کۆنگرەکانی پەکەکە؛ لە یەکەمەوە تا ١٢ـیەمین

ناوەندی هەواڵەکان

لە کۆنگرەی یەکەمی ١٩٧٨ ـەوە تا کۆنگرەی ١٢ ـەیەم لە ٢٠٢٥، پەکەکە تێکۆشانێكی بێوچانی ئازادیی گەلی کورد و کوردستانی لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا کرد و زیاتر لە ٥٠ ساڵ درێژەی پێدا، ئەمڕۆ پەکەکە دەکەوێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی.

دوای شەهیدبوونی حەقی قەرار، یەکێک لە کادرە پێشەنگەکان، پەکەکە بڕیاری بە پارتی بووندا و لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیس لە ناوچەی لیجەی سەربە ئامەد، بە بەشداری گرووپێكی بچووک کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەست و پەکەکە بە فەرمی ڕاگەیاندرا، لەو ڕۆژەوە تاکو ئەمڕۆ، پەکەکە لەسەر بنەمای گۆڕانکاریی و وەرچەرخانەکان، سەرلەنوێ خۆی ڕێکخستەوە و زیاتر لە ٥٠ ساڵە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەکات.

کۆنگرەی یەکەم و دامەزراندنی پەکەکە

پەکەکە لە کاتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٧٨، کۆنگرەکانی وەک ڕێگایەکی بنەڕەتی هەڵسەنگاندن و پێشکەوتنی نوێ تەماشا کردووە و لەسەر ئەو بنەمایە سەرلەنوێ خۆی ڕێکخستووەتەوە، لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی کوردستاندا، ئەم کۆنگرانە لە پێشکەوتنە سیاسەتەکان، پێشنیارکردنی بیرۆکەکان و دامەزراندنەوەی ڕێکخراوەکە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٦ و ٢٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی ناوچەی لیجەی سەربە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان، کۆنگرەی دامەزرێنەری ڕاگەیاند، لەو کۆنگرەیەدا کە لە ٢٥ نوێنەر پێکهاتبوو، ٢٢ کەس بەشداربوون کە دوویان ژن بوون، ئەمەش نیشانی دەدات کە لە هەنگاوی یەکەمەوە شوێنی ژن لە بواری دامەزراندن، سیاسی، سەربازی و هەموو بوارەکاندا کراوە بووە.

کۆنگرەی دووەم

لە ٢٠ تا ٢٥ـی ئابی ١٩٨٢، پەکەکە کۆنگرەی دووەمی خۆی لە کامپێکی بەرەی گەلی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە باشووری سووریا بەست، لەو کۆنگرەیەدا بەڵگەنامە ستراتیژییەکان کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئامادەکرابوون پەسەند کران.

کۆنگرەی سێیەم

کۆنگرەی سێیەم لە نێوان ٢٥ تا ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ لە لوبنان بەسترا، لەو کۆنگرەیەدا سوپای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان (ئارگەکە) دامەزرا و “ڕێبازی ڕێبەرێتی” و ڕێکخستنکردنی چینی کرێکار، ژنان و گەنجان پێشخرا و ئامانجی سەرەکی کۆنگرەکە بوو.

کۆنگرەی چوارەم

کۆنگرەی چوارەمی پەکەکە لە نێوان ٢٦ تا ٣١ـی کانوونی یەکەمی ١٩٩٠ لە باشووری کوردستان لە ناوچەی حەفتانین بەسترا، لە کۆنگرەکەدا جەخت لەسەر فراوانکردنی هێزەکانی گەریلا و درووستکردنی ناوچە سوورەکانی ژێر کاریگەری پەکەکە کرایەوە.

کۆنگرەی پێنجەم

کۆنگرەی پێنجەمی پەکەکە لە ٨ تا ٢٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ بەسترا، ئەمە یەکەم کۆنگرە بوو کە دوای ڕووخانی سیستەمی سۆسیالیستی لە جیهاندا بەسترا و کۆنگرەکە گۆڕانکاری گەورەی ئایدیۆلۆژی و سیاسی بەخۆوە بینی، ڕێبەر ئاپۆ بەڵگەنامەیەکی بەرفراوانی پێشکەش کرد کە تێیدا شیکردنەوەی قووڵ و بانگەشەی نوێکردنەوەی بەرنامەی سیاسی و سەربازی هەبوو.

کۆنگرەی شەشەم

دوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی کە لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دژی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، کۆنگرەی شەشەمی پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٩ لە باشووری کوردستان لە هەرێمی خنێرە بەسترا، پەکەکە لە ڕێگەی کۆنگرەکەوە هەوڵیدا کاردانەوەکانی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی چارەسەر بکات و بڕیاریدا دژی ئەوە تێکۆشان بکات و بڕیاری بەهێزکردنی بەرخۆدانی دا.

کۆنگرەی حەوتەم

کۆنگرەی حەوتەمی نائاسایی پەکەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە دۆڵەکۆکی قەندیل بەسترا، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری سەرلەنوێ دامەزراندنەوە لەسەر بنەمای تێکۆشان درا، ناوی سوپای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان (ئارگەکە) کرابە “هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)”.

کۆنگرەی هەشتەم

کۆنگرەی هەشتەمی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ناوچەی شەهید هاروونی قەندیل بەسترا، لە کۆنگرەکەدا هەوڵدانەکانی فەرهاد (عوسمان ئۆجالان) بۆ پاکتاوکاری دەرکەوتن، کە ویستبووی ڕۆڵی کادرە فیداکار و بە ئەزموونەکان کەم بکاتەوە، کۆنگرەکە لە بارودۆخێکی وەهادا بەسترا.

کۆنگرەی نۆیەم

لە نیسانی ٢٠٠٥ پەکەکە کۆنگرەی نۆیەمی خۆی لە هەرێمی خنێرە بەست، لە کۆنگرەکەدا بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی پارتی هەڵبژێردرا، هەروەها لە کۆنگرەکەدا “ئەنجوومەنی پارتی” دامەزرا و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی پەسەند کرا.

کۆنگرەی دەیەم

لە ئابی ساڵی ٢٠٠٨ لە قەندیل کۆنگرەی دەیەمی پەکەکە بەسترا، لە جیاتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، سیستەمی دەستەی بەڕێوەبەریی دامەزرا، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆدا بکرێت.

کۆنگرەی یازدەیەم

لە ئەیلوولی ٢٠١٣، یانزەمین کۆنگرەی پەکەکە دیسان لە خنێرە بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا بەرنامە و پەیڕەو لەسەر کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ “مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک” و “پاراستنی گەل” پەسەند کران.

کۆنگرەی دوانزەیەم

لە کۆتاییدا دوای پڕۆسەیەک کە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد و دوای چەندین دانووستانی دوور و درێژ، جارێکی دیکە بەستنی کۆنگرەی پەکەکە بوو بە ڕۆژەڤێکی سەرەکی.

ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووباتی ساڵی ٢٠٢٥ بە بانگەوازی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات، لەم چوارچێوەیەدا پەکەکە سەرەتا لە ١ـی ئادار بڕیاری ئاگربەستی دا و پاشان لە نێوان ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ کۆنگرەی ١٢ـەمی خۆی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ناوچەی جیاوازی هاوتەریب بە یەکدی بە بەشداریی ٢٣٢ نوێنەر بەست.

دەستپێکێکی نوێ

پەکەکە دوای ئەوەی ڕایگەیاند، کۆنگرەی خۆی بەستووە، لە ١٢ـی ئایار دەرئەنجامی کۆنگرەکەی بۆ ڕای گشتیی جیهان بڵاوکردەوە، لە کۆنگرەی ١٢ـەمی نائاسایی پەکەکەدا بڕیار درا کە “بۆ ئەوەی پڕۆسەی پراکتیکی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوەببرێت و ئەنجام بدرێت، پێکهاتەی ڕێکخستنی پەکەکە هەڵدەوەشێندرێتەوە.

هەروەها پەکەکە لە کۆنگرەکەیدا داوای لە هەموو کەسێکی کرد، خاوەندارێتی لەم پڕۆسەیە بکات و بۆ چارەسەرییەکی هەمیشەیی ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات.

دەوڵەت چی دەکات؟

لە بارودۆخێکی وەهادا چاوی هەموو کەسێک لەسەر دەوڵەتی تورکیا و حکومەتەکەیەتی، ئایا لەم ساتەوەختەوە دەوڵەت چی دەکات؟ چۆن هەنگاوێک دەنێت؟

ب. جـ

Comments are closed.