لە لۆزان پێشوازی لە جەژنی زمانی کوردی کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە شاری لۆزانی سویسرا بە چالاکییەکی کەلتووری جەژنی زمانی کوردیی پیرۆزکرا و بە پانێڵێک باس لە گرنگی تێکۆشانی زمان لە دژی سیاسەتەکانی تواندنەوە کرا.

بە بۆنەی ١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردی لە شاری لۆزانی سویسرا، لەلایەن ئەنستیوتی کوردی سویسرا و ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی لە لۆزان، چالاکییەکی پیرۆز کردن بە بەشداری چەندین کەس ئەنجام درا.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان لە شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد و دواتر لە لایەن منداڵانەوە بە جلوبەرگی کوردییەوە سروودی ‘ئەی ڕەقیب’ وترایەوە.

دواتر بەرنامەکانی چالاکییەکە بە ئەنجامدانی پانێڵ بەردەوام بوو و لە پانێڵەکەدا مەحسوم نسێبین، نووسەر و شاعیر و دڵبەر حەمە، هاوسەرۆکی ئەنستیوتی کوردی سویسرا قسەیان کرد و باسییان لە گرنگی زمانی کوردی لە تێکۆشانی گەلی کورد و زیندووڕاگرتنی شووناسی نەتەوەییدا کرد.

چالاکییەکە بە خوێندنەوەی هەڵبەست و گۆرانی منداڵان بەردەوام بوو، لە کۆتاییدا لە لایەن هونەرمەندانی تەڤ-چاندەوە گۆرانی کوردی وترایەوە و چالاکییەکە کۆتایی هات.

ب. جـ

Comments are closed.