتوانین گەشە بە سینەما، دراما و شانۆی کوردی بدەین، هەروەها بتوانین لە داهاتوودا بەرهەمی باش پێشکەش بکەین و بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەرچەندە ٣٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵكوژیی ئەنفالدا تێپەڕیوە کە تێیدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتی کورد شەهیدبوون و زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ گوندی خاپوور کران، بەڵام هونەرمەندان و سینەماکاران بەپێی پێویست نەیانتوانیوە لە ڕێگەی سینەماوە کار لەسەر ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال بکەن، کارەکانیان تەنها لە چەند بەرهەمێکی کەمدا خۆی بینیوەتەوە.
ب. جـ
Comments are closed.