ناوەندی هەواڵەکان
چیرۆکی ڕەزا ئاڵتون، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ژیانێک بوو کە لەسەر کۆڵانانەکانی توزلوچایرەوە دەستی پێکرد، لە چیا بەرزەکانی کوردستان بە تێکۆشانێکی قارەمانانە تاجی لەسەرنا، چیرۆکی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕەزا ئاڵتون.
چیرۆکی گەنجێکی کوردە کە لە گوندێکی هەژارەوە سەری هەڵداوە و کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕانەی پەرەپێداوە، لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی کوچوکسۆبەچمین لە ناوچەی سارزی قەیسەری دەستی پێکردووە، چیرۆکی ژیانێکی پڕ لە دەربەدەری، سەختی، بەرخۆدان و قارەمانێتی ئازادییە.
ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی کوچوکسۆبەچمین لە ناوچەی سارزی قەیسەری لە خانەوادەیەکی کوردی عەلەوی لەدایک بووە، گوندی کوچوکسۆبەچمین شوێنێکه کە کوردان تێیدا لە سەردەمی عوسمانییەوە لەژێر سێبەری هەژاری و مەینەتیدا ژیاون، منداڵی ڕەزا ئاڵتون لەسەر ڕێگا و زەوییە بەردینەکانی ئەم گوندە دەرباز دەبێت، باوکی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە ئەنقەرە کردووە و خێزانەکەی بەجێهێشتووە، ڕەزا ئاڵتون تا تەمەنی شەش ساڵی لەگەڵ ژیانی سەخست و بەڵام سادەی گوندا ژیاوە.
لە سەرەتای شەستەکاندا بنەماڵەی ڕەزا ئاڵتون ڕوویان لە ئەنقەرە کردووە، ناونیشانی نوێیان گەڕەکی توزلوچایری ماماک بوو، ئەم ناوچەیە کە وەک جێگایەک بوو بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتی، بەڵام بنەماڵەی ڕەزا ئاڵتون وەک “کەسانێکی بیانی” کە لە گوندەوە هاتوون، بە گەرمی پێشوازییان لێ نەکرا، جلوبەرگی کوردی دایکە خەدیجە و قسەی کوردی بنەماڵەکە بوو بە بابەتی گاڵتەجاڕی لە گەڕەکەکەدا و منداڵان بەردیان بۆ ماڵەکەیان هەڵدەدا، بێڕێزی بەشێک بوو لە ژیانی ڕۆژانەیان، بەڵام توزلوچایر گۆڕا بۆ قوتابخانەیەک کە ڕەزا ئاڵتون تیایدا هەم فێری ئازار و هەمیش بەرخۆدانبوو.
هۆشیاربوونەوەی شۆڕشگێڕانە
ڕەزا ئاڵتون دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، بۆیە لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستی بە تێکۆشان کرد، کاری ڕۆژانە و فرۆشتنی شت لە کۆڵانەکاندا بۆ ئەو ژیان ڕۆژێکی درێژ و پڕ ماندوو بوون بوو، بەڵام ساڵانی ١٩٧٠ توزلوچایریان گۆڕی بۆ ناوەندێکی شۆڕش، تەنانەت لە ژێر سێبەری ستەمکارانەی کودەتای ١٢ـی ئاداری ١٩٧١ـدا، بای چەپگەرایی بەناو گەڕەکەکەدا تێدەپەڕی، ئازایەتی ماهیر چایان و ڕۆحی سەرهەڵدانی دەنیز گزمیش لەسەر دەمی گەنجان بوو، توزلوچایر بوو بە کۆشکێک کە نەک تەنها بۆ ڕەزا ئاڵتون، بەڵکو بۆ نەوەیەکی نوێش هۆشیاری شۆڕشگێڕانەی پێشخست.
ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی ١٩٧٣ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا وەکو سەمپاتیزانێیTHKO (سوپای ڕزگاریخوازی گەلی تورکیا) پەیوەندی بە کۆمەڵە چەپەکانەوە کرد لە توزلوچایر و ماڵتەپە، ئەم کۆمەڵەیە بۆ ئەو وەک قوتابخانەیەک بوو، لێرەدا فێری فکری یەکسانیی و ئازادیی و تێکۆشان بوو، خۆی سەبارەت بەو ڕۆژانە دەڵێت: “من هەرگیز کۆمەڵەکەم بەجێنەهێشت”، شەقامەکانی توزلوچایر ئیتر تەنیا گەڕەکێک نەبوون، بەڵکو گۆڕەپانێک بوون کە شۆڕشی تێدا دەکرا.
ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی ڕەزا ئاڵتون لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ یەکدەگرێت
ساڵی ١٩٧٥ خاڵی وەرچەرخان بوو لە ژیانی ڕەزا ئاڵتوندا، لە توزلوچایر چاوی بە کەمال پیر کەوت، کەمال پیر کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆی، ئەو خانووە سادەیەی کەمال پیر لە گەڕەکەکەدا بە کرێی گرتبوو، ناوەندێکی شۆڕشگێڕیبوو کە گەنجان تیایدا کۆدەبوونەوە، ڕەزا ئاڵتون بوو بە یەکێک لە میوانەکانی ئەم ماڵە و تیادا گفتوگۆ، پیلان و خەیاڵەکان کۆدەبوونەوە.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٦ـدا ڕەزا ئاڵتون، شۆڕشگێڕ حەقی قەراری ناسی، حەقی قەرار بردییە ئەو ماڵێک لە گەڕەکی عەنتابی ئەنقەرە کە ئاپۆییەکان تێیدا بەڕێکخستن دەبوون، ئەو کەسەی لە میوانداریی ڕەزا ئاڵتونی دەکرد و سەبارەت بە تێکۆشان قسەیان کرد پێشتر ڕەزا ئاڵتون هیچ کاتێک ڕێبەر ئاپۆی نەدیبوو، ئاڵتون بەو ڕامانانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد، هەڵوێست و دڵسۆزییەکەی بۆ تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد زۆر کاریگەر بوو، ئەم کۆبوونەوەیە ڕێگەی پێدا ناسنامەی ئاپۆی خۆی بە تەواوی قبوڵ بکات، ئیتر گەنجێکی کرێکاری سەر شەقامەکانی توزلوچایر نەبوو، بەڵکو جەنگاوەرێکی ماندوونەناس بوو کە بە زانابوون تێکۆشانێک کە لە ژیانی خۆیدا ڕەنگی دایەوە و بۆ ڕزگاری گەلی کورد شەڕی کرد.
ڕەزا ئاڵتون لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو، لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ ڕووی لە دیلۆک کرد، لە دوای توزلوچایر بۆ ڕەزا ئاڵتون ئەمە دنیایەکی نوێ بوو، چونکە لێرەدا ڕەزا ئاڵتون ئاشنای واقیعی جەرگبڕی کوردستان بوو، خانوویەکی کاتی لە گەڕەکی یوکاری بەیرە لە دیلۆک لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامی ئاپۆ بەکرێ گرت، کێشەی داراییان زۆربوو، بە سەختی بژێوی ژیانیان دابین دەکرد و هەندێکجار تەنانەت خواردنیشیان نەدەدۆزییەوە بۆ خواردن، بەڵام باوەڕی و دڵسۆزیی بەجۆشیان بۆ گەل و بەها ئەخلاقییەکانی شۆڕشگێڕی ئەوانی لەسەر پێ هێشتەوە، ڕەزا ئاڵتون هەمیشە لە پێشەنگی چالاکییەکاندا بوو لە دژی بینا، بنکە و سیخووڕەکانی فاشیست.
لەکاتی هاتوچۆی نێوان ئەنقەرە و دیلوکدا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و بۆ ماوەی ساڵێک نەیدەتوانی ڕێ بکات، ئەم ڕووداوە ئەوی خستە ناو ڕاداری هێزە ئەمنییەکان، شەهیدبوونی حەقی قەرار لە ساڵی ١٩٧٧ کاریگەریی زۆری لەسەر ڕەزا ئاڵتون هەبوو، گەڕایەوە بۆ دیلۆک و لە هاوڕێ نزیکەکانی گرووپێکی چالاکیی پێکهێنا، ئێتر بنکە، شوێنی فاشیستان و هاوکارەکانیانی بە ئامانج دەگرت.
ئاڵتون دەچێتە جورنە ڕەش و لەوێ بەشداریی لە بەرخۆدان دژی هێزە فیۆداڵییەکانی وەک سلێمان و بوجاکەکان دەکات، لای ئەو ئەو جێگایە نەک تەنها گۆڕەپانێکی تێکۆشان بوو، بەڵکو شوێنێک بوو کە ڕۆحی ئازادیی کوردستان هەناسەی لێ دەدا.
١٣ ساڵ لە زینداندا؛ ئەشکەنجە و بەرخۆدان
لە ساڵی ١٩٧٨ـدا لە حیلوان دەستبەسەر کرا، بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر ئەشکەنجەی تونددا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ ئازارەکانی ڕەزا ئاڵتونی گەورەتر کرد، لە زیندانی ئامەد بووە ئامانجی ئەشکەنجەدانی سیستەماتیک، پێنج ساڵ لە ژوورە تاریکەکانی ئامەد مایەوە، هەرچەندە کاتەکانی لە زینداندا لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانەدا بەسەر دەبرد، بەڵام ڕەزا ئاڵتون بە بەرخۆدانەکەی بوو بە یەکێک لەو ناوانەی کە سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕاکێشا، پاشان بە گشتیی ١٣ ساڵ لە زیندانەکانی ئەدەنە، مێرسین، سینۆپ، ئەسکیشەهر و عانتاب مایەوە.
سیاسەتەکانی زیندانی فاشیزم نەیتوانی ئیرادە، باوەڕی، دڵسۆزی و خۆشەویستی ڕەزا ئاڵتون بۆ گەل بشکێنێت، بەشداری لە مانگرتن لە خواردنی ساڵی ١٩٨١ و ڕۆژووی مردنی ساڵی ١٩٨٢ـدا کرد، لە هەموو ژوور و خانەیەکدا بوو بە هێمای بەرخۆدان، کاتێک لە ساڵی ١٩٩١ ئازاد کرا، جەستەی ماندوو بوو بەڵام ڕۆحی بەهێز بوو، بۆ ئەو زیندانەکان تەنیا شوێنی دیل نەبوون، بەڵکو شوێنگەلێک بوون کە ئیرادەی شەڕکردنیان بەهێزتر دەکرد.
دیدارێکی تر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە شاخ
هەر دوای ئازادکردنی، ڕەزا ئاڵتون دەچێتە ئەو چیایانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لێی دەمێنێتەوە، لە ماوەی مانەوەی لەوێ ئەو گۆڕانکارییانە دەبینێت کە لە ماوەی ١٣ ساڵدا پەکەکە بەسەریدا هاتووە، ئاپۆیزم ئیتر تەنیا کۆمەڵێک چەکدار نەبوون، بەڵکو بووەتە تەڤگەرێکی بەرفراوان و جەماوەری، ڕەزا ئاڵتون بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بەشداری چالاکیی دیپلۆماسی کرد، بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە مێژووییەکەی ساڵی ١٩٩٣ـی کرد کە پەکەکە ئاگربەستی تیادا ڕاگەیاند، ساڵی ١٩٩٤ بووە بە نوێنەری پەکەکە لە ئێران و لە هەمان کاتدا وەک گەریلایەکی ئارگەکە (ئارتەشی ڕزگاریی گەلی کوردستان) لە شاخ شەڕی کرد.
ئەورووپا و جارێکی تر گەڕانەوە بۆ چیا ئازادەکان
ڕەزا ئاڵتون لە ساڵی ١٩٩٩ ڕووی لە ئەورووپا کرد، بۆ ماوەی حەوت ساڵ کاری دیپلۆماسی و سیاسی لەناو ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا بەڕێوەدەبات، بۆ ماوەیەکی کورت لە فەرەنسا دەستبەسەر کرا، بەڵام پاریس بۆ ئەو ماڵێکی کاتی بوو، ساڵی ٢٠٠٧ گەڕایەوە بۆ چیا ئازادەکانی کوردستان و وەک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەرکی سەربازیی، سیاسی و ئایدیۆلۆژیی لە ئەستۆ گرت، تا دوا ساتی ژیانی لەم ئەرکەدا مایەوە.
میراتەکەی؛ بڵێسەی ئاگری ئازادیی بۆ گەلێک
ژیانی ڕەزا ئاڵتون داستانێکە کە لە شەقامە بەردەکانی توزلوچایرەوە تا چیا بەرزەکانی کوردستان درێژ دەبێتەوە، ئەو تەنیا شۆڕشگێڕێک نەبوو، بەڵکو سیمبولێکی زیندوو بوو بۆ گەڕانی گەلێک بەدوای ئازادیدا، سەفەرەکەی کە وەک گەنجێکی کوردی دەربەدەر لە توزلوچایرەوە دەستی پێکرد، لە تاریکی زیندانەکاندا تاقیکرایەوە و لە ڕۆحی ئازادیی شاخدا، تێکەڵ بە فکری ڕێبەر ئاپۆ ببوو کۆتایی هات، ڕەزا ئاڵتون چی وەک سەربازێک و چی وەک پێشەنگێکی بوێری تیکۆشانی کورد، ڕێگایەکی ناوازە و لەبیرنەکراوی لە دوای خۆی بەجێهێشت.
چیرۆکەکەی لە توزلوچایرەوە دەستی پێکرد، بەڵام میراتەکەی لە هەموو گۆشەیەکی کوردستاندا، لە هەموو ئەو دڵانەی کە بۆ ئازادیی خەبات دەکەن، دەژی.
ب. ق
Comments are closed.