ڕزگار شەوکەت- نووسەر
لە باشوور هەر هەڵوێست و بڕیارێکی پەکەکە شەپۆلێک کاردانەوە بەدوای خۆیدا دێنێت، ئەمەش دوو لایەنی هەیە، لە لایەک هۆکارەکە ئەوەیە خەڵک چاوەڕوانیان لەم ڕێکخراوە هەیە و هیوایان پیا هەڵواسیوە، دیوەکەی دیکەی ئەو هەڵمەتە هەواڵگیری و سیخوڕییەیە کە لەسەر پەکەکە هەیە.
بەڵام هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی پەکەکە چی پێ وتین؟ ڕەنگە بڵێم بۆ یەکەمجارە لای کورد دەتوانیت هەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو بگێریتەوە بۆ کۆمەڵێک بنەماو پایەی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵناسی، هەر خودی پەکەکە فێری ئەوەت دەکات بەپێی کۆمەڵێک پایەی فیکری و ئایدیۆلۆژی مەحکەمەی بکەیت، پێوەرت دەداتێ، ئەوەش پەتێکە و لە ملی پەکەکە خۆی دەئاڵێت و ناچاری دەکات پابەند بێت، پابەندیش نەبێت دەبێتە خاڵ لەسەری. بەڵام کورد لە ڕابردوودا لانیکەم لە ڕووی سیاسییەوە ئەمەی نەبووە.
ئەگەر سیاسەت بەپێی بنەمای فیکری و ئایدۆلۆژی بوو ئەو ڕێکخراوە دەبێتە خاوەن مێژوو، ئایدیا و پایەی سیاسی وەک دەزووی تەزبیح وایە بۆ ڕێکخراوی سیاسی، ڕابردوو و ئێستای ڕێکخراوەکە بەیەکەوە گرێ دەدات، ئایدیا نەبوو هەر دانەیەکی تەزبیحەکە ڕووداوێکی سەربەخۆیە، کەڵەکە و درێژەی ئەزموونێکی پێشوو تر نابێت، لێرەوە کاتێک دەوترێت کۆنگرەی دوانزەیەمی پەکەکە واتا ئەمە دەنکێکی ترە لە دەنکەکانی تەزبیحی ئەو ڕێکخراوە، ئەمە درێژەی ئەوەی پێشووە.. تەواوکەری ئەزموونێکی مێژووییە، دەنا ئاشبەتاڵ کۆنگرەی ناوێت!
کورد لە ڕابردوودا هەڵوێستە سیاسییەکانی پایەیان نەبوو، کاردانەوەی سیاسی و واقعی ڕاستەوخۆ بوون، هەڵوێست بوون بە پێی ڕۆژ، بەڵام تەڤگەری نوێی کورد بە هۆکاری ئەزموون و ئەدەبیاتێکی کەڵەکە بوو، لە دۆخی ڕاگوزەر و هەڵوێستی سەرپێی ڕزگاری بووە و پەڕیوەتەوە بۆ سیاسییەت بەپێی پرەنسیپ.
بۆ نموونە کۆنگرەی پەکەکە و بڕیارەکانی کردارێکی ساسی و ڕێکخراوەییە، بەڵام دەتوانێت پێوانەی کەی بە مێژوو و ڕابردووی پەکەکە، بیدەی لە مەحەکی شرۆڤە سیاسی و کۆمەڵناسییەکانی ئۆجالان، پایەی ستراتیژی و دوور مەودای لە ناو جوڵانەوەکەدا بۆ بدۆزیتەوە، بەڵگە و ئەرگیۆمێنتی بۆ بێنیتەوە، مەحکەمەی بکەیت بەو بنەما سیاسیی و فیکریانەی بزووتنەوەکەی لەسەر درووست بووە.
لێگەڕێ پایەکان تاچەند بەڵگەدارن، قەناعەت پێکەرن یان نا، ئێمە هاوڕاین یان نا، بەڵام گێڕانەوەی هەڵوێستی سیاسی بۆ سەر کۆمەڵێک بنەمای فیکریی و سیاسی پرسێکی نوێیە لە ئەزموونی ڕێکخراوەیی کورددا، کە پایە و ڕێسا هەبوو ڕاست و هەڵە مانایان هەیە، دەنا لە دەرەوەی ئەوە هەموو شتێک ڕاستە، هەڵەشە لە هەمان کاتدا!
بۆ نموونە بڕیاری ئاشبەتاڵ پاڵپشت بە کام بنەمای سیاسی و فەلسەفی درا؟ هیچ هەر ئەوەیە وەزعەکە لە گوێمان ناکات! نەک هەر ئەوە لە تەواوی مێژووی پارتیدا هەڵە و لادانێک نادۆزیتەوە! خیانەتەکانیشی شانازین! یان تەنانەت ڕاپەڕین چۆن کرا؟ هیچ فرسەتێک هاتە پێشەوە بۆشاییەک خولقا و ئیتر ئێمەش بەربووینەوە! هەڵوێستە سیاسییەکان، بڕیارەکان بێ پاڵپشتن، بنەمای ئایدیۆلۆژی و ئایدیایان نییە، لە مێژووی ڕێکخراوە سیاسییەکانی باشووردا، لە حیزبە کوردییەکاندا سیاسییەت بێ مەبدەئە، ڕاییی کردنی پرسێکی ڕۆژانەیە، لەم ڕووەوە حیزبە چەپ و ئیسلامییەکان هەندێک بنەمایان هەبوو لەگەڵ هەندێک بەرچاوڕوونی ئایدیۆلۆژیی، باقی ئاو بێنەو دەست بشۆ.
بە کورتی کورد لە ئەزموونی پەکەکە و تەڤگەری ئازادیی باکوورەوە خەریکە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو ڕاستییە نەرم دەکات کە بڕیاری سیاسی نابێت تەنها پاڵپشت بێت بە ڕووداوی واقعی و ڕاگوزەرەوە، بەڵکوو دەبێت مێژووی ڕێکخراوەکە بایی ئەوە ئەدەبیاتی سیاسی و فەلسەفی بەرهەم هێنابێت کە هەڵوێستە ڕۆژانەکانی ئێستای پێ بپێویت، ئەمەش یەعنی ڕزگار کردنی کورد لە دۆخی ڕاستەوخۆیی و بێ ڕیشەیی، واتا لە ئەنجامی ئەدەبیاتی ئۆجالانەوە کورد وا خەریکە دەبێتە خاوەنی جۆرێک میتافیزیکا.
ڤ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونی تایبەتی نووسەر خۆیەتی
Comments are closed.