ناوەندی هەواڵەکان
ماڵپەڕی گەریلا تیڤی، دیمەنی چالاکیییەکی گەریلاکانی ئازادیی بڵاوکردەوە، کە لە ١٨ـی ئەم مانگە دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامدراوە، بە هۆیەوە تۆپهاوێژێک، کە بەردەوام هێرشی دەکردە سەر گەریلا لەناوبراوە.
چالاکییە وەڵامدەرەوەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دژی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بەردەوامە، ماڵپەڕی گەریلا تیڤیش دیمەنی چالاکییەکی گەریلای بڵاوکردەوە.
لە دیمەنەکە دەردەکەوێت، یەکینەکانی شەهید ئاخین مووش، بە درۆنی کامیکازی چالاکییەکی وەڵامدەرەوە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەرگەلێ لە زاپ لە ١٨ـی نیسان ئەنجام دەدەن.
لە چالاکییەکەدا یەکێک لەو تۆپهاوێژانەی بەردەوام هێرشی دەکردە سەر گەریلاکانی ئازادیی لەناوبراوە.
چالاکییەکەی گەریلاکانی ئازادیی لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکە بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هەروەک پەکەکە لە ڕاگەیاندراوی ١ـی ئاداریدا کە بڕیاری ئاگربەستی تاکلایەنەی دا ڕایگەیاندووە، گەر هێرشمان بکرێتەسەر ئامادەی پارێزگارییکردنین لە خۆمان و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە.
جێگای ئاماژەیە، تەنها لە مانگی ئاداردا سوپای داگیرکەری تورک زیاتر لە ١١ هەزار جار بۆردوومانی باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای کردووە، هەروەها هێرشەکان لە مانگی نیسانیشدا بەردەوامن و تا ئێستا هەزاران هێرش ئەنجامدراون.
ب. جـ
Comments are closed.