هەڵەبجە
ته‌مبوور یاخود ته‌مبووره، ئامێرێكى میوزیکی پیرۆزه لاى كاكه‌ییه‌كان، له بۆنە و مه‌راسیمه ئاینییه‌كانى خۆیاندا به‌شێوه‌ى عیرفانى تایبه‌ت به‌كارى دێنن، كاكه‌ییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ش گرووپێكى تایبه‌ت به ته‌مبوورژه‌نینیان دامه‌زراندووە و سەبارەت بەو ئامێرە میوزیکییە ده‌ڵێن: ته‌مبوور له ئاینى یارسان پیرۆزه و ڕه‌سه‌نایه‌تى گه‌لى كورده، پێویسته هه‌موومان پێكه‌وه بیپارێزین.
ماوه‌ى ١٤ ساڵه كاكه‌ییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه، گرووپى ته‌مبوورژه‌نى “هاوارى شنروێى كاكه‌یی”ـیان دامه‌زراندووه، ساڵانەش بەشداریی لە مەراسیمە تایبەتییەکانی خۆیان و تەنانەت گشتییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستاندا دەکەن، لە زۆرینەی مەراسیم و بۆنەکانیشدا ئاواز و سروودی ئاینی تایبەت بە یارسانەکان دەڵێنەوە.

ڕابه‌ر بورهان، ته‌مبوورژه‌ن سەبارەت بە پیرۆزی ئامێزە میوزیکییەکە لەلای یارسانەکان بۆ ڕۆژنیوز وتى: ته‌مبوور ئامێرێكى گرنگ و پیرۆزه له‌ناو ئاینى یارسان و بە تایبەت کورد و له مه‌راسیمه تایبه‌ته‌كانى خۆمان به‌كارى دێنین، كورد ده‌بێت شانازى بكات ئامێرى ته‌مبوورى هه‌یه، بە پشتگیرى ئێمه بێت ئه‌م ناسنامه‌یه ون ناکرێت له‌ناو كورده‌واریدا.
ڕابه‌ر وتیشى: ته‌مبوور شێوه‌ى مه‌قامژه‌ندنى هه‌یه، له‌گه‌ڵیشیدا ده‌خوێنرێت، هه‌روه‌ها شێوه‌ى تاكژه‌ندن و گرووپى هه‌یه، گرووپیه‌كه پێشتر ده‌بێت ئاماده‌كارى بۆ بكه‌یت بۆ مه‌راسیمێكى تایبه‌ت، وه‌ك كاكه‌ییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه ئه‌م فێرگه‌یه‌ی هه‌مانه، زیاتر له ١٢٠ ته‌مبوورژه‌نى په‌روه‌رده كردووه، بۆ چالاكییه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كى زۆر جوان خۆمانى بۆ ئاماده ده‌كه‌ین و پڕۆڤەی لەسەر دەکەین.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی هونەر دا و وتی: هونه‌ر لایه‌نێكى گرنگه له‌ناو مرۆڤایه‌تی، ئاینى یارسانیش به گرنگییه‌وه لە هونەری ڕوانیوە، سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى هه‌یه، ئامێرى مۆسیقا و ته‌مبوور له ئاینه‌كه‌ماندا هه‌یه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، بۆ نموونه‌ش له‌كاتى له‌دایكبوونى هه‌ر منداڵێكمان به ئامێرى ته‌مبوور په‌روه‌رده‌ى ده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ى مرۆڤ ڕۆحى له جه‌سته ده‌ڕوات، به‌و شێوه ئامێرى ته‌مبوور له‌ناو ئاینى یارسان پیرۆزى هه‌یه، به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه‌کەیەوە له مه‌راسیمه ئاینییه‌كانى ئێمه‌دا به‌كارده‌هێنرێت، واته موڵكى ئێمه‌ى كاكه‌ییه.

ژنانى كاكه‌یش به‌شدارییه‌كى گه‌وره‌یان هه‌یه له ژه‌نینی ئامێرى ته‌مبوور له مه‌راسیمه تایبه‌ته‌كانى خۆیان، مونیره مه‌حموود یه‌كێكه له ئه‌ندامانى گرووپى ته‌مبوورژه‌نى هاوارى شنروێى كاكه‌یی بۆ ڕۆژنیوز وتى: لە دێرینەوە ته‌مبوورمان به‌كارهێناوه له بۆنه ئاینییه‌كانى خۆماندا، تەمبوور ئامێرێكى كۆنى كوردى ڕه‌سه‌نایه‌تییه، له‌گه‌ڵ هاتنى ئاینى یارسان ئامێره‌كه هه‌یه و مۆركى كوردى پێوه‌یه، هێنامانه ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌گوێى جیهانى بده‌ین.
منیره وتیشى: تەمبوور زۆر پیرۆزه لاى ئێمه‌ى كاكه‌یی له زۆربه‌ى ماڵه‌كاندا ئامێرى ته‌مبوور هه‌یه و به زۆر جۆر ده‌ژه‌نرێت.
تەمبوور یان تەمبوورە، تەمیرەشی پێدەوترێت، ئامێرێکی میوزیکی تایبەتی ئاینی یارسانە کە زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان باوە و بەکاردەهێنرێت، لە باشووری کوردستانیش لە هەڵەبجە و کەرکووک کاکەییەکان بەکاری دەهێنن، شوێنکەوتووانی ئاینی یارسان وەک سازێکی پیرۆز لە بۆنە ئاینییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرن.
یارسان و کاکەییەکان سەدان ساڵ و بەدرێژای مێژووی بوونی خۆیان پارێزگاری‌یان لەو ئامێرە كردووە نەوە بە نەوە لە ناو خۆیاندا هێشتوویانەتەوە و پاراستوویانە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
ئامێری تەمبوور لە كاسەیەكی دارین و دەسكێك و سێ ژێ پێكهاتووە و ئاوازێکی سەرنجڕاکێش و تایبەتى هەیە، لەلای کاکەیی و یارسانەکان لە کاتی ژەنینی ئەو ئامێرەدا دۆخێکی تایبەتى دەروونی و بەسۆزی عیرفانییان لەلا درووست دەبێت.
ب. جـ
Comments are closed.