سوودانی و ئەحمەد شەرع لە قەتەر کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە سەردانێکى بەپەلە گەیشتە قەتەر و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، بە ئامادەبوونى میرى قەتەر کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ لە دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە و  عێراق و سووریاى گرتووەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە سەردانێکى بەپەلە گەیشتە قەتەر و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، بە ئامادەبوونى میرى قەتەر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵییان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی دووپاتیکردووەتەوە عێراق بە وردى چاودێرى دواپەرەسەندنەکانى سووریا دەکات بەتایبەت بوونى سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.

بە وتەى سەرچاوەکە، سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر هەڵوێستى نەگۆڕى عێراق کە داوا دەکات پڕۆسەیەکى سیاسىی گشتگیر بەڕێوەبچێت و پارێزگارى لە پێکهاتەکان و فرەیی کۆمەڵایەتى و ئایینى و نیشتمانی لە سووریا بکرێت و شوێنە پیرۆزەکان بپارێزرێن و ڕێز لە مافەکانى مرۆڤ بگیرێت، بەتایبەتى دواى ئەو ڕووداوانەى بەرامبەر عەلەوییەکان لەو وڵاتە کرا.

هەروەها سوودانی ئاماژەى بەوەکردووە، عێراق جەخت دەکاتەوە لە گرنگیى هەنگاونانى حکومەتى دیمەشق بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لەکۆبوونەوەکە باس لەوەکراوە کارکردن لەسەر ئەم دۆسیانە دەبێتە هۆى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات و گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

ب.گ

Comments are closed.