ناوەندی هەواڵەکان
جارێکی دیکە گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمن، لەسەر ناوچەی کشمیر سەری هەڵداوەتەوە و پێکدادانەکانی نێوانیان گەیشتووە بە بۆردوومانکردنی یەکدی، ڕێبەر ئاپۆ هۆکاری ئەم پێکدادانانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بنبەستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەرامبەر ئەوەشدا مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک بە گونجاوترین ڕێگەچارە دەزانێت.
هەرچەندە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان لەسەر کشمیر دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ـی نیسانی ئەمساڵ ئەوەش بە هێرشکردنی گرووپێکی چەکداری پاکستانی بۆسەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە بەشی کشمیری هیندستان و کوشتنی ٢٦ گەشتیار، بەڵام گرژییەکانی نێوانیان مێژووییەکی درێژتری هەیە.
پرسی کشمیر کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا بەردەوامە، قەیرانێکە کە هەندێک جار سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت بەڵام زۆرجار پشتگوێ دەخرێت، ئەم ناوچەیە لە دامێنی بەرزاییەکانی هیمالایادا خۆی حەشارداوە و نوێنەرایەتی چەقبەستوویەکی مێژوویی، سیاسی و مرۆیی دەکات کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی نەک تەنها دوو وڵات بەڵکو ملیۆنان کەسیش هەیە.
بە دیارییکراوی دوای کشانەوەی بەریتانیا لە هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ ئەو ناوچەیە دابەش بوو بەسەر دوو دەوڵەتی جیاوازدا، هیندستان و پاکستان، ئەم دابەشبوونە زۆرجار بەهۆی ناسنامە ئاینییەکانەوە لە قاڵب دەدرا، زۆرینەی موسڵمانان لە پاکستان و زۆرینەی هیندۆسەکان لە هیندستان جێگیر بوون، بەڵام بۆ هەندێک میرنشین وەک جامو و کشمیر، گواستنەوەکە زۆر ئاڵۆزتر بوو.
ئەم ئاڵۆزییە بووە هۆکاری چەندین شەڕ لە ساڵانی ١٩٤٧، ١٩٦٥، ١٩٧١، ١٩٩٩ تا دابەشبوونی تەواوەتی لە ساڵی ٢٠١٩، بەڵام ئەمەش نەبووە هۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بەڵکو لەمساڵیشدا جارێکی دیکە پێکدادانەکان دەستیان پێکردووە و تا دێت ئاگری ئەو شەڕە بڵێسەکەی زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەم ململانێیە ئێستا بووەتە ڕۆژەڤی جیهان و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیشی هەیە، لەم سەروبەندەشدا پێویستە جارێکی دیکە دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو ململانێیە بەهەند وەربگیرێت.
ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگی پێنجەمی “مانیفێستۆی شارستانێتی دیموکراتیک”، پەیوەست بە ڕێگەچارەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاماژە بە کێشە مێژووییەکەی پاکستان و هیندستان لەسەر ناوچەی کشمیر دەکات و نەتەوەی دیموکراتیک بە ڕێگا چارەی ئەو کێشە و گرژییە دەیان ساڵەیە دەزانێت، کە ئەمڕۆش بەردەوامە.
سەبارەت بەو کێشە و ناکۆکییە گەورانەی کە دەوڵەت-نەتەوە درووستی کردووە و ئامادەیە خوێنی هەزاران مرۆڤ بە جارێک هەڵوشێت ڕێبەر ئاپۆ نموونەی ناوچەی کشمیر دەهێنێتەوە و دەڵێت: “لە هێڵی ئەو دەوڵەتانەدا (هیندستان-پاکستان) یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورەکانی بنبەستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ئارادایە. پرسی کشمیر بەتەواوی لە دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوە دەگرێت.”
ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، “کێشەکانی پاکستان-هیندستان وەک ئەنجامێکی زهنییەتی ناسیۆنالیزم ڕوویانداوە و تا ئێستاش ڕوو دەدەن. وەک پێویستییەکی سرووشتەکەی، تەنانەت ئاشتی و ڕێگەچارەکانی دەوڵەت-نەتەوەش بێچارەیی و شەڕ بەدی دێنن.”
لە بەشێکی دیکەی دیدگاکانیدا، ڕێبەر ئاپۆ سەرنج دەخاتەسەر یەکێک لە ئەو هۆکارانەی کە ئاگری شەڕی زیاتر جۆشداوە و لەمڕۆشدا لە ئاستی جیهاندا دەبیندرێت و سەنگەری هەژموون و بەرژەوەندییە سەرمایەدارییەکانیان لێکگرتووە و دەڵێت: “لە ئێستاشدا بەهۆی بەرژەوەندیی سەرمایەداریی دەوڵەتە زلھێزە جیهانییەکان بەتایبەتی ئەمریکا و چین لەسەر ڕێڕەوە بازرگانییەکان ئاگری ئەو شەڕە زیاتر کڵپەی سەندووە”.
لە بەرانبەر زهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە و بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلھێزە جیهانییەکان لەو وڵاتانەدا، ڕێبەر ئاپۆ پێشنیاری مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک دەکات و دەڵێت: “جگە لە تیۆریی و دەستەواژەکانی نەتەوەی دیموکراتیک، زههنییەت و ئیرادەیەکی دیکە نییە کە دووبارە ئەو کۆمەڵگەیانە کۆبکاتەوە و بە ژیانێکی دیموکراتیک و ئازادیان بگەیەنێت.”
ڕێبەر ئاپۆ دووپاتیشی دەکاتەوە، “لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا دەگاتە هیندستان، زهنییەتی نەتەوەی دیموکراتیک گونجاوترین چوارچێوەی یەکێتی گەلان و کەلتوورەکانی پێکدەهێنێت کە خاوەن هەمەڕەنگییەکی دەوڵەمەندن.”
هەروەها ڕێبەر ئاپۆ زیاتر پێیدادێت ئاماژە بەوە دەکات، “سەرەتا یەکێتییە هەرێمییەکانی نەتەوەی دیموکراتیک لەو جوگرافیا بەرفراوانەدا پەرەی پێ بدرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی تێکەڵ لەگەڵ یەکێتییەکانی نەتەوەی دیموکراتیکدا لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی پێ بدرێت. بە تایبەتیش باشترین و گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەو هەڵوەشانەوە بەرفراوانەی هەر لە ئێستاوە دەوڵەت-نەتەوەکانی شێوازی پاکستان دووچاری هاتوون، پرۆژەی یەکێتی نەتەوەی دیموکراتییە کە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەی پێ دەدرێت.”
ب. جـ
Comments are closed.