ناوەندی هەواڵەکان
بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ژنانی خاوەنكارو دەستڕەنگین فێستیڤاڵێكی بەهارە، بۆ ژنانی شارەزوور كرایەوە، بەشداربوانی ناو فێستیڤاڵەكەش بە گرنگییەوە دەینرخێنن و دەڵێن: توانیومانە كارە دەستییەكانی خۆمانی تێدا ساغبكەینەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەمین فێستیڤاڵی بەهارە لە پاركی گشتی شارۆچكەی شارەزوور، لەلایەن ناوەندی ڕێكخراوە دیموكراتیکەكانەوە، بۆ ٤٢ ژنی خاوەنكار و دەستڕەنگینی سنوورەکە، بۆ ماوەی یەك ڕۆژ کرایەوە.
دەشنێ عوسمان، یەكێك لە بەشداربوانی ناو فێستیڤاڵەكە بە ڕۆژنیوزی وت: ژنان بەشێكیان بە كاری دەستیی و بەشێكی دیكەشیان بەخواردەمەنی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە، فێستیڤاڵەكە گرنگی خۆی هەیە، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی ژنانی بەشداربوو بتوانن تواناكانی خۆیانی تێدا دەربخەن و سودێكی ئابووریشی هەبێت بۆیان.

هەروەها سەنا عەلی بەشداربوویەكی دیكەی فێستیڤاڵەكەیە دەڵێت: فێستیڤاڵەكە ساڵانە ڕێكدەخرێت بۆ ژنانی خاوەنكار و دەستڕەنگین، ژنان بە كاری چنین و دەستڕەنگینی و بابەتی جوانکاری و خواردن بەشداری تێدا دەكەن، ئێمەش بە خواردنە کوردەوارییەکان بەشداریمان كردووە، زۆر گرنگە فێستیڤاڵەكە بۆ ئێمەی ژنان، بەرهەمەكانی خۆمانی تێدا ساغدەكەینەوە، داواش لەژنان دەكەم بێنە دەرەوە و كاری خۆیان بكەن.
ب.گ
Comments are closed.