ناوەندی هەواڵەکان
ڕۆژی ڕابردوو، بە بەشداریی ٤٠٠ ئەندامی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی سووریا و شاندەکانی باشوور و باکووری کوردستان، لە هۆڵی ئازادیی لە شاری قامیشلۆ، کۆنفرانسی “یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی” ئەنجامدرا.
لە کۆنفرانسەکەدا بەڵگەنامەیەکی مێژوویی پەسەندکرا، ئاژانسی هەواڵیی ڕۆژنیوز، دەقی بەڵگەنامە مێژووییەکە بۆ خوێنەرانی دەخاتەڕوو.
دەقی بەڵگەنامەی پەسەندکراوی کۆنفرانسەکە بەمشێوەیەیە:
“گۆڕەپانی نەتەوەیی سووریا
١- سووریا دەوڵەتێکە کە لە زۆر گەل، کەلتوور، ئایین و بیروباوەڕی جیاواز پێکهاتووە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا، عەرەب، کورد، سریانی، ئاشووری، چەرکەس، تورکمان، عەلەوی، دورزی، ئێزدی و مەسیحی لە دەستووری بنەڕەتیدا مسۆگەر دەکات.
٢- دەبێت دەوڵەت بە گوێرەی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان، مافەکانی مرۆڤ و پێوانەکانی هاوڵاتیبوونی یەکسان هەڵسوکەوت بکات.
٣- سیستەمی بەڕێوەبەری (حکومڕانی) لە سووریادا سیستەمێکی پەرلەمانی دوو ژوورە، لەسەر بنەمای فرەڕەنگی سیاسی، گواستنەوەی دەسەڵاتە بەشێوەیە ئاشتییانە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە. لە چوارچێوەی سیستەمی ناناوەندیدا پشت بە ئەنجوومەنی ناوچەکان دەبەستێت.
٤- سووریا ناناوەندییە، دەسەڵات و سامانەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان ناوەندەکان و دەوروبەردا دابەش دەکرێن.
٥- دەبێت ناوی دەوڵەت، ئاڵا و سروودی نیشتیمانی ڕەنگدانەوەی هەموو نەتەوە و کەلتوورەکانی کۆمەڵگەی سووریا بێت.
٦- دەوڵەت لە بەرامبەر ئاین و بیروباوەڕییەکان بێلایەنە، مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان پارێزراو بێت و ئاینی ئێزدی وەک ئاینی فەرمی لە دەوڵەتدا بناسرێت.
٧- پشت بە ناسنامەیەکی نیشتیمانی هاوبەش ببەستێیت کە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکان لەبەرچاو بگرێت.
٨. مسۆگەرکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سووریا و هەروەها نوێنەرایەتی کردنیان لە هەموو ناوەندەکاندا.
٩-پاراستنی مافی منداڵان بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، چاودێری و هاوکاریکردنیان بەپێی سرووشتی ناوچەکە و دەرفەتەکانیان. هەروەها دەبێت پێداویستییە تایبەتەکانیان، بەپێی سرووشت و تەمەنیان بۆ دابین بکرێت.
١٠-دابەشکردنە ئیدارییەکانی ئێستا سەرلەونوێ بە پشتبەستن بە ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەری جوگرافیاکەیان لەبەرچاو بگیردرێت.
١١- گەڕاندنەوەی شوێنەوار و بەرهەمە مێژووییەکانی سووریا کە تاڵان کراون و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاو بوونەتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان.
١٢- پووچەڵ کردنەوە و ڕاگرتنی هەوڵەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردییەکان و هەموو ناوچەکانی سووریا و هەروەها گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی زۆرەملێ لە ماڵ و ژیانی خۆیان لە سەرێکانی، گرێ سپی و عەفرین کۆچیان کردووە بە سەلامەت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.
١٣- ئەنجوومەنێکی دامەزرێنەر لەژێر چەتری نێونەتەوەییدا درووستبکرێت کە نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا تێیدا بەشداربن، بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دیموکراتیک و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات و توانای هەموو دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی هەبێت.
١٤- هەموو پێکهاتەکان مافی ئازادیی ڕادەربڕین و خوێندن بە زمانی دایک و بەهرەمەندی کەلتووریان هەبێت.
١٥- ٨ـی ئادار وەک ڕۆژی ژنان لە سووریادا دانیپێدابنرێت.
گۆرەپانی نەتەوەیی کورد:
یەکەم: ناوچە کوردییەکان لە ژێر چەتری سووریایەکی فیدڕاڵدا وەک یەکەیەکی ئیداری و سیاسی یەکگرتوو ببێتە یەک.
دووەم: دان بە هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورددا بنرێت وەک گەلێکی خۆجێی سووریا. بەگوێرەی پەیمانە نێونەتەوەییەکان هەموو مافە نەتەوەییەکان و مافی بەکارهێنانی مافە سیاسییەکان، کەلتووری و ئیداری بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان لە دەستووری بنەڕەتییدا جێگیر بکرێت.
سێهەم: فیداکاریی شەهیدانی شۆرشی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، هێزەکانی ئاسایش، ئەو زیندانییانەی کە لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی لە بەرخۆدانەکانی دژی کۆمەڵکوژییەکانی داعشدا شەهید بوون، بە ڕێزدارییەوە پێشوازییان لێبکرێت، پشتگیری و هاوکاری بنەماڵەکانیان بکرێت و بە هەمووارکردنی یاسایی مافەکانیان جێگیر بکرێت.
چوارەم: لە نێو کۆمەڵگەدا گەنجان وەک هێزێکی بنەڕەتی سەیریان بکرێت و لە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتەدا بە شێوەیەکی یەکسان نوێنەرایەتییان هەبێت.
پێنجەم: هاوشانی زمانی عەرەبی لە دەستووری بنەڕەتییدا، وەک زمانی فەرمی دان بە زمانی کوردییشدا بنرێت، پەروەردە و فێرکردن بە زمانی کوردی بدرێتەوە.
شەشەم: پەیوەست بە زمانی کوردی و میراتە مێژوویی و کەلتوورییەکەیەوە، ناوەند و بەشی پەیوەندیدار دامەزرێنرێت، ناوەندە میدیاییەکانی وەک کەناڵی تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆ بە پەخشی کوردی بکرێتەوە، پەرتووک و گۆڤار بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوبکرێتەوە، هەروەها ناوەندی کار و لێکۆڵینەوە بکرێتەوە.
حەوتەم: کورد بەشداریی ناوەندە یاسایی، دادگەریی، ئیداریی و ئەمنییەکانی دەوڵەت بکرێت.
هەشتەم: ڕۆژی ٢١ـی ئادار ڕۆژی نەورۆز لە وڵاتدا وەک پشووی فەرمی پەسەند بکرێت و ١٢ـی ئاداریش وەک ڕۆژی یادکردنەوەی شەهیدانی ڕاپەڕینی قامیشلۆ پەسەند بکرێت.
نۆیەم: پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی دژی کوردان و تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان و هەموو سیاسەت، ڕێوشوێن و یاسا نائاساییەکان هەڵبووەشێنرێنەوە، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەم سیاسەتە جیاکارییانە بکرێتەوە. پێویستە دۆخی واقعی پێش ئەم سیاسەتانە بگەڕێنرێتەوە، هەموو ئەو ڕێککەوتنە ئاشکرا و نهێنییانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری سووریا و بوونی کوردان هەیە، هەڵبوەشێنرێنەوە.
دەیەم: ڕەگەزنامەی سووری بۆ ئەو هاوڵاتییە کوردانە بگەڕێندرێتەوە، کە لە سەرژمێری تایبەتی ١٩٦٢ـدا مافی ڕەگەزنامەیان لێ وەرگیراوە و ناویان تۆمار نەکراوە.
یازدەیەم: بەهۆی پشتگوێخستنی بە ئەنقەست لە پێشخستن و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی کوردان، پێویستە ڕێژەیەک لە داهاتی سەرچاوە دەوڵەمەندەکان بۆ پێشخستن و ئاوەندانکردنەوەی ناوچەکانی کوردان تەرخان بکرێت.”
ب. جـ
Comments are closed.