ڕانیە
ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ٣٥ کەسی دەستڕەنگین فێستیڤاڵی گەنجان لە ڕانیە بەڕێوەچوو، بە وتەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ئامانج لێی پشتیوانیکردنی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین و بەشێکی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانە بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ خۆیان لەبری کۆچکردن.
ئەمڕۆ بە مەبەستی دەرخستنی تواناکانی گەنجان و بە تایبەت دەستڕەنگینی ژنان “فێستیڤاڵی گەنجان” لەلایەن گرووپی “کار بۆ کار”ـی سەر بە پڕۆگرامی تۆڕی گۆڕانکاری دووی ڕێکخراوی سپارکی هۆڵەندی و بە هاوبەشی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت سی دی ئۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداری زیاتر لە ٣٥ گەنجی دەستڕەنگین کە زۆربەیان ژن بوون بەڕێوەچوو، تێیدا بە کاری دەستیی، خواردنی کوردەواریی، تابلۆ، جلوبەرگ و چەندین کەرەستەى جۆراوجۆر بەشدارییان کردووە.
بە وتەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بە ڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە لە چوارچێوەی ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ گەنجانی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردن لە تواناکانی گەنجان.
بە وتەی یەکێک لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەش، ئامانجیان لە ئەم چالاکییە، برەودانە بە تواناکانی گەنجان، هەروەها دۆزینەوە و درووستکردنی هەلی کارە بۆیان، لە بری بیرکردنەوە لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات و بەرەوپێشبردنی هیز و توانای گەنجانە لە ناوخۆی وڵاتدا.
ب.گ
Comments are closed.