وەرتێ
بە ئامانجی گێڕانەوەی نەریتی ئەسپسواری گەنجانی سنووری وەرتێ لە باڵەكایەتی سێیەمین فێستیڤاڵی ئەسپسواریان ئەنجامدا و بە نزیكەی ٤٠ ئەسپ چەندین نمایشی كێبركێ و غاردان و نمایشی ئەسپبازییان ئەنجامدا.
گەنجانی سنووری شارەدێی وەرتێیی سەر بە شارۆچكەی ڕواندوز لە بناری چیایی كارۆخ، سێیەمین فێستیڤاڵی ئەسپسواریان ئەنجامدا، هاوکات چەندین کاری دیكەی فۆلكلۆری و كەلتووری و فەرهەنگی سنوورەكەشیان نمایش كرد.

محەمەد ڕەحمان كە یەكێكە لە شارەزایانی جۆرەكانی ئەسپ دەڵێت: ئەسپ گرنگییەكی زۆری هەیە لە مێژووی كورد، بەتایبەت بۆ كاری ڕۆژانە و سوارچاكی و لە شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستان لە هەموو ناوچەكان ئەسپ ڕۆلێكی گەورەی هەبووە و هاوكرێكی باشبووە.
ئەو شارەزایەی دەشڵێت: ئەسپی كوردی و ئەسپی ڕەوەندی و ئەسپی عەرەبی و توركی هەیە، بەڵام گرنگترینیان و بەهێزترینیان ئەسپی كوردییە كە بەرگەی سەرما و شاخ و سەختییەكانی ناوچەكە دەگرێت بۆیە گرنگە لەم جۆرە فێستیڤاڵ و چالاكییانەدا تەنیا پەرە بە زیادكردنی ئەسپی كوردی بدرێت و وابكرێت جارێكی تر بگەرێتەوە شاخەكان.

هەروەها خالید خدر، یەكێك لە ئەسپسوارانی كارۆخە و دەڵێت: ئەسپسواری گرنگییەكی زۆری هەیە ئێستاش لە زۆربەی كارە ڕۆژانەیەكانمان بەکاری دەهێنین، ئەسپ پێویستییەكی گەورەیە بۆیەش ئێمە ئێستا لە سنوورەكەمان زۆربەی ماڵ و كەسەكان ئەسپان هێناوەتەوە و جگە لە كاری خۆمان ساڵانە نمایش و فێستیڤاڵی ئەسپسواری دەكەین ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵە فێستیڤاڵ دەكەین و جگە لەوەش نمایشی كۆمەڵێك كەلوپەلی كوردی دەكەین وەك ڕەشماڵ و كەلوپەلی ڕۆژانەی كۆن كە بەكار هاتوون.
ئەو ئەسپسوارە دەشڵێت: ئەگەر هاوكاریمان بكرێت، دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەسپی كوردی جارێكی تر زیاد بكەینەوە و بیگێرینەوە ناو سرووشتی كوردستان و پەرەی بێبدەین بۆیەش ئێستا ئەو كەسانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارن هەموویان ئەسپی كوردیان پێیە و نمایشی پێ دەكەین.
دوای چەندین ساڵ لە پشتگوێخستنی نەریتی ئەسپسواری و بەخێوكردنی ئەسپ جارێكی تر لە چەندین ناوچەی جیاجیای كوردستان ساڵانە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای چالاكی جۆراوجۆر و فێستیڤاڵەوە ئەسپی كوردی بگێڕنەوە نێو سرووشتی كوردستان.
ب. جـ
Comments are closed.