“پەکەکە بڕیارێک نادات لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نەبێت و ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە”

قەڵادزێ

عەلی قادر چالاکوان لە ڕاپەڕین دەڵێت: لە ئێستادا ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە لەسەر پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالان بوون جێبەجێ کراون و ئیتر دەبێت دەوڵەتی تورک هەنگاوی کردەیی بنێت، دەشڵێت: پەکەکە هەمیشە لە خۆ نوێکردنەوەدایە، بڕیارێک نادات لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە.

عەلی قادر چالاکوان لە دەڤەری ڕاپەڕین، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بە ئەنجامی كۆنگرەی ١٢ـەمینی پەكەكە و چەندین پرسی دیکەی گرنگ پەیوەست بەو پرۆسەیەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە وەڵام دەداتەوە.

ڕۆژنیوز: خوێندنەوەتان چییە بۆ کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە؟

عەلی قادر: “لە دوای ٤٧ ساڵ لە خەباتی چەکداری ئامانجەکەیان پێکا و لەسەر بانگەوازی پەیامی سەدە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیان دا، ئەوە هەنگاوێکی مێژوویی گرنگە بۆ گەلی کورد و نیشاندەری ئەوەیە خەبات و تێکۆشانی ٥١ ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە ئەنجام، ئەمڕۆش کە دەوڵەتی تورک هاتووەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە ناچار کراوە، کە ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ خودی پەکەکە و ئازادییخوازان.”

ڕۆژنیوز: زیاتر لە نیو سەدەیە پەکەکە خەبات و تێکۆشان دەکات لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدی بەخشیوە، لەم نێوەندەدا کوردی لە نەبوونەوە هێنایە بوون، ئێستا ئەرکی کێیە ئەم قۆناغە درێژە پێبدات؟

عەلی قادر: “لە پەیامی سەدەدا کۆمەڵێک خاڵ هەبوون کە یەکێک لەوانە بە یاساییکردنە، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک مادەیەکی دەستووری دەکرد بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و قەڵاچۆکردنی، ئیتر لە ژێر هەر ناوێکدابێت بەزۆری بۆ پەکەکە بوو و یەکێک بوو لە بڕیارە قورسەکان کە بەسەر گەلی کورددا سەپێندرا، ئێستاش بە هەزاران کەس لە زیندانەکانی تورکیادان.

ئەوە ڕاستە کە ئێستا پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە، ئەوەش بەو مانایە نایەت کە تەواو ئیتر لە خەبات و تێکۆشان دەکەوێت، بەڵکو ئەو خاڵەی پەیامی سەدەیە کە دەڵێت بە یاساییکردنی پرۆسەی ئاشتی و مافی گەلی کورد، کە ئەوەش دەبێت لە ناو پەرلەمانی تورکیادا دەستوور بگۆڕیت و تورکیا هەڵبووەشێتەوە و جارێکیتر دەستوور بنووسرێتەوە و مافەکانی کوردی تێدا دیاری بکرێت، هەروەها دەبێت تورکیاش هەنگاو بنێت بەرەو تورکیایەکی دیموکراتیک.”

ڕۆژنیوز: پەکەکە ئەرکی خۆی بەجێهێنا و بڕیاری وەستاندنی تێکۆشانی ڕێبازی چەکداری داوە، ئێستا ئەرکی دەوڵەتی تورکیا چی دەبێت؟

عەلی قادر: “ئیتر ئەرکی تورکیایە ئەم پرۆسەیە بە یاسایی بکات، لە پەرلەمانی تورکیادا لەگەڵ دەم پارتی کار بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و سەرلەنوێ دانانەوەی، زەمینەسازی بکرێت بۆ بە یاساییکردنی پەکەکە و ئەو خەباتەی کە چەندین ساڵە پەکەکە تێکۆشانی بۆ کردووە بۆ کەمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکسان، هەروەها هەنگاو بنرێت بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو زیندانییانی سیاسی.”

ڕۆژنیوز: ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ئێستادا چەندە گرنگە بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات؟

عەلی قادر: “دەوڵەتی تورک لە ١٥ـی شووباتدا کە پیلانگێڕی نيودەوڵەتی ئەنجامدا، بەو ئامانجە بوو کە پەکەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام پەکەکە هەمیشە لە خۆ نوێکردنەوەدایە، لەسەر بڕیاری ڕێبەر ئۆجالان بەردەوامی داوە بە خەبات و تێکۆشانی تا ئەمڕۆ کە تورکیای ناچار کردوە بێتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە.

ڕێبەر ئۆجالان دڵنیایە لەوە کە دەتوانێت کە کەشێک بۆ تورکیا لە ڕووی سیاسی و دیموکراسییەوە درووست بکات و پرۆسەیەک پێشبخات کە ئەمڕۆ جیهان داوای دەکات، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان نەک تەنها گرنگە بەڵکو زەرورەتێکە، کە یەکێکە لە مەرجەکانی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ ئەوەی خۆی سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە بکات و بیگەیەنێتە ئەنجام.”

ڕۆژنیوز: ئەرکی گەل چی دەبێت؟ چۆن دەتوانن تەواوکاری هەنگاوەکانی پرۆسەکەبن؟

عەلی قادر: “ئەوەی کە ئەمڕۆ پێویستە بکرێت ئەوەیە کە گەل پشتیوانی لەو پرۆسەیە بکات، لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەڵوێستی دەوڵەتی تورکمان لە بەرامبەر کوردا بینیوە، بۆیە ئیتر ئەرکی گەلی کوردە پشتیوانی لە بڕیارەکانی ١٢ـەمین کۆنگرەی پەکەکە بکات و هانی سەرکەوتنی بدرێت.”

ڕۆژنیوز: بە دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد بەم هەنگاوەی پەکەکە دەتوانێت چی بەدەست بهێنێت؟

عەلی قادر: “هەر لە بنەڕەتدا دیاربوو پەیامی سەدە پەیامی سەرکەوتن بوو، بۆیە دەبێتە سەدەی تێکۆشان و سەرکەوتنی گەلی کورد، ئەوە ڕاستییە تاکو کێشەی کورد لە باکووری کوردستان چارەسەر نەکرێت کورد لە پارچەکانی دیکە پێش ناکەوێت، چونکە لە باکووری کوردستان بڕیاری پارچە کردنی دراوە، چۆن پەیامی سەدە پەیامی سەرکەوتنە و بەدڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیەش سەرکەوتوو دەبێت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ گەلی کورد، بەرەو سەرکەوتنێکی یەکجارەکی کە سەدان ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات دەچێت.”

ڕۆژنیوز: لە ئەگەری هەر پێشهاتێک کێ بەرپرسیاری تێکدانی پرۆسەی ئاشتی دەبێت؟

عەلی قادر: “پرۆسەی ئاشتی تەنها لە بەینی پەکەکە و تورکیادا نییە، بەڵکو زلهێزانی جیهان، حزبەکانی باشووری کوردستان و عێراق بەشدارن لەو پرۆسەیەدا، ئەگەر هەر هەنگاوێکی نەخوازراو لەلایەن تورکیاوە بەرامبەر ئەو پرۆسەیە بنرێت، ئەوا تورکیا بەرپرسیارە، چونکە ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە لەسەر پەکەکە و ڕێبەر ئۆجالان بوون جێبەجێ کراون.”

ڕۆژنیوز: پەیامی ئێوە لەسەر کۆی گشتی پرۆسەکە چییە؟

عەلی قادر: “لەسەر کۆی پرۆسەکە پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان، کۆمەڵگەی ئازادییخواز و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دەکەم، دواکارم کە پێش ڕووداوەکان نەکەوین و بە دڵنیاییەوە پەکەکە بڕیارێک نادات لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نەبێت، بەدڵنیایەوە ئەنجامەکەشی سەرکەوتنە.

ب. جـ

Comments are closed.