ناوەندی هەواڵەکان
ڕۆژنامەگەری کوردی وەک ناساندن و بنیادنانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری، هەنگاوێک بۆ شکاندنی بتی ئەقڵییەتی خۆسەپێن و پیاوسالاری دەسەلاتخوازی سەر کوردستان، دوای ١٢٧ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، دەسەلاتی کوردی لەباشوور زۆنی مەترسیداری بوونیاد ناوە بۆ کاری میدیایی.
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی ڕۆژێکە کە لە ٢٢ـی نیسان، لە ھەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی ڕۆژنامەی کوردستان، کە لەلایەن میقداد میدحەد بەدرخان لە قاھیرە لە ساڵی ١٨٩٨ ، ھاوکات ئەمڕۆژە بە ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دادەنرێت، کە ئەم سەندیکایە لە ساڵی ١٩٩٨ دامەزرا.
١٢٧ ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ـی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەمین ڕۆژنامەی کورد بە ناوی ڕۆژنامەی “کوردستان” ژمارەیەكی خۆی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەركرد، لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ – ١٩٠٢ ز ٣١ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە چەند شوێنێکی جیاواز لێ دەرکرا، ھاوکات هەر لەم ڕۆژەدا و لەساڵی ١٩٩٨دا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە باشووری کوردستان دامەزرێنراوە.
ڕۆژنامەی كوردستان، لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەردەكرا و بەشێکی بابەتەکانی ڕۆژنامەکەش بۆ هۆشیاری نەتەوەی کورد و لایەنەکانی مێژوو – وێژە و کەلتووری کورد تەرخان کرابوو، هەربۆیە بە نهێنی ژمارەكانی دەگەیشتنە كوردستان.
لەدوای ئەو میژووەوە زۆر گۆڕانکاری بەسەر بزاڤی بزوتنەوەی ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری کوردیدا هاتووە، واتە زۆر قۆناغی جیاجیای بە خۆیەوە بینیووە ، چ لە ئاستەنگی وە چ لە دەوڵەمەندی فرەیی دەزگاکان کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ڕۆشنبیری و کلتووری کوردی لە کوردستاندا، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا لەهەموو بوارەکانی ڕۆژنامەگەریدا ڕۆڵ وکاریگەری خۆی هەبووە بۆ پێشخستنی ڕەوشی ڕۆنامەگەری کوردی، بە شێوەیەك کە ڕۆژنامەگەری کورد پێ بنێتە نێو ڕۆژنامەو میدیاو گۆڤارو بڵاوکراوە و پێگە ئەوروپی و جیهانییەکانەوە، هەربۆیە ئەو هەنگاوە لە چوار دیواری سنوورەکانەوە هەنگاوی ناوە بەرەو کیشوەرەکان.
هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژانە و بەردەوام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان پێشێلکاری هەیە بەرانبەر بە ئازادیی دەربڕین و سنووردارکردن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، هاوکات پاشەکشەی ئازادییەکانی کاری ڕۆژنامەوانیش ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی کاتێك کە یاساکان پێشێل دەکرێت یان بەناوی دیمووکراسی ڕۆژنامەگەرییەوە خەڵکانێك لە هەموو پلەو پایەیەکدا خۆیان دەخزێننە نێو دەزگا و میدیاکانەوە، بێ ئەوەی پێشینەیەک یاخود شارەزاییەکی تەواوی ئەو کارەیان هەبێت، ئەمەش لە هەندێک ڕووەوە نیشانەی پرسیاری لەسەر دەزگا میدیاییەکان داناوە.
هەرچەندە ڕۆژنامەگەری كوردی بناغەیەكی مێژوویی هەیە و كتێبخانەی كوردی دەیان گۆڤار و ڕۆژنامەی كوردییان تێدا هەڵگیراوە، كە هەریەكەیان لە سەردەمی خۆیدا شۆڕشێك بووە دژ بە داگیركەران و چەوساندنەوەی گەلی كورد، بەڵام لە سەر دەستی دەسەڵاتی سیاسی كوردیدا بە تایبەت لە باشووری کوردستان ئەركی سەرەكی كاری ڕۆژنامەگەری دەشێوێندرێت، زۆر جاریش هاوشێوەی بەشێک لە سێکتەرەکانیتر دەبێتە حیزبی و بنەماڵەیی و ڕاستگۆیی پیشەییانەی خۆی لەدەست دەدات.
هاوکاتی ئەمانەش لە سەردەمی ئێستاماندا ڕاگەیاندنی ئازاد جیاواز لە تەواوی شێوازەکانی کاری میدیایی و وابەستە بە ئیتیک، ئەخلاقی میدیایی و تەواوی یاسا و ڕیساکانەوە، بۆ گەیاندنی حەقیقەت و ڕاستی، تەواوکاری پەیامەکانی ڕۆژنامەی کوردستانە، کارکردنی بە ئامانجی خستنەڕوری ڕاستییەکان و هەڵماڵینی دەمامکی ناپاکی و گەندەڵی و داگیرکارییە لەسەر خاک، ژنان، ژینگە و تەواوی کارە وەبەستەکان بە ژیانی کوردانەوە.
هەر ئەمەش وایکردووە لەلایەن دژبەران و دووژمنانەوە دژایەتی تەواو بکرێت، زۆرکات ڕێگری لەکارەکانی میدیای ئازاد بگیرێت و ڕوبەڕوی تیرۆرکردن ببنەوە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوودا کە سێ شەهیدی بەخشی بە گەلەکەی ئەوانیش (گوڵستان تارا، هێڕۆ بەهادین و عەزیز کۆیلۆئۆغلۆ)یە، هاوکاتی ئەمانە بە بڕیارێکی ئەقڵیەتی پیاوسالارانە و دەسەڵاتخوازی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەر یەک لە دەزگا میدیاییەکانی سەر بە کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان بڕیاری داخستنیان بۆ دەرکرا، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی دەسەلات و دەزگا ئەمنییەکان بوو لەسەر ڕاگەیاندن و میدیای ئازاد.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییە لەدووای ١٢٧ ساڵ لە دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، هێشتا دەسەلات خۆی لە ئەقڵیەت و کلتوری داگیرکەر پاکنەکردۆتەوە و نەیتوانیوە ببێتە پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆ بۆ گەیاندنی ڕاستی و حەقیقەت، بەڵکو تەنها خۆی لە چوارچێوەی شاردنەوەی راستییەکان و ڕێگری لە دەستخستنی زانیاری و پیاهەڵداندا هێشتۆتەوە، بە تایبەت ناوچەکانی دهۆک و بادینانی کردۆتە زۆنی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە باشووری کوردستان.
ئ پ
Comments are closed.