ناوەندی هەواڵەکان
وا بڕیارە لە ٢٣ـی ئەم مانگەوە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەڵمانی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڕێوەبچێت و لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە فیلم بۆ بەشدارییکردن لە فێستیڤاڵەکە پێشکەشکراوە.
وەک هەوڵێک بۆ ناساندنی سینەمای کوردی بە وڵاتانی دیکە، وا بڕیارە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ٢٣ـی ئەم مانگە لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچیت.
کۆمیتەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بۆ ئەمساڵ دووەمین گەڕی فێستیڤاڵەکە لە شاری دۆسڵدۆرف لە ٢٣ـی ئەم مانگە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شاری دۆسڵدۆرف بەڕێوەدەچێت و نزیکەی ٤٠ فیلم لە کورتە فیلم، فیلمی درێژ، دیکیۆمێنتاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ فێستیڤاڵی ئەمساڵ هەشت ژنی کورد وەک دەرهێنەری فیلم بەشدارییان تێدا کردووە.
هەروەها کۆمیتەی ئامادەکار باسی لە خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە کرد و وتی: خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکەمان بۆ پشتگیرییکردنە لەو فیلمسازانەی کە فیلمی نوێ بەرهەمدەهێنن، خەڵاتەکان لەسەر چەند بابەتێکی جیاواز دابەشدەکرێت و پەیوەندییدار نییە بە ڕیزبەندی باشترین فیلمەوە،
لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسڵدۆرف، بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان خەڵاتێک ئامادەکراوە و ئەویش خەڵاتەکانی مافی مرۆڤ، سینەماکاری کورد یەڵماز گونای، ژینا ئەمینی و خەڵاتی شۆڕشگێڕ و سینەماکار شەهید خەلیل داغ. هەرچوار خەڵاتەکە دەدرێت بە فیلمە درێژ و دیکیۆمێنتارییەکان.
لە دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسڵدۆرف، گرنگی تەواو بە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەدات، هەروەها وەک ڕێزلێنانێک چەند بەرهەمێکی هونەرمەندی شانۆکار شەهید بابێ تەیار نمایش دەکرێت، کە بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە لە بەنداوی تشرین شەهیدبوو.
بەپێی بەرنامەکانی کۆمیتەی ئامادەکار، لە فێستیڤاڵەکەدا دوو پانێڵ بەناونیشانەکانی “ڕۆژئاوا” و “سینەمای کوردی” بەڕێوەدەچێت، هەروەها دوو کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوە بۆ دوو ڕۆمانووسی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان ئەنجام دەدرێت.
ب. جـ
Comments are closed.