پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلم لە چەمچەماڵ بە چالاکی جۆراوجۆر بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەک، کارەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید بەردەوامە و تێیدا جەخت لەوە کرایەوە، سینەما گرنگییەکی زۆری هەیە لە خستنەڕووی کارەساتە نەتەوەییەکان.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆنۆمێنت لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بە ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی هونەریی کارەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید بەردەوام بوو، بڕیارە تا دوو ڕۆژی داهاتوو درێژەی هەبێت.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا ڕێوڕەسمی فەرشی سوور ئەنجام درا، بەڵام پەیوەست بە ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکەوە کە تایبەتە بە جینۆساید فەرشی ڕەش ڕاخرا، دواتر ئامادەبووان خولەکێک بۆ گیانیی پاکی شەهیدانی گەل و نەتەوە بەبێدەنگی ڕاوەستان،  پاشان ڕەمک ڕەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و مۆنۆمێنتی ئەنفال بڕیاماندا ساڵیادی ئەنفال بکەین بە هەفتە یاد و دواتر کردمان بە ١٠ ڕۆژ بۆ ساڵیادی ئەنفال، ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە لێرە بۆ ڕاگەیاندنی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید.

دواتر ئیدریس شەوکەت بەڕێوبەری ڕۆشنبیری چەمچەماڵ وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: ئامادەبوانی بەڕێز و میوانانی پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید بەخێرهاتنتان دەکەین، ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە بۆ پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلم، کە باس کە کارەساتێکی گەورەی گەلەکەمان دەکات و جینۆسایدەکانی سەر گەلی کورد دەگێڕێتەوە.

وتیشی: لە کۆمەڵێک وڵاتەوە فیلم ئاڕاستە کراوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵ و لەلایەن لیژنەیەکی پڕۆفیشناڵەوە بینین بۆ فیلمەکان کرا و باشترینەکان هەڵبژێردران بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە.

پاشان هابیل حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: سینەما ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە خستنەڕووی کارەساتەکان، فیلم وەک ژانەرێکی هونەری ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە بۆ خستنەڕووی  کارەساتەکان، هەمووان دەزانین لە جینۆسایدی ئەنفالی گەلی کورد سەرباری هەوڵی تاکەکەسی و بەرزنرخاندنی، کەمترین کاری هونەری لەسەر کراوە.

دواتر لەلایەن چەند گرووپێکی هونەرییەوە، کە لە چەند شارێکی جیاوازەوە بەشداربوون چەند چالاکییەکی هونەرییان پێشکەشکرد بە گۆرانی و میوزیکی کوردیی و لە کۆتایی کارەکانی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵدا یەکێک لە فیلمەکان نمایشکرا بەناوی فیلمی (٩٨٠).

ب.گ

Comments are closed.