سلێمانی
مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، پێویستە وڵاتە زلهێزەکان واز لە بەکارهێنانی فیوڵ و نەوت بهێنن، چونکە هۆکاری سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هاوکات، بەڕێوبەری کشتوکاڵی سلێمانیش دەڵێت، دابەزینی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر بەروبومی ئەمساڵی هەرێم دەبێت.
لەبارەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەش و هەوا لەسەر هەرێمی كوردستان مامۆستایانی زانكۆ و بەڕێوبەری کشتوکاڵی سلێمانی بەمجۆرە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەو بارەیەوە دكتۆر سەڵاحەدین عەبدولقادر، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، ئەوگۆڕانکارییانەی لەم ساڵانەی كۆتایی لە کەش و هەوادا ڕوویداوە چاوەڕانکراو بوو، کە ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی سارد دەبێت ڕێژەی بارانی کەم ئەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو گۆڕانکاریانەش دكتۆر سەڵاحەدین عەبدولقادر وتی، ئەو گۆڕانکاریانەی لە دەریای هێمن ڕوو دەدات کاریگەری درووست دەکات لەسەر پلەی گەرمی ناوچەکانی دیكەی وەک دەریای ئەتڵەسی، کە ئەمەش گۆڕانکاری لە جەمسەری باکووری نیوەگۆی زەوی درووست دەکات، کە تەوژمێکی زۆر سارد لە ئەنجامی خولانەوەی زەویدا گۆڕانکاری لە پەستاندا درووست دەکات و کار دەکاتە سەر بەشەکانی خوارەوەی گۆی زەوی، ئەم تەوژمە ساردە ڕوو لە شام و عێراق دەکات.
دەشڵێت، زستانی ئەم ساڵ زۆر سارد بوو، بەڵام ڕێژەی باران بارین کەم بوو بە جۆرێك سلێمانی پێویستی بە ٦٧٥ ملم بارانە، بەڵام لە ئێستادا لە ڕێژەی باران بارین ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ملم باریوە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە.
سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە ئەو مامۆستایە دەڵێت، ژینگە واتە ژیان، هەر تێکچوونێک لە ژینگەدا ڕووبدات کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەشووهەوا و گەرمییەکەی، ئەوەش وادەکات کاریگەری هەبێت لە سەر ژیانی ئەو زیندەوەرانەی لەو ژینگەیەدا دەژین ئەمەش کاردەکاتە سەر مرۆڤایەتی ژیان تێیدا زەحمەت دەبێت.
دەربارەی ئەنجامدانی سیمینار و پانێل لە لایەن وڵاتەگەورەکانی جیهان دەربارەی کەشووهەوا دکتۆر سەڵاحەدین وتی، ئەوخاڵ و ڕێنماییانەی لەو کۆبوونەوانەدا دەردەچن پێویستە جێبەجێبکریت و پشگیری ئەو ولاتانە بکرێت، کە ژینگەکەیان پیسە و ڕێنمای بکرێن، کە پارێزگاری لە ژینگەکەیان بکەن، بەڵام هۆکاری پیسبوونی ژینگە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پیشەسازی وڵاتە زلهێزەکان خۆیان، کە هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگەن.
سەبارەت بە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دكتۆر سەڵاحەدین وتی: بەشێوەیەکی گشتی کوردستان کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە، واتا هاوینەکەی گەرم و وشکە و زستانەکەشی سارد و باراناوییە، بەڵام هاوشێوەی هەموو شتەکانی دیکە ئەویش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چوونکە دەبینی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بەفر لە پێنجوێن و مێرگەپان باری.
دكتۆر سەڵاحەدین باس لە توێژینەوەی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ئەمریکی دەکات و دەڵێت، لە توێژینەوەکەدا باسیان لە کەشوهەوای عێراق و شام کردووە، کە لە داهاتوودا تووشی وشکەساڵی دەبنەوە، هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی باران بارین و گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە.

سەبارەت بە کاریگەری شەپۆلی سەرما لە ناکاوەکان و کاریگەری لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی جوتیاران، شاڵاو جەمال بەڕێوبەری کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر لە مانگی چواردا پلەکانی گەرما دابەزی لە یەک بۆ سفر پلە ئەوە کاریگەری لەسەر بەرهەمە ناوک ڕەقەکان دەبێت، وەک گێزەر، بادەم بەرهەمەکانی هاوشێوە، زیانێکی زۆریان پێدەگات و ئاستی بەرهەمیش دادەبەزێت.
هەروەها سەبارەت بە دانەوێڵە وتی، ئەو گەنمەی، کە گوڵی کردبێت، کاریگەری لەسەر کوالێتی گەنمەکە درووست دەکات نەک بڕەکەی، بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانی کەش و هەوایە لە مانگی سێدا بوایە ئەوا کاریگەری لەسەر بڕی بەرهەمهێنان دەبوو، بۆیە ئەم گۆڕانی کەش و هەوایە ئەگەر بەردەوام بێت کاریگەری خراپتریشی دەبێت.
هەروەها وتیشی، بۆ سەوزەواتەکان کاریگەری درووست دەکات بەتایبەت ئەو بەروبوومانەی، کە لە زووەوە داچێندراون.
لەکۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، شەپۆلی سەرما لەسەر ئەو بەرهەمانەی، کە گوڵی نەکردووە کاریگەری درووست ناکات.
ئـ. پـ
Comments are closed.