ناوەندی هەواڵەكان
وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بڵاوی كردەوە، هۆشەنگ وەزیری نووسەر و هونەرمەندی کورد خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فوجەیرەی بۆ شانۆی مۆنۆدرامای بەدەستهێنا.
وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتێكی نێودەوڵەتی لەلایەن هونەرمەندێكی كوردەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هۆشەنگ وەزیری، شانۆکار و نووسەری کورد، لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فوجەیرە بۆ شانۆی مۆنۆدراما، خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.
دەشڵێن، هۆشەنگ وەزیری بە دەقی شانۆیی “ئاسمان بۆ تۆ نییە” بەشداری لەفێستیڤاڵەكەدا کردبوو و لە نێوان ٧٠٤ دەقی شانۆیی پێشکەشکرا و خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
باس لەوەشكراوە، هۆشەنگ وەزیری، نووسەرێکی کوردە بە عەرەبی و ئینگلیزی دەنووسێت، تا ئێستا تەنها دوو لە کارە هونەرییەكانی کراون بە کوردی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فوجەیرە بۆ شانۆی مۆنۆدراما، یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی تایبەت بە شانۆی مۆنۆدراما (تاک ئەکتەری) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ساڵانە لە میرنشینی فوجەیرە، یەکێک لە حەوت میرنشینەکەی ئیمارات، سازدەکرێت.
جێگای ئاماژەیە، هۆشەنگ وەزیری، نووسەر و ئەدیبێکی کوردە و لەدایکبووی شاری هەولێرە، ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا، بەشی دەرهێنانی شانۆی تەواو کردووە و وەک نووسەر لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی عەرەبی و ئینگلیزی وتار و بابەتی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە چاپکردنی چەند بەرهەمێکی بە زمانی عەرەبی، لە بواری دەقی شانۆ و هونەری سینەمادا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.
ئ.م
Comments are closed.