کەمال چۆمانیی-نووسەر و ڕۆژنامەنووس
ئاشتیی هێندەی شەڕ قوڕسە، ئەو گەلەی لە ٥٠ ساڵی خەباتی پەکەکەدا هاوتەریب لەگەڵ پەکەکە خەباتی کرد و متمانەی بە پەکەکە و سەرکردایەتییەکەی کرد، لە ئاشتیشدا بە هەمان ئیرادە بەردەوام دەبێ.
کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە لە گەلی کورد و تورک و هەموو ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان پیرۆز بێت.
بۆ گەلی کورد جێی شۆکە و ناتوانێت متمانە بکات دەوڵەتێک لەسەر حیسابی کورد دامەزرابێ، ١٠٠ ساڵ نکۆڵیکردن لە کوردبوون، ٥٠ ساڵ بە سەربازیکردنی ناوچە کوردییەکان، جینۆساید و کوشتوبڕ، کۆچپێکردن و زیندانکردن و ئاوارەکردن، ئێستا ئەو دەوڵەتە ئاشتیی قبوڵ بکا.
بەڵام ئەوە دەوڵەت نییە ئاشتی قبوڵ دەکات، ئەوە ئەو خەباتەیە ئاشتی فەرز کرد بەسەر دەوڵەتدا، کاتێک پەکەکە دەستی بە خەبات کرد، قسەکردن بە زمانی کوردیی قەدەغە بوو، ئێستا لە سایەی ئەو خەباتەدا، باوەڕ و دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەپاڵ ئازادیی بۆ کورد ڕۆحی خەباتەکەیە.
کورد و تورک، یا کورد و عەرەب، یان کورد و فارس، یان عەرەب و جوو، کۆی ئەو گەل و خەڵکانەی ململانێ لەنێوانیاندا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لە پێکەوەژیان و ئاشتی، هیچ ڕێگاچارەیەکی تریان نییە.
ئەگەر ئەو ئاشتییەش شکستبێنێ، کە من گەشبینم و پێموایە سەرکەوتوو دەبێ، پەکەکە ٥٠ساڵی تریش خەبات بکا و دەوڵەتی تورکیش ١٠٠ ساڵی تر کورد بچەوسێنێتەوە، هێشتاش دواجار هەر ئاشتی تەنها ڕێگاچارەیە.
ئاشتی پڕۆسەیەکی درێژە، خەباتی پەکەکە و ئازادیخوازان لە ئەمڕۆ بەولاوە قورستر دەبێت، ئاشتیی بەردەوامیدانی شەڕی گەریلایییە بە میکانیزمی ناتوندوتیژیی، دەبێ پەکەکە و دۆستانی پەکەکە بە ڕۆحییەت و ئەخلاقی گەریلایییانە لە قۆناغی ئاشتیی و دوای ئاشتیی بەردەوام بن، هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەکرێ، چونکە بەڕاستی تەنها ئەوانە دەتوانن لە ئاشتییدا کۆتر بن کە لە شەڕدا هەڵۆ بوون!.
ڤ.م
ئەم وتارە ڕاو بۆچوونی تایبەتی نووسەر خۆیەتی
Comments are closed.